کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ناڕوونی لایحەی دەستەبەری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیی ژنان

00:50 - 16 گەلاوێژ 2718

پشتیوانی و پاراستنی حقوقی مادی و مەعنەویی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگه‌ یەکێک لە ئەرکە هەر سه‌ره‌کییه‌کانی حوکمڕانی و سیستمی بەڕێوبەریی هەر وڵاتێکه‌، کە لایەنی هەرە بەرچاوی سیستیمی سەربەخۆی عەداڵەتخوازییە کە بنەما و بنچینەی بنه‌ڕه‌تیی ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و ئەمنیەت بۆ تاکی کۆمەڵگه‌ پێک دێنێ. پێکهاتەی کۆمەڵگه‌ بە ژن و پیاویەوە، کاتێک دەتوانن تەواو وزەی کاری و فکریی خۆی بۆ بەرەوپیشچوونی کۆمەڵگه‌کەی وەگەر بخا کە ئەمنیەتی تەواوی هه‌بێ و هەست بە نائەمنیی ڕووحی و جەستەیی نەکا. بە گشتی دەبینین که‌ لە سەدەی ٢١دا ئەم ئەمنیەتە بە گشتی بۆ کۆمەڵگه‌ و بە تایبەتی بۆ ژنان لە زۆر لە وڵاتەکانی جیهان نەک هەر بە تەواوی دەستەبەر نەکراوە بەڵکوو تا ڕادەیەکیش ڕوو بە گەڕانەوە بۆ داب و نەریتی دەستوپێگیر بووه‌ته‌وه‌، کە زیاتر ژنانی بۆ سه‌رده‌می کۆیله‌داری به‌ڵام له‌شێوه‌ی مۆدێرنی گه‌ڕاندۆتەوە. ژنان که‌ نیوەی کۆمەڵگه‌ن و ‌هاوکات ئەرکی پەروەردە و بارهێنانی نێوەی دیکەی کۆمەڵگه‌یان لە ئەستۆیە، دەبێ لە هەموو بارێکەوە جێگای پشتیوانی و ئاگا لێبوون بن، چونکە کەسێک لە کۆمەڵگه‌دا ئەرکێکی قورسی ئاوای لەسه‌ر شان بێت، دەبێ کەمترین کێشه‌ و دڵه‌رواکێی هەبێ بۆ ئەوەی نەوەیەکی سالم بۆ کۆمەڵگه‌ په‌روه‌رده‌ بکا. لە نەبوونی ئەم ئه‌منییه‌ت و پشتیوانییەشدا یەکەم ژنان خۆیان تێدا ده‌چن و پاشان زه‌برێکی گەورە کە ڕەنگبێ کتوپڕ بەرچاو نەکەوێ، له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و خێزانه‌کان ده‌درێ؛ چاره‌نووسێک کە چەندین ساڵە بەرۆکی وڵاتی ئێرانی گرتووه‌. له‌ ئێستادا له‌ مه‌جلیسی ڕێژیمدا ڕەشنووسێك لەسەر دابینبوونی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیی ژنان لە ئێران هاتووه‌ته‌ بەر باس که‌ مێژووه‌که‌ی بۆ کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ساڵانێکه‌ دەستاودەستی پێ ده‌کرێ و جێگا و شوێن و چارەنووسی وەک حکومەتە سەر لێشێواوەکەی ئێران ناڕوونه‌. ئه‌و پێشنووسه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌وه‌پێش و بۆ جارێکی دی لە مەجلیس هاتەوه‌ بەرباس، دوای پێداچوونەوە، لێکدانەوە و دەستێوەردانێکی زۆر لە ڕوانگە جیاوازەکانی حقووقی، مەزهەبی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ پێداچوونەوەی زیاتر بۆ ده‌زگای قه‌زایی نێردراوه‌ و دوای زیاتر لە ٦ مانگ چاوەڕوانی ئێستاش ئەم ڕەشنووسە نەگەڕاوەتەوە بۆ مەجلیس هه‌تا دواقۆناغی په‌سندکردنی بپێوێ. ئەوەی کە ئەم لایحەیە باسی چ دەکا و چەند ماددەیە و چەندی تا ئێستا لەلایەن ده‌زگای قه‌زایی ڕەت کراوەتەوە و هۆکار چ بوون، باسی ئه‌م نووسینه‌ نییە، بەڵام باسی گنخاندن و جۆری ڕوانگه‌ی سیستم بۆ ئه‌م جۆره‌ پرسانه دەتوانێ بەرچاوڕوونیی زیاترمان لە نێوه‌رۆک و بنه‌ما هزرییه‌کانی ئه‌م ڕێژیمه‌ پێ بدا. لایحەی ئەمنیەتی ژنان لە ئێران بۆچی دوای 4 ده‌یه‌ لە تێپەڕبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دیتە بەرباس؟ ئایا لە پێناو به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌کانی دەوڵەتی تەدبیری ڕووحانییه‌ یان وه‌ک هیندێک لە دژبه‌رانی ئەم لایحەیە باسی ده‌که‌ن بۆ نیزیکبوونەوە لە دنیای ڕۆژاوا و خۆنواندنە؟ یان بەڕاست حاکمییه‌ت هەستی بەم بۆشاییە گەورەیە، واتە نەبوونی ئەمنیەت بۆ ژنان لە ئێراندا کردووە؟ ده‌کرێ له‌ وه‌ڵامدا بڵێین هەرسێک هۆکار دەتوانن ڕۆڵیان هەبێ: یەکەم ئەوەی ئەو شکستانەی دەوڵەتی ڕووحانی لە دوو دەورە ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا تووشی بووە، ڕه‌نگبێ ئه‌وی هیوادار به‌وه‌ کردبێ که‌ بتوانێ لانی کەم دەنگی ژنان و جێگه‌ی و پێگه‌ی لەنێو کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ دەستەبەر بکاته‌وه‌. دووهەم ئەوەی کە لەنێو نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بۆ هەمووان ئاشكرایە کە هەر لایەنە ئەوی دیکە بە خەتابار لە کەمایه‌سی و لاوازییەکانی بەڕێوبەریی لە نێوخۆ و بگرە سیاسەتی دەرەوەش دەزانن و لە هێنانەبەرباسی هەر بابه‌تێکدا ئەوانە به‌ ئاشکراکردنی نهێنییه‌کانی یەکتر دەست دەکەن بە نێونیتکه‌ لە یەک هەڵدان. به‌ڵام لایحه‌که؛‌ چاوخشاندنێک به‌سه‌ر بڕگه‌ و مادەکانی لایحەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ژنان لە ئێران پێمان ده‌ڵێن که‌ له‌ ئه‌گه‌ری په‌سندکران و جێبه‌جێکرانیدا _که‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌_ ئه‌وه‌ هه‌نگاوێکه‌ به‌ره‌وپێش، به‌ڵام کاتێک کە هه‌ڵوێستی زه‌هرا ئایه‌توڵلاهی، بەرپرسی شووڕای به‌رزی فەرهەنگی _کۆمەڵایەتیی ژنان ده‌بینین، باسه‌که‌ جۆرێکی تری لێ دێ. ناوبراو ئەم لایحەیه‌ بە ده‌ق وه‌رگرتنه‌وه‌‌ لە سیستمی وڵاتانی غەرب ناو ده‌با و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئوسول و پره‌نسیپی ئیسلامی و کەمدەسەڵاتکردنی پیاوان له‌ بنەماڵە و کۆمه‌ڵگه‌ی داده‌نێ؛ هاوکات بە ڕەوتی پشتیوانی و پەیرەوی کردن لە بەندی ٢ی ئامانجه‌کانی 5ی به‌ڵگه‌نامه‌ی ٢٠٣٠ ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی گرێ ده‌داته‌وه‌ که‌ باس له‌ به‌رابه‌ریی جینسی و تواناسازیی ژنان ده‌کا. لێره‌دایه‌ بۆمان دەردەکه‌وێ کە ئەگەر ئاستی بیرکردنەوەی ژنێک و تێڕوانینی بۆ هاوڕه‌گه‌زه‌کانی و خودی کۆمه‌ڵگه‌ تا ئەو ڕادەیە بەرتەسک بێ و بایه‌خه‌ دینی و مەزهەبییەکانی پێ لە ماف و ئازادی و ئەمنیەتی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی‌ پێ گرینگتر بێ، دەبێ چ کاره‌ساتێک بێ و ئیدی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کە ڕەوتی به‌دواداچوون و په‌سه‌ندکرانی ئەم لایحەیە لە خۆڕا نییە کە ئه‌وه‌نده‌ی خایاندووە و ئێستاش چارەنووسی ناڕوونه‌. لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ که‌ ئەم لایحەیە بۆ به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتووه‌، یان ڕەنگبێ باشتره‌ ئەم پرسیارە بێتە پیشکە بۆچی له‌ ئێستادا نوێنەرانی فراکسیۆنی ژنان له‌ مه‌جلیس و ڕاوێژکارانی سه‌رکۆمار له‌ بەشی کاروباری ژناندا ئەم باسانه‌ دێننەوە و ناڕازین لەوه‌ی‌ ئەم لایحەیە تا ئێستا نەدراوەتەوە مەجلیس؟ لێرەدا دەتوانین ئاماژه‌ بە چەند هۆکار بکەین: یەکەم؛ خستنه‌به‌رباس و په‌سندکردنی ئەم لایحەیە _له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی پڕۆسێسی پڕۆژه‌یاساکه‌_ بە دەسکەوتێکی باش بۆ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی مه‌جلیس و کابینەی یازدەهەمی دەوڵەت داده‌نرێ. دووهەم؛ ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ به‌رده‌وامیی بێمافی و پێشێلکرانی مافی ژنان به‌ تایبه‌ت له‌ که‌شی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئێستادا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و یاخیبوونی ژنانی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. پرسی به‌رده‌وامیی نه‌بوونی ئه‌منیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیش بۆ ژنان به‌ره‌و ته‌قینه‌وه‌ ده‌چێ و په‌ره‌ بە بێمتمانه‌یی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌دا و بناخه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ هه‌ڵده‌ته‌کێنێ و ئه‌و ته‌وژمه‌ش به‌جۆرێکی دی‌ به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه‌؛ چونکی حوکمڕانی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یەکی ڕووخاو، پر لە شکست و هه‌ژاری و نائه‌منیی کۆمه‌ڵایه‌تی و بێهوایی و بێمتمانه‌یی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ حوکمرانییه‌کی بیمانا و ناسه‌قامگیر ده‌بێ. کەواتە ئه‌و په‌له‌قاژه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی لە هەلومەرجی ئێستادا دووبەشی بۆ وه‌دەستهێنانی دەسکەوتێکە کە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ بەشیک لە خەڵکی پێ سه‌رقاڵ بکا و ئازارشکێنیکیش بێ بۆ ئه‌و هه‌مووه‌ برین و که‌لێنانه‌ی له‌ خه‌ڵکی که‌وتووه‌. بەڵام شتێکی دی کە جیگای ئاماژەیە ئەوەیە کە فەرز بکەین و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سند کرا، تۆ بڵێی له‌ بنه‌ڕه‌تدا جێبه‌جێکردن، بە مەیدانیکردنی و دەستەبەرکردنی ئەم ماددانە _کە بەشی هەرە زۆری هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا ئەگەر به‌شێکیشی جێبەجێ بێ لە ژیانی ڕۆژانەی ژناندا شوێنکاری خۆی ده‌بێ_ لەم بارودۆخه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئێستادا له‌ توانای حوکمه‌تدا بێ؟ حوکمه‌تێک که‌ له‌ کولتووری سیاسیی خۆیدا تا ئێسقان دژی ژنه‌. مێژوو سەلماندوویەتی کە ئاڵوگۆڕ له‌ به‌ستێنی فەرهەنگسازیدا پلان و کاری به‌رده‌وامی ده‌وێ. فەرهەنگسازی دەبێ لە شوێنک ڕا دەست پێ بکا و هه‌ر تەنیا په‌سندکردن قانوون ناتوانێ ده‌سته‌به‌ری هه‌موو شتێک بێ. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستای ئێراندا‌ نە سێکۆلاریسم و نە یاسا و ڕێسای دینی و نە دابونەریت و کولتووری خۆماڵی بەتەنیا ناتوانن ده‌سته‌به‌ری ئازادیی ژن و مافی یەکسانیخوازی بن. ڕوون و ئاشکرایه‌ کۆمه‌ڵگه‌یەک بە شارستانییه‌ و کولتووری به‌ره‌و مۆدێرنه‌ ده‌روا و بە پێشکەوتوو دادەنرێ کە لەسەر بنەمای جیاوازییە ڕوون و ئاشکراکانی پێ بگا. واتە جیاوازییه‌کان له‌ حه‌وزه‌ی گشتی و تایبەتیدا و له‌ڕووی سیاسی و کۆمەلایەتی، جیاوازیی سیکۆلاریزم و ئایین، ژنانە و پیاوان پێناسه‌ ده‌کرێن و ئەم سنووربه‌ندییه‌ وه‌رده‌گیرێن و ڕێزیان لێ دەگیرێ. بەڵام لە کۆمه‌ڵگه‌یەک کە ئەم سنوورانە ناناسرێن و هەموو شتێک تێکەڵ به‌ یه‌کتر ده‌کرێ، گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی و باسکردنی هیندێک شت بە تابۆ دادنرێ. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که‌ تاقمێک دەسەڵاتدار به‌ شێوه‌ی ئۆلیگارێشی به‌ڕێوه‌ی ببا و خه‌ڵکه‌که‌ی ڕێی هەناسەدانی لێ گیرابێ، نووسینی قانوون و جێبه‌جێکرانی به‌سه‌قه‌تی ناتوانێ ئاڵوگۆڕ به‌دوای خۆیدا بێنێ، هه‌تا دان بەم جیاوازییانە دانه‌ندرێ و نه‌هادینەکردنی نۆرمە تازەکان ده‌بێ لە دەرووندا، واتە لە ڕیشەی فەرهەنگدا پێک بهێندرێ. بۆیە لە هەلومەرجی ئێستادا و به‌ سه‌رنجدان به‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌ په‌سندکرانی لایحەی ئەمنیه‌تی ژنانیش _سه‌ره‌ڕای باش و له‌جێدابوونی زۆر مادده‌ و بڕگه‌کانی_ خۆی له‌ خۆیدا ناتوانێ شتێکی ئه‌وتۆ له‌و بابه‌ته‌ بگۆڕێ. ئه‌و نۆرمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ماوه‌ی 40 ساڵه‌ جێیان ده‌خا و کاریان پێ ده‌کا، هه‌روه‌ها ئه‌و بایه‌خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژن و مافه‌کانیان پێناسه‌یان بۆ ده‌کا و به‌ڕه‌سمیی ده‌ناسێ، هه‌موو ئه‌وانه‌ سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی قۆڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات کۆسپی به‌رده‌م ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ن و به‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوی ده‌یهێڵنه‌وه‌. *** لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)