کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی کۆماری ئیسلامی لەسایەی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکاندا

01:10 - 16 گەلاوێژ 2718

کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران لە درێژەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا کە لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە دەیان شاری گەورە و بچووکی وڵات دەستی پێکرد و بوو بەهۆی شڵەژانی ئێران و ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەملاوە بۆ جارێکی دیکە هاتنەوە سەرشەقامەکان و بە دانی درووشم بە دژی خامنەیی و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئەو ڕێژیمە داپڵۆسێنەرە، نیشانیان دا مکوڕن لەسەر ویست و داخوازەکانیان و گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن و ڕاودوونان، ناتوانێ بەچۆکیان دابێنێ و دەمکوتیان بکا. هەر وەک دیتمان لەو چەند مانگەدا حەرەکەتە ئێعترازییەکان ئەگەرچی تا ڕادەیەک لەگوڕو تین کەوتبوون، بەڵام ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵکی وەک ژیلەمۆی بن خۆڵەمێش مایەوە و جارناجارێک لە چەند شوێن و شارێک و بە بۆنەی جۆراوجۆر سەری هەڵدەداوە. لەو پێوەندییەدا بەردەوامیی مانگرتنی کرێکاران لە کارگە و کارخانەکان و پێداگری لەسەر ویست و داخوازە سینفییەکانیان، درێژەکێشانی خۆپێشاندانی خەڵکی مایەپووچکراوی دامودەزگا ماڵییەکانی ڕێژیم و جووڵانەوەی ئێعترازیی خوێندکاران بە دژی گیران و حوکمدرانی خوێندکارە بەندکراوانی ڕاپەڕینەکانی بەفرانبار لەلایەن دەزگای قەزاییەوە و داخرانی ئەم دواییانەی بازاڕەکان و قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان لە ئاست تمەنی ئێران کە هەتا دوازدە هەزار تمەن بۆ هەر دولارێکی ئەمریکایی ڕۆیشت و بە گشتی داتەپینی ئابووری و چوونه‌سه‌رێی بێوێنەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی، پیشاندەری ئەو ڕاستییە بوون کە ڕاپەڕینێکی دیکەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەڕێوەیە و ڕەنگە لە ڕاپەڕینی بەفرانباری ڕابردوو بەتەوژمتر و بەرفراوانتر بێ و ئەمجارە کۆماری ئیسلامی نەتوانی خۆی لێ دەرباز بکا. خەڵکی وەزاڵەهاتوو هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەو ڕێژیمە گەندەڵە لە تەواوەتیی خویدا نەک هەر ناتوانێ بەسەر قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەڕادەبەدەر کە بۆ خۆی خوڵقێنەری بوون زاڵ بێ و سنوورێک بۆ ماڵوێرانی و هەژاری و داماوی دەسکورتەکان و سەرکوت و زەبرو زەنگ و گرتنی ئازادیخوازان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه‌ دابنێ، بەڵکوو لەڕاستیدا هیچ ویست و ئیڕادەیەکیش لە نێو دەسەڵاتدا بۆ ڕزگار بوون لەو قەیرانانە نییە و ڕێژیم لێبڕاوە بۆ درێژەدانی دەسەڵاتی نگریسی خۆی لە سیاسەت و کردەوە دژی گەلییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوە بەردەوام بێ. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچکات وەک ئەو چەند مانگەی دوایی و پاش هاتنەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی «بەرجام» تووشی قەیران لە هەموو بوارەکاندا نەهاتووە. بەوحاڵەش دەبینین کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبووە گوێڕایەڵی کۆمەڵگه‌ی جیهانی لە لایەک و لەلایەکی دیکە ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلانی ئێران بێ. بەردەوامبوون لەو سیاسەتە چەوت و دژی گەلیانە بوو کە وای کرد بەر لە دەسپێکی یەکەم قۆناغی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکادا بازاری «سهام» و زێڕ و ئەرزی ئێران بشڵەژێ، نرخی دراوی ئێران بە خێرایی دابەزی و خەڵک کە متمانەیان بە بانکی ناوەندی و بەڵێنییەکانی دەوڵەت و ڕووحانی نەمابوو، ڕوویان لە کڕینی زێڕ و دراوەکان کرد. ئەوە لە حاڵێک دایە کە بەدڵنیاییەوە لە ئەگەری ملکەچنه‌بوونی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە و بەردەوامبوون لەو ڕێڕەوەی کە گرتوویەتە بەر، قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە و کۆماری ئیسلامی، داماوتر لە جاران، دەبێ بە پشتبەستن بە هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆ لەبەرانبەر تەوژمی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا ڕاگرێ. هەر لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لەبەرەبەری دەسپێکی یەکەم قۆناغی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکادا دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆمار و مایک پۆمپئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە چەند جاران باسیان لە دانیشتن و وتووێژی بێمەرج لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد. دیارە ئەو پێشنیارە هەرچەند لەلایەن ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە، بەڵام بەڕوونی دەرکەوت ئەو پێشنیارە درز و کەلێنی خستووەتە نێو ڕیزەکانی دەسەڵات و کەم نین ئەوانەی پێیان باشە بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە و لێکەوتەکانی و هەروەها بەربەرەکانی لەگەڵ ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، لەگەڵ ئەمریکا دانیشتن و وتووێژ بکەن. لەو بەینەدا مۆرەکانی بەناو چاکسازیخوازی ڕێژیم دەزانن بەردەوام بوون لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەمریکا و درێژەپێدانی سیاسەتەکانی هەتا ئێستایان، ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا بەڕەو هەڵدێر و نەمان دەبا، بەڵام ئەوانە لە ترسی ناو و ناتۆڕەی دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی و لەبەر ئەوە کە بە دەیان و سەدان جار خومەینی و خامنەیی وتووێژ و دانوستانیان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە، ناوێرن بەڕاشکاوی باس لە وتووێژ بکەن. لەبەرانبەریشدا سپای پاسداران و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا زۆر ڕاشکاوانە هەرچەشنە وتووێژ و دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت بۆ خۆنواندن و چاوسوورکردنەوە چەند جاران هەڕەشەی داخستنی ڕێڕەوی دەریایی هورموزیان کرد و مانۆڕی دەریاییان لە کەنداو و دەریای عۆماندا وەرێ خست. دیارە پێشنیاری ئەمریکا بۆ وتووێژی بێمەرج مانۆڕێکی سەرکەوتوو بوو کە لەودا وەک دەڵێن» تۆپەکەیان لە دەروازەی کۆماری ئیسلامی هاویشت». هەم خامنەیی و دەمڕاستەکانی نیزام و هەم ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی باش دەزانن ئەگەر قەرار بێ دانیشتن و وتووێژ لەنێوانیاندا هەبێ، ئەو لایەنەی دەبێ ملکەچ بێ و پاشەکشە لە سیاسەتە قەیرانخوڵقێنییه‌کانی له‌ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە نێوخۆ و لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکییەکانیدا بکا، کۆماری ئیسلامییە و ئەمریکا دەستی باڵای هەیە و هیچی نییە لەکیسی بدا. بەو حاڵەش ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک پێگەی لەرزۆکی لە نێوخۆدا بەرەو داڕمان دەڕوا، چونکە کۆمەڵانی هەژار و وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران دەزانن و دەگەنە ئەو باوەڕە کە ئەو ڕێژیمە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و بەردەوامبوون لە سیاسەتەکانی خۆی کە هەتا ئێستا جگە لە چارەڕەشی و هەژاری بۆ خه‌ڵک هیچ ئاکامێکی دیکەی نەبووە، ئامادەیە لەوە زیاتر هاووڵاتییانی خۆی لەو دۆزەخەدا بسووتێنێ، لەلایەکی دیکەش لە ئەگەری ملکەچنەبوونی ڕێژیمیش لە بەرانبەر تەوژمی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران و گوشاری تاقەتپڕووکێنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سێ مانگی داهاتوودا، ئەوە بەدڵنیاییەوە لە قۆناغی دووهەمی گوشارەکان کە کەرتی نەوت و گاز، واتە شادەماری ئابووریی ئێران و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ڕێژیم دەگرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئەگەر تا ئەوکات لەسەرپێ بێ، بەتەواوی بەچۆکدا دێ و خامنەیی وەک خومەینی ناچار دەبێ «ژەهراوەکە» بخواتەوە. دیارە ڕووداوەکان زۆر خێرا تێ دەپەڕن و پێشبینی کردنیان سەختە و ناکڕێ بەدڵنیاییەوە بڵێن ئەم سناریۆیە یان ئەوەی دیکەیان سەردەگرێ، بەڵام ئەوەی حەتمییە و ڕێژیم ناتوانێ خۆی لێ دەرباز بکا، ئەوەیە قووڵایی و پانتایی ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە بەرۆکی گرتوون ئەوەندەیە کە خامنەیی و سپای پاسداران ناتوانن لێی دەرباز بن و ئەو ڕێژیمە چ لەگەڵ ئەمریکا ناچار بە وتووێژ و دانوستان بێ و چ بەردەوام بێ لە سیاسەت و کردەوەکانی، چارەنووسی هەر نەمان و ڕووخانە؛ بەتایبەت کە لەلایەک شەپۆلی نارەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بارودۆخی نالەباری ژیان و سیاسەتی دژی گەلی ئەو نیزامە گەندەڵ و نابەرپرسە دەستی پێکردوەتەوە و پووشبەسەرکردن و کووژاندنەوەی بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم زۆر ئەستەم و زەحمەتە، لەلایەکی دیکەش دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێبڕاوانە هاتوونەتە ئەو باوەڕە کە چیدی سه‌ره‌ڕۆیی و مەزنخوازییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچە قەبووڵ نەکەن و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواوی ئەو سیاسەت و کردەوانەی کە بوونەتە هەڕەشە لە وڵاتانی ڕوژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستێوەردان لە ناوچە قەیراناوییەکان و هاوکاری دەستە و تاقمە تێرۆڕیسییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان دەبێ وەلابنێ، هێزەکانی قودسی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق و یەمەن بکشێنێتەوە و بەرنامە مووشەکییەکانیشی سنووردار بکا. لە نێوخۆی ئێرانیش واز لە سەرکوت و گرتن و کوشتنی چالاکانی سیاسی و ئازادیخوازان بێنێ و ڕێز لە مافی مرۆڤ و بۆچوونی نەیارە سیاسیەکانی بگرێ. لە ئەگەری وەها پاشەکشەیەک دایە کە سزا ئابوورییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی هەڵدەگیرێن و دۆخێکیتر بۆ ئێران و کۆماری ئیسلامی دێته‌ ئاراوه‌ کە دەتوانێ لە لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)