کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی ڕێژیم لە کوێ و بۆ چی؟

01:22 - 16 گەلاوێژ 2718

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمێژ ساڵە تەمەنی ئاڵۆزی ڕێژیمەکەیان لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی دیکە تێپەڕ دەکەن. ئەزموونەکانی ئەو ساڵانە پێمان دەڵێن کە ئەوان هیچ کات لە بیری ئەوەدا نەبوون چارەسەری یەکجاری ئەو قەیرانانەی تووشی وڵاتی ئێرانیان کردوە بکەن و هەرجارەی ویستوویانە بە جۆرێک بەردێکی لەسەر دانێن و خۆی لێ بدزنەوە، بەبێ ئەوەی خەم لەوە بخۆن کە داهاتووی وڵاتێک لەژێر ئەو هەموو قەیرانە یەک لەدوای یەکانەدا چ دەبێ. گومان لەوەدا نییه کە ئەوان نە بۆ خزمەتکردنی وڵات هاتبوون و نە لە خەمی ژیانی خەڵکی ئێراندا بوون کە گلەییەکیان لەسەر بێ، بەڵام بۆ خۆیشیان جگە لە دزی و تاڵانی سەرمایەکانی ئەو وڵاتە بەپیت و بەرەکەتە، ئەگەر لە خەمی دەسەڵاتدارییەکەیان بووبن دەردەکەوێ ئەزموونی ئەوەیان نەبوە کە هیچ دەسەڵاتێک لە ژێر کارتێکەریی بەردەوامی ئەو قەیرانانەدا ناتوانێ بۆ هەمیشە خۆ ڕابگرێ و لە جێیەک مەجبوور بە تەسلیم و سەربەردانەوە دەکرێ. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیانەوە بەپێچەوانەی هەموو عورفێکی دەسەڵاتداری بە سازکردنی شەڕ لەگەڵ هاوسێکانی و هەڕەشە لە شەرق و غەرب بە تایبەت ئەمریکا هەوڵی خۆسەپاندنێکی ئیدئۆلۆژیکییان دا، بەڵکوو لە سایەی بێ خەبەریی خەڵکی ئێران و کێشە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەدا، جێ پێی دەسەڵاتدارهتیی درێژماوەی خۆیان قایم بکەن و لە پێناو ئەم ویستەدا ئەوەی گرینگییان پێ نەدا ژیان و داهاتووی ئەو خەڵکە بوو کە لە پێناو ئەواندا، بە چاوبەستراوی لە بەرەکانی شەڕ و خۆپیشاندانە فەرمایشییەکاندا بازاری ئیدیعاکانی ئەوانیان گەرم دەکرد. بە جۆرێک کە لە تەواوی ئەو ساڵانەدا تەنیا چەکێک کە بەرامبەر بە دنیای دەرەوە لهکاریان دهکرد بە چاودادانەوەی پشتیوانیی بەرینی خەڵک (ئوممەتی شەهیدپەروەر) لە ڕێژیمەکەیان بوو. ئیدیعایەک کە ئەم ڕۆژانە لە بڕەو کەوتووە و ناوێرن باسی بکەن. ئیستا ئیتر ئەوە خۆیانن و دەستەوەستانی بەرامبەر ئەو هەموو کێشانە کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لەم کێشمەکێشەدا ڕێبەرانی ڕێژیم بە تایبەت کەسی یەکەمیان خامنەیی دوای چەند جار هێرشی بە قسە و هەڕەشەکردن، کاتێک زانییان هەموو دەرگایەکیان لەسەر داخراوە و تەنانەت ڕووسیەی هاوپەیمانیشیان ڕووی خۆشیان پێ نیشان نادا و وڵاتانی دوستیان کە زۆرجار لەبەر بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان چاوپۆشییان لە هەموو دەستدرێژییەکانی ئەوان بۆ سەر گیان و ماڵ و کەرامەتی ئینسانیی هاووڵاتیانی ئێرانی و، تەنانەت کارە تێرۆریستییەکانیان لە وڵاتە دوورهدەستەکانیش دەکرد نەیانتوانی یارمەتییەکیان بدەن، لە نێوخۆ بەپەلە کەوتنەخۆ بۆ ئاشتهوایی نێوماڵی خۆیان و لەسەر داوای خامنەیی بۆ ڕزگارکردنی کەشتییە تێکشکاوەکەیان لە نوقمبوون کە هەموویان دەگرێتەوە کێشە و دوژمنایەتییەکان وەلانا و، لە دەرەوەش ئەوەی ئاشکرا بووە دوای بێ ئاکامبوونی سەفەری ڕووحانی بۆ ئورووپا و نێردەی تایبەتی خامنەیی بۆ ڕووسیە، و پەیامی ئاغای تڕامپ کە ئامادەیە بێ مەرج ئەگەر کۆماری ئیسلامی ویستی وتووێژیان لەگەڵ بکا، ئەوجا نۆرەی ناردنی بەنهێنیی نێردەی وڵاتان بۆ لای دەوڵەتی ئەمریکا هات کە بەڵکوو وەک ڕووحانی گوتی «وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا یانی تەسلیم بوون» ڕێگەی تەسلیم بوونیان بۆ بهێڵدرێتەوە. ئێستا بەڕوونی دەردەکەوێ هاوکات بوونی فشارەکانی نێوخۆ لەلایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران کە بۆ هەدەستهێنانەوەی مافە لە دەستچووەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقام و، فشارەکانی دەرەوە بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە بە مەبەستی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و پەکخستنی دەزگای تیرۆریستیی سپای پاسداران لە بەڕێوەبردنی کارە تیرۆریستییەکانی، ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەیان لە مودیرییەتی قەیرانەکان بە قازانجی خۆیان نائومێد کردووە. ڕێژیم کە هەموو ئەو ساڵانە لەلایەک بە کۆکردنەوەی خەڵک لە میتینگە دەوڵەتییەکاندا، خۆی وەک دەسەڵاتێک کە خەڵک پشتیوانیی لێ دەکەن دەردەخست و لەولاشەوە لە چاوچنۆکیی کۆمپانیاکانی وڵاتانی دەرەوە بۆ نیشاندانی سەقامگرتوویی و بەهێزیی خۆی کەڵکی وەردەگرت، ئیستا نە ئەمی ماوە نە ئەو. لەو بەینەدا ئەوەی کە خەساری گەورەی بەرکەوت خەڵکی بێ ئەنوای ئێران بوو. لە نێوخۆی وڵات پاش نزیک بە چوار دەیە سەرکوتی بێبەزەییانە کە جگە لە دەستوپێوەندە سوێندخواردووەکانی خۆیان هەموو کەسی گرتەوە، ئیستا خەڵک بە گشتی و لە هەموو ناوچەکانی ئێراندا بۆ گۆڕینی ئەو وەزعە بە شێوەی ئاشکرا ڕووبەڕووی ڕیژیم بوونەتەوە و ئەم خۆدەرخستنەش ڕۆژبەرۆژ بەرینتر دەبێ و دەردەکەوێ کە خەڵک هیچ باوەڕێکیان بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و بەڵێنە بەدرۆکانیان نەماوە و ڕێبەرانی وڵاتیش باش لەمە حاڵی بوون و لەوە تێگەیشتوون کە خەڵک ڕێگەی گەیشتن بە گۆڕانێک دەپێون کە داهاتووی باشی خۆیانی تێدا ببیننەوە، ئەگەر بە ڕووخانی ڕێژیمیش بێ. بەڵام سەیر ئەوەیە لە ڕێڕەوی پاشەکشەکانیاندا ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆڕزگارکردن لە چنگ مەترسیی ڕووخانی ڕێژیمەکەیان بیر لە هەموو ڕێگەیەک دەکەنەوە و تەنانەت ئامادەن بە تەسلیمبوونیش بێ، پەنا بۆ ئەم و ئەو ببەن کە دڵی ئەمریکایان بۆ نەرم کەن بەڵکوو لە کەری شەیتان بێتە خوار و دەرگای وتووێژیان بۆ بکاتەوە؛ بەڵام بۆ ساتێکیش بیر لە ڕێگەی خەڵکی وڵاتەکە بۆ بەشداری لە چارەسەری کێشەکان ناکەنەوە. ئەوە ڕوونە کە ڕێگەی چارەسەری لە دەرەوە ڕەنگە بۆ ئیستا و بە شێوەی کاتی ڕێگە چارەسەرێک بۆ ڕێژیم بهمهبهستی تێپهڕین لهقهیرانهکانی ئێستا بێ، بەڵام بێگومان بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران هیچی تێدا نییە. خەڵکێک کە ناهومێد لە گۆڕانکاری لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە بۆ خۆی ئەم ڕێگەی گرتووەتە بەر و ئیستا گوێ بە کێشەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئەمریکا نادا و ئەگەریش گرینگیی پێ بدا لەبەر ئەوەیە کە بتوانن لە فشارەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕێژیم بە مەبەستی گۆڕینی وەزعەکە بە قازانجی خۆیان و داهاتووی وڵاتەکەیان کەڵک وەرگرن. خەڵکی ئێران بەگشتی ئیستا باش لەوە تێگەیشتوون کە پاشەکشەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە بەرامبەر ئەمریکادا تەنیا و تەنیا بۆ خۆدەربازکردنی خۆیانە لە قەیرانێک کە تۆماری تەمەنیان تێکەوە دەپێچێ. *** لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)