کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ دۆخی نەخوازراو

17:15 - 16 گەلاوێژ 2718

پێشفەڕز یان فەڕزکراو(مفروض)ی ئەم وتارە ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دۆخێکی نەخوازراو دایە. بۆیە دەڵێم فەڕزکراو، چونکە لەم وتارەدا باسی هۆکار و ئارگۆمێنتەکانی نەخوازراو‌بوونی دۆخی بزاڤی ڕۆژهەڵات ناکەم. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە دۆخەکە، دۆخێکی نەخوازراوە، لە لایەکی دیکەش بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک فاکت یان بە سەرنجدان بە ڕیالیتەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ئیدیعای سەرەوەم هێناوەتە ئارا، کە لێرەدا ناچمە سەر تەتەڵەکردنی. پرسیار ئەوەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوە، دەبێ چ ڕێکارێک بگیرێتە بەر؟ لەم وتارەدا سەرەتا سێ ڕێکاری نادروست شی دەکەمەوە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەدا دەگیرێنە بەر یان کەم ‌و ‌زۆر لە لایەن ئەکتەرەکانی نێو بزاڤی ڕۆژهەڵاتەوە گیراونە بەر. دواتر ڕێکارێکی دروست، زیاتر بە شێوەیەکی پێشنیاری، نەک شرۆڤەیی، لە ڕوانگەی خۆمەوە دەخەمە ڕوو، کە دەتوانێ وەک ئاکامگیریی ئەم وتارەش لێک بدرێتەوە. ١ـ ئێمە ڕابردووی خۆمانین و ئێستامان بەرهەمی ڕابردوومانە. بەبێ ڕابردوو ناتوانین لە ئێستامان تێبگەین، بۆیە پێویستە چرای تێگەیشتن لە ڕابردوو بگرین کە ڕەنگدانەوەکەی، لە تێگەیشتنی دۆخی ئێستامان و، لە دۆزینەوەی چارەسەریی کێشە و گرفتەکانمان یارمەتیدەرمان بێ. لەبەر ئەوەی ئێستای نەخوازراومان بەرهەمی ڕابردوومانە، پێویستە بە دیدێکی ڕەخنەیی و عەقڵانی، نە ڕووشێنەر و ئاستەکی، بڕوانینە ڕابردوو. بەم پێیە ڕیکاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی پەنابردن(هەڵاتن) بۆ ڕابردوو و مانەوە و چەقین نییە تێیدا. بە دەربڕینێکی ڕوونتر لەگەڵ عەقڵی سەلیم نایەتەوە ڕێکارگەلێک بگیرێنە بەر کە لە ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبوون؛ بەزۆری لەبەر ئەوەی کە کەمایەسی و کەموکوڕییان هەبووە و بە هۆی ئەو کەمایەسی و کەموکوڕییانەوە ئامانجی خۆیان نەپێکاوە یان دەسکەوتی دڵخوازیان نەبووە. ڕیکاری دروست ئەوە نییە سەرەڕای گۆڕانی هەلومەرجەکان لەچاو ڕابردوو، ئەو ڕێکارانەی ڕابردوو، ئەویش بە کەمایەسی و کەموکوڕییەکی زیاترەوە بگرێنە بەر. چونکە ئاکامەکەی دەبێتە تێچوویەکی زۆر و دەسکەوتی کەم. لەبیرمان نەچێ لە سیاسەت و لە خەباتیشدا، هاوکێشەی قازانج و زیان هەیە، عەقڵانییەت دەخوازێ کە ڕەچاوی ئەم هاوکێشەیە بکرێ و نابێ کارێک بکرێ کە زیانەکانی زیاترن لە دەسکەوتەکانی. لێرەدا لەوانەیە بە پەنابردن بۆ «ستراتیژیی درۆ»، وا بنوێنین، لەو کارەی دەیکەین، هاوکێشەی قازانج و زیان ڕەچاو کراوە! خافڵ لەوە کە لە دنیای ئەمڕۆدا، کە بە سەردەمی ئامرازەکانی گەیاندن و ڕاگەیاندن و هەروەها بە سەردەمی تەقینەوەی زانیاری دەناسرێ، زۆر زەحمەتە بتوانرێ ڕاستییەکان لە خەڵک بشاردرێنەوە. هەر کردەیەک کە دەکرێ، هەڵدەسەنگێرێ و خەڵک چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بکەری کردەکە نین تا هەمان هەڵسەنگاندنی ئەو بڵێنەوە. خەڵک بە چاوێکی کراوە لە کردەکان ڕادەمێنن و بەستێن و لێکەوتەکان و قازانج و زیانەکانی لێک دەدەنەوە. بەم پێیە لە دنیای ئەمڕۆدا نەگوتنی ڕاستییەکان تەنیا خۆخاپاندنە. بێگومان لەسەر بنەمای خۆخاپاندن و ڕەچاوکردنی «ستراتیژیی درۆ» تاقە هەنگاوێک بەرەوپێشچوون نایەتە ئارا و لەسەر بنەمای ناڕاستگۆیی هیچ هیوایەک هەڵناچنرێ و هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایە. هەر کارێک کە دەیکەین ئاکامەکانی دەردەکەوێ و، ئەوە ئاکامانەن کە دەبنە زمان و دەربڕی ئەو کارە. کاتێک دواهاتەکانی کردەیەک دەرکەوتن، ئەوە دواهاتەکانن دەدوێن و دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندن، نەک خوێندنەوە و شیکردنەوە و نواندنەکانی ئێمە. عەقڵانیەتیی سیاسی و خەباتگێڕانە دەخوازێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی نەخوازراوی هەنووکەیی، ڕیکار یان ئەزموونگەلێک بکرێنە ئۆلگوو، کە سەرکەوتوو بوون. پێچەوانە لۆژیک و عەقڵە کە ئەزموونێکی شکستخواردووی ڕابردوو بکەینە ئۆلگوو. عەقڵانیەتی سیاسی دەخوازێ کە ئەو ڕێکارانەی لە ڕابردوودا کەموکوڕییەکانیان دەرکەوتوون، نابێ کۆپی‌ پێست بکرێن و وەک خۆیان دووبارە بکرێنەوە، بەڵکوو دەبێ بە خەسارناسییەکی جیددیدا تێپەڕ بکرێن و خاڵە بەهێزەکانیان بپارێزرێن و لاوازییەکانیشیان بسڕدرێنەوە. ئەمە ناعەقڵانیی سیاسییە کە ڕێکارێکی ناتەواوی ڕابردوو بە کەموکوڕی و کەمایەسیی زیاترەوە دیسان تاقی بکەیەوە و ئەمەش وەک ڕێکاری نوێ و وەرزێکی نوێی تێکۆشان بنوێنی. دیاردەیەک کە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێ ئەوەیە: چونکە شتێکی زۆرمان لە ئێستادا بۆ پێشکەشکردن نییە و ئێعتباری خۆمان زیاتر لە نەریت و ڕابردوو وەردەگرین، نە لە کارامەیی و عەملکردی ئێستامان، لە ڕابردوودا سەنگەر دەگرین؛ پەنا دەبەین بۆ ڕابردوو و بە شێوەیەکی نۆستالۆژیک دەیخوێنینەوە. واتە ڕابردوو ئایدیالیزە دەکەین و بەزۆری بەشە بەهێزەکانی ڕابردوو کە سوکنایی بەخشن، بەرجەستە دەکەینەوە و لایەن و ڕەهەندە لاوازەکانی نادیدە دەگرین. ٢ـ ڕێکاری مامەڵە لەگەڵ دۆخی نەخوازراو، ڕۆمانتیزمیش نییە. واتە لە واقعیات دابڕێی و خۆت باوێیە نێو باوەشی وەهم و خەیاڵات و شتگەلێک بڵێی کە نە لەگەڵ واقعییەت دێتەوە نە لەگەڵ هێز و تواناکانی خۆت. ئەمە لە تایپە زێدەڕۆیانەکەیدا دەبێتە «دۆنکیشۆتیزم». ڕۆمانتیزم بەرهەمی دۆخی خراپ، هیوابڕاوی و هەستکردن بە بێتواناییە و جۆرێک هەڵاتنە لە دۆخی مەوجوود. ڕۆمانتیزم ڕەگەز و توخمی سەرەکیی شێعر و ئەدەبیاتە، نەک سیاسەت. سیاسەت کارێکی عەقڵانی و بەکۆمەڵە؛ پشت دەبەستێ بە عەقڵ. ناڵێم نابێ لە ڕۆمانتیزم کەڵک وەربگیرێ بەڵکوو دەڵێم سیاسەت و کاری سیاسی دەبێ لێکدانەوەی عەقڵانی و ستراتیژیک و پلانمەندی لە پشت بێ، ئەگینا سەرکەوتوو نابێ. واتە ناوکی سیاسەت، عەقڵانییەتە کە دەکرێ لە ڕووکاری دەرەوه‌یدا لە ڕۆمانتیزم و هەڵخڕاندنی هەست و سۆزیش کەڵک وەربگری. کێشە کاتێک دێتە پێش کە جێگای ئەو دووانە بگۆڕێ، واتە ڕۆمانتیزم و هەڵخڕاندنی هەست و سۆز(ی زووتێپەڕ)، بکرێتە ناوکی سیاسەت و کردەی سیاسی. ئەمەش لە نەبوونی پێرسپێکتیڤ و پلانێکی داڕێژاوی بیرلێکراوە و، بەهۆی لەبەرچاو نەگرتنی کاریگەریی واقعی و دوورەدیمەنی ڕیکاردا دێتە ئارا. لێرە دایە کە سوکانی سیاسەت دەدرێتە دەست هەست و سۆز و کەفوکوڵی زووتێپەڕ و، بەم شێوە سیاسەت لە چییەتیی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە. ڕۆمانتیزمێک بەگشتی لە سیاسەتی کوردی دەبینرێ کە تا ئاستی چاونوقاندن لە واقعییەت و خۆخاپاندن دەچێتە پێش. بە سەرنجدان بەوە کە سیاسەت پشت دەبەستێ بە هێز و فاکتەرەکانی هێز، ئەو ڕۆمانتیزمە تا ئاستی نادیدەگرتنی فاکتەرەکانی هێزی خۆی و بەرامبەرەکەی دەچێتە پێش. کە ئەمە بێکەڵک و بێئاکامە. ئەوەی لە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتیشدا دەبینرێ ئەوەیە کە ئەوەندە لە هەڵسەنگاندنی واقعیەتەکان و کار و کردەوەکاندا، ئارەزوو و خەیاڵات بەشدار دەکرێن کە واقعیەتەکان دادەپۆشرێن و وێنایەک پێشان دەدرێ کە لەگەڵ واقعییەت نایەتەوە. شوێنکاتی مێژوویی سەرهەڵدانی ڕۆمانتیزم، ئورووپای دوای ناپلیۆنە. لە فەڕانسە شۆڕش کراوە، بەڵام بۆتەوە دیکتاتۆری یان بێسەرەوبەرەیی؛ چەشنێک ناکامی هەیە، هیوابڕاوی هەیە، بۆیە ڕۆمانتیزم لە بواری ئەدەبیات و هونەر و شێعر و تەنانەت هزریشدا دێتە ئارا؛ وەک سوکنایی ‌بەخشێک بۆ مرۆڤی ئەو سەردەمە. هەنووکەش بەشگەلێکی بزاڤی ڕۆژهەڵات دەیانەوێ بە ئامرازی ڕۆمانتیزم ڕووبەڕووی دۆخی نەخوازراو ببنەوە؛ دەیانەوێ خەیاڵ و وێناکردنەکانی خۆیان لەجیاتی ڕاستییەکان دانێن و بە بەراوەژوو پێشاندانی واقعییەت و گەورەکردنەوەی لەڕادەبەدەری کردەوەکانیان، دۆنکیشۆتوار خۆیان وەک بزوێنەر و دیاریکەری ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان لەقەڵەم بدەن. ٣ـ ڕێکاری نادروستی سێهەم پەنابردنە بۆ «ئیدە یان قانوونی پێشکەوتن». ئەمەش چەشنێک هەڵاتن بۆ پێشەوە و لەخۆ داماڵینی بەپرسیارێتییە. بێگومان لە ڕەوتی مێژوودا بە تێپەڕینی کات پێشکەوتن هاتۆتە ئارا، بەڵام شتێکمان بە ناوی قانوونی پێشکەوتن نییە کە لە تایپە پەڕگیرەکەیدا دەڵێ دواجار هەر بە ئامانج دەگەین. قانوونی پێشکەوتن هەرچەند نە بە ڕاشکاوی، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵگر یان هاندەری پاسیڤیزم و متمانەبەخشینی نابەجێیە بۆ گەیشتن بە ئامانج، لە دەرەوەی هەوڵ و کردە و چالاکیی مرۆڤدا. لێرەدا قانوونی پێشکەوتن وەک هێورکەرەوە، سوکنایی ‌بەخشێکی درۆیین یان بیانوویەک بۆ پاسیڤبوون و هەڵاتن لە ئەرکی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ماف، ڕۆڵی نەرێنی دەبینێ. بە دیوێکی دیکەدا ئێمە شتێکمان بە ناوی مسۆگەری و پێویستیی چارەهەڵنەگری مێژوویی نییە؛ بەو مانایە کە پێشکەوتنێک هاتە ئارا تازە گەڕانەوەی بۆ نەبێ و نەگەڕێتەوە بۆ دواوە. لەوانەیە لە ئەنجامی کارتێکەریی فاکتۆری جۆراوجۆردا ئەوەی بەدی هاتووە، لەبار بچێ. کورد گوتەنی ئەوەی ڕستوومانە ببێتەوە خوری؛ ئەگەر نەزانین چی دەکەین. چونکە هەموو شتێک گرێ دراوە بە خۆمان و کۆی هەلومەرج و فاکتۆرەکانەوە. مێژوو بەپێی نەخشە یان پڕۆژەیەکی لەپێشدا داڕیژراو بەرەو پێش ناچێ. ئەمە پاشماوەی بە گوتەی کارێل پۆپێر، «هەژاریی تاریخیگەری»، «ڕەسەنایەتیی مێژوویی» هێگێلیزم و مارکسیزمە، کە تائێستاش کاریگەری لەسەر مێنتالیتەی ئێمە ماوە. هیچ کەس ناتوانێ ڕەوتی مێژوو پێشبینی بکا. ئێمە لەنێو مێژوو داین و ناتوانین لێی بێینە دەر تا وەک سووژەیەکی زاڵ بە سەریدا، کۆتاییەکی ببینین و پێشگویی بکەین. مێژوو ڕەوتێکی یاسامەندی نییە تا بڵێین کە دواجار بە شێویەکی ئۆتۆماتیکی و میکانیکی بەرەو ئەو ئامانجە دەڕوا کە دەمانەوێ؛ کەواتە پێویست ناکا خۆمان سەغڵەت و نیگەران بکەین! چونکە بە شێوەیەکی هێڵیی چارەهەڵنەگر، قانوونی پێشکەوتن بەرەو ئامانجمان دەبا! ئەمە دیدێکی میکانیکییە بۆ مێژوو کە لەگەڵ ڕەوتی کار و بەرەوپێشچوونی مێژوو نایەتەوە. نابێ خۆمان بە «ڕەسانەیەتیی مێژوو» سوکنایی بدەین و بڵێین دواجار بە مافەکانمان دەگەیەن و ئەمە چارەهەڵنەگرە. نابێ بە پەنا بردن بۆ ئەو چەمک و ئیدانە، بەپرسیارێتیی هەوڵ و تەقەللا لە خۆمان داماڵین. بەشێکی زۆری شتەکان بە خۆمان و ڕادەی کار و تێکوشانی خۆمان گرێ دراوە. ئەگەر نەزانین چی دەکەین و بە گوێرەی پێوستییەکانی قۆناغ نەجووڵێینەوە، لەوانەیە گەیشتنمان بە ماف زۆر دوا بکەوێ. ئەمە دیدێکی مێتافیزیکی و خڕە کە بڵێین هەر بە ماف دەگەین. دیدێک کە بایەخی شرۆڤەیی نییە و لەبەر ئەوەی کە بانمێژوویی و ئابستراکتە، ئیعتباری نییە. ڕێکاری دروست ڕێگای دەربازبوون لە دۆخی هەنووکەیی، نە ڕاکردنه‌ بۆ ڕابردوو، نە هەڵاتنە بۆ داهاتوو و نە ڕۆمانتیزم و دابڕانیشە لە واقعییەت، بەڵکوو گرتنەبەری دیدێکی ڕەخنەییە؛ ڕەخنەدانی ڕابردوو و ئێستایە. تەنیا بەم شێوە دەکرێ لە دۆخی هەیی دەرباز بین. دەبێ بە دیدێکی ڕەخنەیی چاو لە ڕابردوومان بکەین و دان بە هەڵەکانماندا بنێین تا بتوانین بەرەوپێش بچین. ئێستای ئێمە بەرهەمی ڕابردوومانە؛ ئەگەر ڕابردوومان بێهەڵە و کەموکوڕیی جیددی بووبایە، ئەم ئێستایەمان نەدبوو. ڕێکاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی نەخوازراوی هەیی، ئەوەیە ئەو ڕێیانەی پێیاندا ڕۆیشتووین پێداچوونەوەیان پێدا بکەین، هەڵیان‌سەنگێنین و خەسارناسییان بکەین و دوای ئەو پڕۆسانە، ڕێکاری گونجاو لەگەڵ هەلومەرج بگرینە بەر. ئەمە پێویستییەکە. لە حاڵێکدا ئێمە زیاتر دێدێکی حەماسی و ئۆستوورەسازمان بۆ ڕابردوو هەیە، ڕابردوو ئایدیالیزە و ئاڕمانسازی دەکەین و لەم پێناوەدا لە هەڵەکانمان چاوپۆشی دەکەین یان بە شێوەیەک تەعبیریان دەکەین کە لە خزمەت ئەو ئایدیالیزە کردنەدا بێ. گەشە و بەرەوپێشچوونمان بە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی عەقڵانیدا تێپەڕ دەبێ و ڕێکاری نوێ لەسەر بنەمای ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و بیری ڕەخنەیی دێتە ئارا. پێویستە بە ڕوحی سوقراتی لەگەڵ خۆمان مامەڵە بکەین واتە خۆمان بناسین و بزانین کەموکوڕییەکانمان چین. ئەمەش واتە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن. دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراو پێویستیی بە تەتەڵەی بنەماکانی قەیران هەیە و تەنیا چاکسازی لە بواری پراکتیکدا بەس نییە. لەبەر ئەوەی کە هەر سەرکەوتنێک پشت دەبەستێ بە ئەندێشەیەکی یەکگرتوو و بە بوونی کۆمەڵێک چەمکی بنەمایی و، لەبەر ئەوەی کە لەم بارەوە دەسمایەی تیۆریکمان لاوازە، پێویستە بە شێوەیەک قەرەبوو بکرێتەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کەمایەسییە و بۆ دەربازبوون لە دۆخی هەیی، پێویستە ئەم کارانە بکرێن: ئەلف) «ئاگورا»ی نێو ئەکتەرە نیهادییەکانی بزاڤی ڕۆژهەڵات گەشەی پێ بدرێ، فەزای گشتیی نێو حیزبەکان پەرەی پێ بدرێ. لەگەڵ ئەوەشدا لە عەقڵی سەرووپێکهاتەییش کەڵک وەربگیرێ. دەرەتان بڕەخسێندرێ بۆ عەقڵانیەتیی لێکتێگەیشتنیی بەرهەمدار. ئەمە ڕێی داهێنان دەکاتەوە و دینامیزمی دەرەکیشی لێ دەکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەش تاڕادەیەک پێکهاتەی ئەستوونیی لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوەی لێنینیی حیزبەکانیش، کە کۆسپ یان ڕەتکەرەوەی گەشەکردنی ئاگورای نێو حیزبە، بە شێوەیەکی حەقیقی سڕ دەکا و کاڵی دەکاتەوە. ب) سازان و ڕێککەوتنی نێوان ئەکتەرەکانی بزاڤی ڕۆژهەڵات. ئەمەش بە گفتوگۆیەکی جیددی و ڕاستەقینەدا تێپەڕ دەبێ و پێویستی بەوەیە کە سەرووتر لە حیزب بیر بکرێتەوە و بەرژەوەندییە سەرووحیزبییەکان بە بنەما وەربگیرێن. ئەوەی تائێستا لە هاتوچۆی نێوان ئەکتەرەکانی بزاڤی ڕۆژهەڵاتدا بەدی کراوە، کەمتر ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە؛ نە ڕەنگی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی هەیە و نە بەرژەوەندییە سەرووحیزبییەکان بە بنەما وەرگیراون. تاڕادیەک دەتوانم بڵێم کە سیاسەتی کوردی لە قۆناغی بەر «لێکتێگەیشتن و سازان و ڕێککەوتن» دایە. سازان و ڕێککەوتنێک کە سروشتی سیاسەتە و بەبێ هەبوونی ئەم فاکتۆرە سروشتی خۆی لە دەست دەدا. بە کورتی تێپەڕین لە دۆخی هەنووکەیی پێویستی بە گەشەپێدانی ئاگورای نێو حیزب و لە لایەکی دیکە پێویستی بە سازان و ڕێککەوتنی نێوان ئەکتەرە نیهادییەکانی مەیدانی سیاسەتی ڕۆژهەڵات هەیە. تەنیا لەم حاڵەتە دایە کە دینامیزم و چالاکی لە سیاسەتدا دێتە ئارا و بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەوپێش هەنگاو دەنێ و دەتوانێ لە دەرفەتەکانی بەردەمی کەڵک وەربگرێ. ڕێگای دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراو، نۆستالۆژی و دڵتەنگی بۆ ڕابردوو نییە، دووبارە سازکرنەوەی ڕابردوو نییە؛ ئەگەر ڕابردوومان کێشەی نەبا ئێستای لێ ‌نەدەکەوتەوە. بۆیە پێویستە بە دیدێکی ڕەخنەیی عەقڵانی و بەدوور لە کەفوکوڵی زووتێپەڕ و ڕۆمانتیزم و لە دەرەوەی دڵخۆشکردن بە «ئیدەی پێشکەوتن» و بەبێ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتییمان، بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین. هەروەک لە توێی شیکاریی ڕێکاری نادروستی یەکەمیشدا ئاماژەم پێکرد، هیچ هیوایەک لەسەر درۆ و ناڕاستگۆیی هەڵناچنرێ و ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ خەڵکیش مەرجی بەرەوپێشچوونمانە. زۆر شت لە داهاتوودا بە خۆمان و ڕادەی ئامادەیی و تێپەڕین لە «حیزبیگەریی تەسک»ەوە گرێ دراوە. *** لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)