کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندیخانەکان لە بەندیخانەیەکی گەورەتردا

17:33 - 16 گەلاوێژ 2718

ئەگەرچی مێژووی دروستبوونی بەندیخانەکان بۆ سەردەمانی یەکجار کۆن لە کۆمەڵگەی مرۆییدا دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕوونە بەندییەکان ئەوانە بوون یاسا و ڕێسا باوەکانی کۆمەڵگە، یان دەسەڵاتیان ژێرپێ ناوە و پێملی نۆرم و قانوونەکانی کۆمەڵی خۆیان نەبوون، یان ئەوەی لە دژی دەسەڵات سەربزێوییان کردوە. لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵ و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و داڕشتنی قانوون و ئیلتیزامەکان بۆ سەقامگیریی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا، مانا و چییەتیی بەندی و بەندیخانەکانیش گۆڕانی بەسەردا هات. لە هەر حاڵدا و لە چەمکە گشتییەکەیدا بەندیخانە شوێنێکە بۆ جیاکردنەوەی کەسانێک کە بوونیان لە نێو کۆمەڵدا زیانی هەیە بۆ پێوەندییە گشتییەکان و مەبەست لە ڕاگرتنیان لەو شوێنانەش بارهێنان و گەڕاندنەوەیان بۆ کۆمەڵگەیە. یەکەم بەندیخانە لە شێوەی ئەمڕۆییەکەیدا لە ئێران بۆ سەردەمی قاجارەکان دەگەڕێتەوە کە لەسەر دەستی ئەمیرکەبیر و بەمەبەستی ڕێکوپێککردنی کاروباری گرتنگەکان و بارودۆخی بەندییەکان بڕیاری لەسەر درا. لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک پێناسەی نوێ بۆ بەندی و بەندیخانەکان کرا کە گرینگترین و جەوهەریترینی ئەوان بریتی بوو لەوەی کە مەبەست لە زیندانیکردن پەروەردەی تاوانبار و بەئاگاهێنانەوەی لە تاوان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کەسایەتیی ئەوە، بۆوەی دوای تەواوبوونی ماوە زیندانییەکەی، وەک کەسێکی پاک و بێ خەوش بۆ کۆمەڵگە و ژیانی ئازادی خۆی بگەڕێتەوە. ئەوە بوو کە لە ساڵی 1364دا پرسی بەندیخانەکان کە تا ئەو کات لە دەستی کۆمیتەکانی شۆڕش، شارەبانی و ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا بوو یەکلا کرایەوە و، «ڕێکخراوی زیندانەکانی وڵات» دامەزرا. بەڵام پرسیار ئەوەیە دوای 40 ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە سەرچەشنی هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی لە جیهانی ئەمڕۆدا دادەنێ و، بەو خوێندنەوەیەی بۆ پێوەندی و بایەخەکانی کۆمەڵگەی هەیە؛ بارودۆخی بەندی و بەندیخانەکان لەو وڵاتەدا چۆنە؟ کۆماری ئیسلامی کاتێک دەسەڵاتی ئێرانی گرتە دەست کە حەشیمەتی ئەو وڵاتە 36 میلیون و ژمارەی بەندکراوان 10 هەزار کەس بوو. دوای چوار دەیە حەشیمەتی ئێران دوو هیندە زیادی کردوە، بەڵام بە سەرنجدان بەوەی لە ئێستادا 210 هەزار کەس لە زیندان دان، دەبینین ئاماری بەندکراوان بیست هیندەی ئەو کات زیادی کردوە. حەقیقەتەکانی پێوەندیدار بەو بابەتە هیندە زەق و ئاشکرایە کە هەر بە چاوخشاندن بە ئامارە ڕەسمییەکان و لێدوانی کاربەدەستانی حکومەت قووڵایی کارەساتەکە دەردەکەوێ: حەسەن مووسەوی چەلەک، سەرۆکی ئەنجومەنی مەدەدکاریی ئێران دەڵێ لە ساڵدا لە نێوان 450 تا 500 هەزار تاوانبار دەدرێنە زیندان کە زیاتر لە 200 هەزار کەسیان لە زیندان دەمێننەوە. نوێترین ئامارەکان دەڵێن لە کۆتایی ساڵی 1395دا زیندانەکانی وڵات 224 هەزار کەسیان تێدا بەند کراوە و سەتا 70ی بەندکراوانیش تەمەنیان خوار 40 ساڵ بووە. ڕەزا مەحجووبی، بریکاری کاروباری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێ لە دوو ساڵی ڕابردوودا 30 میلیۆن پەروەندە لە دەزگای قەزاییدا دروست بوون و سەتا 60ی بەندکراوان لە ئێران بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر گیراون. عەلی ئەسغەر جەهانگیر، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی وڵات قسەی زیاتری پێن. ئەو دەڵێ: سەتا 70ی ئەوانەی دەکەونە گرتووخانەکان کار و کاسبیی ئەوتۆیان نییە و زۆرینەیان بێکارن و خوێندەواریی کەمیان هەیە و قەیرانە ئابوورییەکان بڕستیان لێ بڕیون. جەهانگیری کە ساڵانێکە بەردەوام داوای دروستکردنی گرتووخانەی زیاتر دەکا، نایشارێتەوە کە ژمارەی بەندکراوان دوو هیندەی زەرفییەتی بەندیخانەکانی وڵاتە و یەک لە چواری گیراوەکان لەبەر زۆریی پەروەندەکان لە دەزگایی قەزاییدا هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە. لێرەدا پرسیاری بەجێ ئەوەیە کە ئەو هەمووە زیندان و زیندانییە بۆ؟ ئەو هەمووە تاوان و کەڵەکەبوونی پەروەندەکان لە سۆنگەی چی؟ لە کۆمەڵگەیەکدا کە کاربەدەستانی نیزام بە ئیسلامی و بە پاک و سەرچەشن بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆیی دەیناسێنن ئەو هەمووە تاوانە بۆ ڕوو دەدەن و بۆ هەردەم ڕوو لە زیادبوونن؟ کۆمەڵناسان پێیان وایە هەژاری و ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر و دابڕان لە خوێندن سێ بەستێنی گرینگی تاوانخوڵقێنی لە کۆمەڵگەدان. گیرۆدەبوونی نیزیک بە 4 تا 7 میلیون کەس بە ماددەی هۆشبەر، هەژاری لە نێو زیاتر لە نێوەی حەشیمەتی ئێران و دابڕانی زیاتر لە 10 میلیون کەس لە خوێندن، نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیی هەوسارپچڕاو لەنێو کاربەدەستانی حکومەتی کاریگەریی لە سەر نۆڕم و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و بواری بۆ لادان و تاوانکارییەکان خۆشتر و زیاتر کردوە. لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێراندا کە نوقمی قەیرانە ئابوورییەکانە، تاک خۆی بە بنەڕەتی هەموو دیاردەکان دەبینێ و هەموو شتێکی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەوێ و لە پێناو ئەو بەرژەوەندییەدا نە پێملی یاساکان دەبێ و نە دەربەستی بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانە. بەتایبەت لە کاتێکدا کە دەزگای قەزایی و نیزامی دادئەستێنی لە ئێران نەک هیچ شان و شکۆیەکی نیە، بەڵکوو بە سەرچاوەی سەرەکیی زۆربەی قەیرانەکان دادەنرێ و ئەوەش خەڵک بۆ پشتتێکردن لە قانوونەکان هان دەدا. چوار دەیە حوکمەتی ئیسلامی، چوار دەیە ناکارامەیی و گەندەڵی لە ژێر دەمامکی دەسەڵاتی ئایینی و دادپەروەری، چوار دەیە سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لە دنیا لە پێناو مانەوەی زیاتر لە دەسەڵاتدا وایکردوە کە کۆمەڵگە نوقمی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بێ. چوونەسەرێی نرخی بێکاری، پەرەسەندنی هەژاری، نادادپەروەری و نابەرامبەری لە داهاتی وڵات و دروستبوونی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتی چەوتی پەرەسەندنی ئابووری و لەو سۆنگەیەوە شاڵاوی پەراوێزنشینی، پەروەردەی ناسەردەمیانە، ناکارامەیی و گەندەڵی لە دەزگای قەزایی و زیندانەکاندا وایکردوە کە ڕێژەی تاوان و تاونکاری لە کۆمەڵگەدا هیندە بچێتە سەرێ کە لە ئێستادا هاواری سەرەکیی کاربەدەستان چۆنیەتیی جێکردنەوەی بەندکراوان بێ. لەو بارودخەدا چارەسەرەکان لە ڕوانگەی حوکمەت و دەوڵەتەوە تەنیا لەسەر دوو تەوەر خول دەخواتەوە، یان هەراوکردن و زیادکردنی ژمارەی بەندیخانەکان، یان دیاریکردنی سزای جێگرەوەی ماددی بۆ کەمکردنەوەی حەشیمەتی گیراوەکان کە تەنیا بە مەبەستی گۆڕانکاری لە ئامارەکاندا دەکرێ، نەک چارەسەری کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە کە بەستێنی لەباری بۆ تاوانکاری خۆش کردوە. ئێرە ئێرانە بە کاتی کۆماری ئیسلامی... لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)