کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک سەعید کوێستانی

02:29 - 20 گەلاوێژ 2718

هەئیەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی کاک حەسەن رەستگار کەسایەتی سیاسیی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی کاک سەعید کوێستانی بەشدارییان کرد. لەو ڕێوڕەسمەدا بەرێز کاک حەسەن رەستگار پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە بنەماڵەی کاک سەعید کوێستانی گەیاند و هاوکات کار و خەباتی کاک سەعید کوێستانی لە بزاڤی رزگاریخوازی دا بەرز نرخاند. لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمە دا بەرێز کاک سەعید بیگزادە بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات لە چەند وتەیەکدا باسی لە ڕۆڵ و کار و تێکۆشانی کاک سەعید کوێستانی لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات  دا کرد و ئاوڕی لە خەبات و تێکۆشانی بەرێزیان دایەوە و، هاوکات پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتی گەیاندە بنەماڵە و بەشدارانی ئەو کۆڕیادە. شایانی باسە کە تاجە گوڵینەی رێز و سوپاس لە لایەن مامۆستا سیروان حەفیدی و کاک ئەحمەد لبادی بە نوێنەرایەتی حدک لە سەر مەزاری کاک سەعید کوێستانی داندرا. جێی ئاماژەیە کە کاک سەعید کوێستانی لە تێکۆشەرانی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ ی هەتاوی بووە و دوو دەورە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بووە و، لە چەند ئۆرگانی حیزبی‌دا کار و تێکۆشانی هەبووە و لە کەسە دیارەکانی بزووتنەوەی کورد بووە. کاک سەعید مرۆڤێکی خاکی و تێکۆشەرێکی ڕێبازی کوردایەتی و دێموکرات بوو، لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە خەباتیان بۆ رزگاری کورد دەکرد و، هاوسەری ژیانی وەک کەسێکی نیزیک بە کاک سەعید لەو ژنە تێکۆشەرانەی کورد بوو کە خزمەتی زۆریان بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و دێموکرات کردووە. ‎کاک سەعید دوای چەند دەیە خەبات و تێکۆشان بەداخەوە ڕۆژی ٠٣ ـ ٠٨ ـ ٢٠١٨ بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی ١٠ ـ ٠٨ ـ ٢٠١٨ لە نێو ئاپۆرای هاورێ و هاوسەنگەر و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا لە گۆرستانی لێنگدبروو شیرکا لە شاری ئۆرێبر بە خاک سپێردرا. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕیزگرتن لە تێکۆشان و فیداکارییەکانی کاک سەعید کوێستانی ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم هاوسەنگەران و بەتایبەتی بنەماڵەی بەرێزیان دەکات.