کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "ترۆندهایم"ی نۆڕوێژ سمینارێکی سیاسی بەڕێوە چوو

06:07 - 23 گەلاوێژ 2718

بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی و دۆستانی حیزب لە دەڤەرەری ترۆندلاگ، کۆبوونەوەیەکی سیاسی بەڕێوە چوو. لەسەر داوای کومیتە ناوچەی ترۆندلاگی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ١١ی ئاگوست بەرانبەر بە ٢٠ی گەلاوێژی ١٩٩٧ی هەتاوی، بەڕێز کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان سمینارێکی سیاسی بۆ ئەندامان و دۆستانی حیزب لە شاری ترۆندهایمی نۆروێژ بەڕێوە برد. دوانیوەڕۆی شەممە، بەڕێز کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی هێندێک پرس و بابەتی سیاسی پەیوەندار بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و دانی ڕێنوێنی پێویست و بەرچاوڕوونی زۆرتر لەو پێوەندییەدا، لەگەڵ ئەندامانی حیزب لەو دەڤەرە کۆ بووەوە. بەڕێز "باڵەکی" وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا و دیدارنوێکردنەوە دەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی، لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ئاوڕێکی کورت و پوختی لە سەر پەیام و گرینگی دامەزرانی حیزب و هەروەها بنا‌غەی دامەزرانی ئەو حیزبە لە سێ بواری دێموکراسی، مەسەلەی نەتەوایەتی و چینایەتی وەک دەستکەوتەکانی دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دایەوە. هەلەومەرجی ناسک و ئاستەمی قۆناغی ئیستای خەباتی حیزبەکەمان و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێیدا تێدەپەڕێ، هەروەها هەلومەرجی سیاسی لە ئیران، کەوتنە ژێر فشاری ڕیژیم لە ئاستی نێوخۆیی و نێوەدەوڵەتیدا و هەر لەو سۆنگەوە ناڕەزایەتی نێوخۆیی و سەپاندنەوەی گەمارۆکان، بەشێکی گرینگی دیکە لە شیکردنەوەکانی بەڕێزیان بوون. بەڕێز باڵەکی پێی وابوو کە ئەگەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی رێک بخات و بە گرنگییەوە بەرەو رووداوەکانی داهاتوو بچێ، کۆماری ئیسلامی کە دەرقەتی ململانێ و بەرەبەرکانی لە گەڵ ئەمریکا و بایەخە بەرزەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نایەت، چارەنووسی بە بارێکدا دەکەوێ کە بە قازانجی گەلانی ئێران و کورد بە تایبەت دەشکێتەوە. بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ پرسیار و سەرەنج و تێبینییەکانی بەشدارانی کۆبوونەوە تەرخان کرابوو کە پرسیارەکان لە لایان کاک "عومەر باڵەکی"یەوە بە وردی وەڵام درانەوە.