کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەرایەتی ح د ک کۆمیتەی ئوتریش لە بارەگای پارلەمانتەرانی پارتی لیبراڵی ئوتریش NEOS.

16:30 - 24 گەلاوێژ 2718

ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤/٨/٢٠١٨ بەڕێز کاک محەممەدی فەقێ عەلی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش، لە سەرداوای پارتی لیبراڵ سەردانی بارەگای پارلەمانتەرانی ئەو پارتەی کرد و لە لایەن خاتوو دوکتور کریسپەر شتێفانی ئەندامی پارلەمان وبەرپرسی کاروباری دەرەوە و ئوروپا و هەروەها مافی مرۆڤ لە سەر لیستی پارتی ناوبراو پێشوازی لێکرا. لە دانیشتنێکد ا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، نوێنەری حدک بە وردی لە سەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی وبەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دوا. نوێنەری حدک، زۆر بە وردی باسی لە هەڵاواردنە نەتەوەی، ئایینی و جنسیەکان لە ئێران دا کرد و بۆ ئەم مەبەستەش کوردستانی ڕۆژهەڵاتی وەک نمونە خستە بەر دیدی نوێنەری پارتی لێبرال. کوشتنی زیاتر لە ٨٠ کەس لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە تا ئێستا لە سەر سنورەکان کە بە دوای پەیداکردنی پاروە نانێک دان بۆ ماڵ و مندالیان، وەک یەکێک لە گەورەترین جنایەتەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لێوە کرا. هەروەها گرتن و کوشتن و لە ناوبردنی کەسانێک نەیارانی ڕێژیم بۆتە بەرنامەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. هاوکات پێشێلکاریەکانی مافی ژنان، بەربەست دروستکردن لە بەردەم دەست پێڕاگەیشتنی خەڵک بە زانیاری دروست لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دا، هەروەها دەستبەسەرکردن و پەیتا پەیتا پەلکێش کردنی چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنوسان، مامۆستایان بۆ ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژیم و چەندین باس و بابەتی دیکە لە لایەن نوێنەری حدک لەم دانیشتنەدا خرانە تەوەری باسەکانی ئەو سەردانە. محەممەد فەقێ عەلی، ڕاشکاوانە ڕخنەی لە سیاسەتی نەرم و دۆستانەی حکومەتی ئوتریش لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران گرت و لەم بارەوە چەند نمونەی لە سات و سەودا و سەردانی دولایەنەی هێنایەوە بیر دووکتور کریسپەر. لە درێژەی ئەم باسەدا نوێنەری حدک چۆوە سەرباسی شەهیدانی ڤییەن و گوتی: پەردەپۆشکردنی تێرۆری ڕێبەری حیزبەکەمان لە لایەن داو و دەزگای دادوەری و حکومەتی ئوتریشەوە، بە پەڵەیەکی شەرماوی بۆ ئوتریش هەروەها وەک غەدرێکی زۆر گەورە دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە قەڵەم دا، کە لە لایەن حکومەتی ئوتریشەوە ئیستاش دوای ٢٩ ساڵ هیشتا هەنگاوێکی بە کردەوە بۆ کرانەوەی ئەم پەروەندەیە نەنراوە. لە کۆتای دا خاتو دووکتور کریسپەر سپاسی ئەو سەردانە و هەروەها ڕونکردنەوەکانی نوێنەرایەتی حدک،ی کرد و داوای کرد کە لە پایزی ئەم ساڵ دا و لە دانیشتنێکی بەرینتر دا ئەو باس و خواسانە بە وەردەکاری و زانیاری زیاترەوە لە لایەن نوێنەرایەتی حدک بۆکۆمەڵێک لە هاوکارانی خاتوو دوکتۆر باس بکات. لە کۆتایی چاوپێککەوتنەکە دا خاتوو کریسپەر شتێڤانی ئامادەیی هاوکاری و پەیوەندی گەرمتری خۆی بۆ نوێنەرایەتی حدک ڕاگەیاند و خۆشحاڵی زۆری خۆی بەم دیدارە دەربڕی.