کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٧٣ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات

03:33 - 26 گەلاوێژ 2718

هاوکات لەگەڵ پێشوازیکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵات لە بۆنەی مێژوویی ٢٥ی گەلاوێژ، لە قەڵای خۆڕاگریی دێموکراتەکانیشدا ئەو یادە پیرۆزە، بەرز ڕاگیرا. پاش‌نیۆەرۆی رۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی بە بۆنەی ٧٣ی ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات، بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حدک، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر وپێشمەرگەو ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان یادی ٢٥ی گەلاوێژ کرایەوە. دوای سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادوناوی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد وکوردستان، شەونم هەمزەیی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە دوای پێشکەشکردنی کورتەیەک، بەخێرهاتنی مێوانەکانی کرد. لە دەسپێکی ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. بەرێزیان لەسەرەتای پەیامەکەی بە ئاوردانەوە لە مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەوە کۆمەڵێک خاڵی گرینگی باس کرد. بەڕێز مستەفا مەولوودی لەو پێوەندییە‌دا گوتی: پێکهاتنی حیزبی دێموکرات پێویستیه‌کی مێژوویی بوو، له‌و کاته‌دا حیزبی دێموکرات و شۆرشگێر پێویست بوو که‌ به‌رنامه‌یه‌کی ڕوونی هه‌بێ و بتوانێ بزووتنه‌وه‌ی پان و به‌ڕینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی کوردستان به‌ڕێوه‌ به‌رێ و، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بخاته‌ نێو ڕێبازێکی دێموکراتیک و پێشکه‌وتنخوازانه‌. حیزبێک که‌ بتوانێ ‌په‌یوه‌ندیی پته‌و له‌ نێوان جووڵانه‌وه‌ی میللی ـ دێموکراتیکی خه‌ڵکی کوردستان و سه‌راسه‌ری ئێران پێک بێنێ و هه‌ر له‌و کاته‌دا خۆیشی بۆ وه‌رگرتنی ده‌سەڵاتی سیاسی ئاماده‌ بکا. کاک مستەفا مەولوودی لە درێژەی پەیامەکەی‌دا، بە باس کردن لە هەلومەرجی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەموو ئەو بەربەست وگرفتانەی کە ڕێگرییان لەوە کردوە کە ئەو حیزبە شووناسخواز ومودێڕنە بتوانی ئازادانە درێژە بە چالاکیی سیاسی خۆی بدا لەو بارەوە گوتی: لەگەڵ ئەوەدا ئەم حیزبە تێکۆشەرە لە ماوەیەی پتر لە 7 دەیە تەمەنی خۆیدا بەهۆی سیاسەتی زەبروزەنگی حکومەتە ناوەندییەکان لە ئێران چەند ساڵێک نەبێ ئەوەی دیکەی نەیتوانیوە بە ئازادی و بەبێ به‌ربه‌ست و گرفت لە کوردستان تێکۆشانی سیاسیی هەبێ، بەڵام وەک دەبینین حیزبی دێموکرات له‌ ڕێگای سازماندانی خه‌ڵك له‌ نێو شانه‌ و هه‌سته‌کانی حیزبیدا و په‌یوه‌ندیی نه‌پساوەی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌کانی خه‌ڵكی کوردستان و، هەروەها کۆی ئەو دەسکەوتە مێژووییانەی بۆ بزووتنەوەی کوردی دەستەبەر کردوە، ئێستاش هەر حیزبی جێی هیوا و هۆمێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. به‌تایبه‌تی بەهۆی کارە گه‌وره‌ و مێژووییەکانی حیزبی دێموکرات کە له‌ ماوه‌ی ئه‌و 73 ساڵەدا کردوونی؛ وەک: دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان، خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وام، واقعبینانه‌ سیاسه‌تکردن و بەرپرسانە جووڵانەوە لە هەمبەر ویست و داوای خەڵکەکەی؛ دایره‌ی په‌یوه‌ندیی حیزبی دێموکرات سنووری ته‌شکیلاتی تێپه‌ڕاندوه‌ و بووەتە ‌ حیزبی هه‌راوی خه‌ڵكی و جەماوەری و؛ په‌یوه‌ندیی هه‌مه‌چه‌شنی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت کو‌لتووری لەنێو خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا دروست بوون و ئاوێتەی یەکتری بوون. هه‌ر بۆیه‌شە خه‌ڵکی کوردستان بەو متمانەیەی بە حیزبی دێموکراتیان بووە، له‌ پێناو ئامانجەکانی ئەم حیزبەدا که‌ خەبات و تێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی، دابینکردنی عەداڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادییه، تێچوویەکی زۆریان داوە و خوێن و گیان و ژیان و ماڵی زۆریان بەخشیوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک مستەفا مەولوودی بە باس کردن لە تایبەتمەندی و دەسکەوتەکانی زیاتر لە ٧٠ساڵەی حیزبی دێموکرات لەو بارەوە گوتی: حیزبی ئێمە توانی عەقڵییەتی سیاسیی کورد بگۆڕێ و لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و حیزبیدا هەنگاو بۆ مافە نەتەوەییەکان هەڵگرێ و لەسەر ئەم بیرۆکەیە کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ. ئاڵا، سروود، هێزی بەرگریی نیشتمانی، پێشمەرگە، گوتاری نەتەوەیی و زۆر هێما و پڕەنسیپی نیشتمانی و نەتەوەیی دیکە، داهێنان و لە میراتە مەعنەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانن. بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی لە کۆتایی پەیامەکەی بە خستنەبەرباسی دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان و قەیرانەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی چ لەنێوخۆ؟ چ لە دەرەوە، لەو پێوەندییە‌دا ڕایگەیاند: لە ئێستاشدا کە بەردەوامیی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و قوڵبوونەوە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەستێنی لەباری بۆ ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە دژی دەسەڵات ڕەخساندوە؛ لەبەریەکوەستانی خەڵک و حاکمییەت پتر لە هەموو کاتێک دیار و بەرهەستە و، ئەوەش زه‌میینه‌ و ده‌رفه‌تی جیددتری ڕه‌خساندوه‌ بۆ خه‌بات و تێکۆشان. لەو هەلومەرجەدا ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە هێز و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی ئێران و کوردستاندا نابێ ئەم دەرفەتە بە کۆماری ئیسلامی بدەن تا لە ئەگەری سازان لەگەڵ دنیای دەرەوە لەسەر هەندێ تەوەر و بابەتی وەک چەکی ناوکی، مووشەکی بالستیک و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکەدا؛ ئەوەندەی دیکەش هەناسە لە خەڵکی توند بکا. ئەوە ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵ، حیزب و لایەن و ڕەوتە سیاسی و مەدەنییەکانە بە یەکخستنی توانا و وزەی خەباتگێڕییان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە پاشەکشەی گەورە و چۆکدادان لەبەرابەر ویست و ئیڕادەی خۆیان بکه‌ن. پاش قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوو سروودی شۆڕشگێڕانە لە لایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە پێشکەش کران. شیاوی باسە چەند ڕێکخراو ولایەنی سیاسیی باشووری کوردستان بەناردنی نوێنەرایەتی و برووسکەی پیرۆزبایی لەو یادەدا بەشدارییان کرد کە بریتی بوون؛ مەڵبەندی ١٤ی یەکیەتیی نیشتمانیی ڕێکخستنی کۆیە ،قایمقامی قەزای کۆیە، بزووتنەوەی گۆڕان مەکۆی کۆیە، یەکیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لقی کۆیە، حیزبی شیوعی کوردستان کۆمیتەی قەزای کۆیە و، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کۆیە. لەدرێژەی ئەو ڕێوڕەسمە لە لایەن کۆڕی هونەری حیزبەوە چەند گۆرانییەک ئامادەکرا بوو کە پێشکەش کرا. نواندنی تابلۆیەک لە هەڵپەڕکێی کوردی برگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەو بوو، هەروەها بنەماڵەی هونەرمەندی پێشمەرگە ئەنوەرعەزیزییان بە خۆی کیژۆڵە لێهاتووەکانی سروودێکیان پێشکەش کرد و هەرکام لە پێشمەرگە دەنگ خوشەکانی نێو رێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی، حەمەدەمین ئەمینی، هێمن کەریمی و ڕێبوار حسەنی، بە گۆرانی کوردی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.