کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بناری هەڵگوورد، یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا

13:46 - 26 گەلاوێژ 2718

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یادی ٢٥ی گەلاوێژ، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حەوشەی قەڵا، کۆمیتەی سنووری حدک لە بناری هەڵگوورد، ڕێوڕەسـیکی شۆڕشگێرانەی بەو بۆنەوە بەڕێوە برد. پێشمەرگەو کادر و مامۆستایانی نیشتەجێی بناری هەڵگوورد بۆ یادکردنەوە لە بۆنەی نەتەوەیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ لە کۆڕێکی شۆڕشگێڕانە‌دا ئەو یادەیان بەرز نرخاند. دوای سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردو کوردستان، هاوڕێ سامان فەقی نەبی، کادری سیاسیی حدک چەند وتەیەکی لەسەر مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تایبەتمەندییە سیاسییەکانی ئەو حیزبەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. سامان فەقی نەبی، بە ئاماژەدان بە ئامانج و پڕنسیپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەسپێکەوە تا ئێستا، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لەو بارەوە خستەڕوو. ناوبراو لە کۆتایی قسەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران و ، کوردستان، جێگەوپێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە هاوکێشەسیاسییەکان ، بۆ پێشمەرگەکانی بناری هەڵگوورد شی کردەوە. پاش قسەکانی هاوڕێ سامان فەقی نەبی، پێشمەرگەخۆنەویستەکانی شاخ، بە بڵاو کردنەوەی شیرینی و هەڵپەڕکێی گشتی، سەلماندیان، کە بە ورەبەرزییەوە وەفادارن بە حێزبی دێموکراتی کوردستان و، یادی دامەزرانی ئەو حیزبەیان بەرز ڕاگرت.