کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ لە ژێرناوی "رۆژی بەرەنگاری نەتەوەیی کورد" لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە

14:59 - 28 گەلاوێژ 2718

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨، ٢۷ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەرکردنی فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، سێمینارێکی تایبەتی لە هۆڵی ناوەندی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد. سێمینارەکە بە خولەکێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یادی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێکرد. دواتر هاوڕێ سامان ڕیشەساحیب ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژەوەی خوێندەوە. دواتر سێمنیارەکە بە پێشکەشکاریی هاوڕێ فەرزین کەرباسی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە دەستی پێکرد کە لە پێنج پانێلدا بەڕێوە چوو. تەوەری پانێلەکانی سێمینارەکە بریتی بوون لە: _هۆکارەکان، دەرەنجامەکانی ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و شۆڕشێ کوردستانی ئێڕان کە لە لایەن بەڕێز محەممەد نەزیف قادری بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا. _نەبوونی گوتاری هاوبەشی حیزبەکان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بەرامبەر بە ڕژیم کە ئەم پانێلەش لە لایەن بەڕێز هێمن بایەزیدپوور بە نوێنەرانەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پێشکەش کرا. _بەلەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی ئەوکاتە و ئەمڕۆی کوردستانی ئێران ئەگەری دوبارە بوونەوەی ڕووداوی وەها هەیە؟ و ڕێکاری بەرگیری لە دووپات بوونەوەی ئەم جۆر ڕووداوانە چییە؟ کە ئەم پانێلە لە لایەن بەڕێز ئیسماعیل شەڕەفی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا. _چۆنییەتی دەرکردنی فەرمانی جیهاد و ڕەهەندەکانی بەردەوامی پێ بەخشینی کە لە لایەن بەڕێز کاک شۆڕش حاجییەوە بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی کوردستانەوە پێشكەش کرا. _شێواز و ئامانجی بەرەنگاربوونەوە، هەیئەتی هاوبەشی کورد لەو سەردەمەدا و پرسی دانووستان لە ئەمڕۆدا کە ئەم پانێلەش لە لایەن بەڕێز کاک ساڵح شەریفی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا. دوای پێشكەش کردنی تەوەر و ناوەرۆکی هەر یەک لە باسەکان لە لایەن پانێلگێڕانەوە کە بەگەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازییان لێکرا، پشوویەک ڕاگەیەنرا و دواتر و دوابڕگەی سێمینارەکەش تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و تێبینی و سرنجی بەشداربووان دەربارەی ناوەرۆکی باسەکان . لەو بەشە لە سێمینارەکەش بەشدار بووان بە تێبینی و سرنج و پرسیارەکانیان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و هەر کام لە پانێلگێڕان پرسیارەکانی پەیوەست بە باسەکانی خۆیان وڵام دایەوە و دواجار سێمینارەکە لە کەش و هەوایەکی گەرم و خۆمانییانە کۆتایی پێهات. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ۲۷ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی