کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز ڕاگرتنی یادی ٧٣ی ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

05:17 - 29 گەلاوێژ 2718

ئێوارەی رۆژی شەممە ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨ زایینی بە بۆنەی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، لە شاری خۆسکیلدە لە وڵاتی دانمارک، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری لایەنە کوردستانییەکان یادی ٢٥ی گەلاوێژ کرایەوە. رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد و لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەکە خاتوو سروە فەتتاحی‌ بەخێرهاتنی میوانەکان کرا. پاشان داوا لە کاک ناسر پیرانی و کاک ئەبوبەکر موحەمەدزادە کرا کە وەکوو دوو پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕات مۆمی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی حیزب دابگیرسێنن. پاشان پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ وریا مەللاک پێشکەش بە ئامادە بووان کرا. ناوبراو لە پەیامەکەی‌دا بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی حیزب وەک بە تەمەن‌ترین حیزبی مۆدێڕن و سێکۆلاری کوردستان، ئاماژەی بە رۆلی بەرچاوی حیزب لە قۆناغە جیاجیاکانی میژووی پڕ هەوراز و نشێوی خەباتی ٧٣ ساڵەی حیزب کرد و کۆمەڵێک لە تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان حیزبی وەکوو خاکەڕایی بوون، خەڵکی بوون و هێنانە کایەی خەباتی میللی دێموکڕاتیک لە کوردستان، دامەزراندنی هیزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆمەڵێک هێمای نەتەوایەتی دیکە، پێشەنگایەتی رێبەرانی لە قوربانی‌دان و دەیان تایبەتمەندی دیکەی هێنایە بەر باس. لە درێژەی پەیامەکە‌دا ناوبراو باسی لە رۆلی بەرچاو شەخسی پێشەوا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە حیزبی دێموکڕات‌دا بە پێشەنگایەتی پێشەوای مەزن، ئەوە نەهادینە بووە کە رێبەرانمان لە قوربانی‌‌دانیش‌دا پێشەنگ بن و لە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک سڵ نەکەنەوە و جەستەی بە خوێن سووربووی رێبەڕانمان گەواهی ئەوە دەدەن. دوای پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حدک، لە لایەن خاتوو شاناز کاکە ئازەر پەیامی هاوبەشی یەکیەتی ژنان و لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە، کە تێیدا ئاماژەی بە رۆڵی ژنان و لاوان لە سەرەتای دامەزرانی حیزبەوە کرد و هیوای وەدیهاتنی ئامانجی بەرزی شەهیدانی خواست. شایانی باسە کە نوێنەری بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکاان بەشداری ئەو مەراسمە بوون و پەیام و پیرۆزبایی خۆیان بۆ ئەم یادە پێشکەش بە بەشداران کرد: پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک پەیامی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (باکوور) پەیامی پارتی ئازادی کوردستان (باکوور) هەروە‌ها شایانی باسە کە بەشێک لە لایەنەکان پەیامیان بۆ ئەو بۆنەیە ناردبوو کە بە لیستی خوارەوەنە پارتی دێموکڕاتی کوردستان یەکیەتی نیشتمانی کوردستان حیزبی شیوعی کوردستان کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکە بە مۆسیقا و هەڵپەرکێی کوردەواری تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.