کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەمەودوا ئێران، ڕیاڵی ئه‌و وڵاته‌ و ئایەتوڵڵا چیان لێ دێ؟

04:46 - 2 خەرمانان 2718

ئیف ئیکس ئێمپایەر_ باب مەسین و لە ئینگلیسییەوە: کەماڵ حەسەنپوور لە کاتێکدا کە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پێوانەی مێژوویی سەرقاڵ بووە. شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین، ڕێککەوتننامەی ڕاماڵینی چەکی ئەتۆمیی لە کۆرەی باکوور، وەرچەرخان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیه‌ کە خەریکە دێتە ئاراوە، دانووستانی بازرگانیی نوێ لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا، وتووێژ لەگەڵ مەکزیک و کانادا و ئابلۆقەی نوێ دژی ئێران لەگەڵ هێرشی ئەم دواییانەی ئابووری بۆ سەر ئەردۆغان و تورکیە. لە کاتێکدا کە بەربەستە ئابوورییەکانی ترامپ لە حەوتووی ڕابردوو وەک هەوڵێک بۆ ئازادکرانی قەشە برانسۆن سەیر کرا، لەوانەیە کایەیەکی گه‌وره‌تر لە ئارادا بێ. ئابلۆقەکانی سەر ئێران دوژمنی ژمارە یەکی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێران بووە و هێرش بۆ سەر ڕیککەوتنی ئەتۆمی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نیشانەی هۆشداریی ئاڵوگۆڕی هەلومەرج بوو کە دیتمان هەلومەرجەکەش گۆڕا. یەکگرتوویی لە سەپاندنی ئابلۆقەکانی ئێران لە ڕابردوودا مەودای مانۆڕی ئێرانیان گەلێک سنووردار کردبوو، بەڵام هەلومەرج گۆڕاوە و ئەمە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ویستی ترامپ بۆ تۆراندنی هەموو کەس لەبەر بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان. دوو ساڵ لە هەڵگیرانی ئابلۆقەکانی ئێران و گەڕانەوەی بۆ نێو گۆڕەپانی جیهانیی و حەزی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان بۆ وەدەستهێنانی بەشێک لە دۆڵارە نەوتییەکانی ئێران تێپەڕ بووە. شتەکان بە گوێرەی هیوای ڕێژیمی ئێران نەچوونە پێش کە خۆبواردنی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پەسەندکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی و سەپاندنەوەی ئابلۆقەی نوێ لە حەوتووی ڕابردووی لێ کەوتەوە. لە کاتێکدا کە ئێران بە هەستکردن بەو ڕاستییە کە هیچ ئاڵووێرێکی بازرگانیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێ درێژەی بە ژیانی ئاسوودە داوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئامریکا هەم هاوپەیمانان و هەمیش دژبەرانی وشیار کردۆتەوە کە ئابلۆقەی سزادەرانە دەخاتە سەر هەر وڵاتێک کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران بکا و ئەمە کاردانەوەی لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە؛ بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە کە ئامانچ ئەوەیە لە مانگی نۆڤامبردا بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر، که‌ لانیکەم ئه‌مه‌ بۆ ئێران جێگای نیگەرانییە. نیگەرانیی گەورەتری ئێران شەڕی بازرگانی و ویستی ترامپ بۆ سەپاندنی گومرگ دژی سەرجەم وڵاتان و لایه‌نه‌کانه‌ بەبێ لەبەرچاوگرتنی مێژووی پەیوەندییەکانیان . هەڕەشەی شاراوە دژی ئێران هەن، بەڵام زۆرتر بۆ ڕێژیمێک کە لە ١٩٧٩ دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و لە کاتێکدا کە یەکیەتیی ئورووپا و زلهێزە جیهانییەکانی دیکە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دوایین هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەر دەبڕن، ستراتێژیی ترامپ وێدەچێ یەکێک لەم دوو ئاکامە دەستەبەر بکا، یەکیان گەلێک بەسوود دەبێ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوی دیکە کارەسات بۆ گشت لایەک. ئێران تووشی تێکڕمانی ئابووری دەبێ؟ ئابووریی ئێران لەبەر یەک هەڵوەشاوە، ڕیاڵی ئێران بۆ نزمترین ئاست بەرامبەر بە دۆڵار دابه‌زیوه‌، زۆربەی تێکڕمانەکە لە ماوەی ئەم هاوینە بە هۆی دەستپێکردنەوەی ئابلۆقەکان لە مانگی ئاگوست هاتۆتە ئاراوە و هەڵاوسانی نرخەکان گەیوەتە ئاسمان لە کاتێکدا کە سەردەمێک بازرگانە گەشبینەکان گریمانەی دوورەدیمەنی تاهەتاییەکی دیکە لە بیابانیان دەکرد. دوایین جار کە ئاسەواری ئابلۆقەکان دەرکەوت لە نێوەڕاستی شەڕێکی سەخت لە نێوان ئێران و جیرانەکەی عێراق بوو کە کوژرانی یەک میلیۆن کەسی لێ کەوتەوە. ئەمجارە، هیچ شەڕێک لە ئارادا نییە، تەنیا گەشەسەندنی ئابووریی جیهان و خۆشگوزەرانی بۆ ئەو لایەنانەی کە لە بەری دروستی پەرژینەکەن. هەواڵی خۆپیشاندانی ١٠٠ هەزار کەسی لە شەقامەکانی ئێران بەدوای دوایین ئابلۆقەکان کە هاوار دەکەن مردن بۆ دیکتاتۆر ئەمجارەیان بە مانای چەرمەسەرییە. بێکاری، بەرزبوونەوەی دوو هینده‌ی نرخی میوە و سەوزەمەنی و دابەزینی به‌رچاوی نرخی ڕیاڵ لە بەراورد لەگەڵ دۆلار پاشلەرزەی ئابلۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هیوای ئەم وڵاتەیە تا ببێتە هۆی لێدانی دوایین بزمارەکان لە تابوتی ڕێژیم. ئه‌ویش له‌ کاتێکدا و له‌ ئێستادا که‌ نرخی هه‌ر بۆشکه‌ نه‌وت سه‌روو 70 دۆلاره‌ و پاش ئه‌وه‌ی که‌ دەوڵەتی ئێران بۆ ماوەی پتر لە دوو ساڵ لە دۆڵاری داهاتی نەوت و پارەی وەبەرهێنەرانی بیانی بەهرەمەند بوو. به‌ڵام له‌ ئێستادا نرخی فه‌رمیی دراو لە دۆڵاری ١٢٠٠٠ ڕیاڵ ڕا لە کاتی نووسینی ئەم بابەتە گەیشتۆتە ٤٤٠٠٠ ڕیاڵ. بەڵام بە گوێرەی هەواڵی مەیدانیی لە چەند حەوتووی ڕابردوودا نرخی نافەرمیی ١ دۆلار گەیشتۆتە ١١٢٠٠٠ ڕیاڵ. جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی و نرخی سەر شەقام بەڕوونی لەبەر چاوی خەڵکی ئێرانە. لە کاتێکدا کە ئەمساڵ نرخی فەرمیی دۆلار لە ٣٦٠٠٠ ڕیاڵ ڕا گەیشتۆتە ٤٤٠٠٠، نرخی سەر شەقام لە ٤٤٠٠٠ بۆ سەرووی ١١٠٠٠٠ بەرز بۆتەوە، کە قەڵەمبازی سەرەکیی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاپریل. شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە کە ڕێژەی فەرمیی هەڵاوسانی نرخەکان لە گەڵ هی سەرشەقام جیاوازە و فرۆشیاران نرخەکان بەرز دەکەنەوە تا قەرەبووی چوونە سەرێی نرخی دۆلار لە سەر شەقام بکەنەوە. لە کۆتایی مانگی جولایەوە، ڕێژەی هەڵاوسانی نرخی ساڵانە ٢٠٠%ی تێپەڕ کردووە، لە کاتێکدا کە ڕێژەی فەرمیی هەڵاوسان لە لایەن کاربەدەستانەوە ١٠% باس کراوە کە جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی و نرخی ڕاستەقینە لە ژانوییەوە مەودای نێوانیان بێ پسانەوە زیاتر بووە. لەمەودوا چ شتێک چاوەڕوانی ئێران دەکا؟ ئابلۆقەکانی سەر نەوتی ئێران تا مانگی نۆڤامبر دەست پێ ناکەن، به‌ڵام هەر لە ئێستاوە وڵات تێك ڕماوە و ڕێژیمی ئیسلامی لێک نزیک بوونەوە، تەنانەت ڕووحانی ڕێفۆرمخواز لە پشت ئایەتوڵڵا خامنەیی سەنگەری گرتووە. چەند مانگ پێش دەستپێکردنی ئابلۆقەی هەناردە کردنی نەوت، گەڕانەوەی سەرۆکی ڕێفۆرمخواز ڕووحانی بۆ نێو تووندئاژۆکان وێدەچێ ببێتە هۆی تووڕەیی زۆرتری جەماوەر، تەنیا بژاردەی ڕێژیمی ئێران گەڕانەوە بۆ مێزی وتووێژە کە دژی سەرجەم بۆچوونەکانی ڕێبەر بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانە. ئاڵترناتیوەکە ئەمەیە کە بەرەوڕووی شۆڕشێکی نێوخۆ ببێتەوە و ناڕازییان زۆرتر سەرکوت بکا، لە کاتێکدا کە بە دوای ڕێگاچارە بۆ وەستاندنی دابەزینی نرخی دراو و چارەسەری گیروگرفتی ڕێژەی هەڵاوسانی نرخەکاندا دەگەڕێ، هێچکام لەوانە مومکین نین تاکوو ئێران پێداچوونەوە بە دۆخی دراو نەکا و بەدوای ڕێگاچارەی شیاودا نەگەڕێ و لە هەمووی گرینگتر مەسەلەی ئابلۆقەکان چارەسەر نەکا. ئاخۆ ڕۆژئاوا شۆڕشێکی نێوخۆی دەوێ و ئەمە چ کاردانەوەیەکی لەسەر دینامیزمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە کۆتاییدا لەسەر نرخی نەوتی خاو دەبێ؟ ئێران دەورێکی دەستێوەردەرانەی لە خۆرهەڵاتی ناڤین هەبووە و لەبەر شەڕی دەسەڵات بێگومان ئەگەری هەڵایسانی شەڕ هەیە، تەنانەت بە دەستنیشانکرانی دەوڵەتی ئینتیقالی لە لایەن ڕۆژئاواوە یا گەڕانەوەی شازادەی جێنشین و کوڕی شای پێشوو، ڕەزا پەهلەوی لە تاراوگە، کە لەگەڵ ئیسڕائیل و دوژمنانی دیکەی ڕێژیمی ئێستا بۆ پشتیوانیی لە گەڕانەوەی پاشایەتیی بۆ ئێران دانووستانی کردووە. هەرچۆنێک بێ، سەردەمێکی بەژان دەست پێ دەکا، و ڕەوتی دابەزینی نرخی ڕیاڵ لە کۆتاییدا تا چەند مانگی دیکە سەقامگیر دەبێ، درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان و هەڕەشەی شۆڕش وێدەچێ پێش سەقامگیر بوون ببێتە هۆی دابەزینی زۆرتر، لە کاتێکدا کە گۆڕینی ڕێژیم دەتوانێ ببێتە هۆی گەشەسەندنی دەستبەجێی بازاڕەکان، چونکە گریمانەی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ڕۆژئاوا و لە هەمووی گرینگتر ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێ. لە پەیوەندی لەگەڵ نەوتی خاو و وەستانی گەیشتنی ئەو بەدەست کڕیاران، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی هەلسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ ئابلۆقەکان و ئاخۆ سپای پاسداران دەگەڕێتەوە بۆ سەر عادەتی کۆنی پێشگرتن بە هاتووچۆ لە گەرووی هۆرمز. سەرۆک کۆماری ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان وێناچێ ئەم تاکتیکە قبووڵ بکا، کە دەتوانێ ببێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دژکردەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و گرەوەکەی بۆ ترامپ دەتوانێ سەرانگرێ کردنی ڕێژیم بێ. عەجایب دەستکەوتێک دەبێ ئەمە .... لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)