کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ پێشمەرگە و زەبوونیی سوپایەک

05:12 - 2 خەرمانان 2718

پاییزی ساڵی ١٣٦٢ی بەفر و باران وەک ساڵانی پێشوو زۆر وڵاتی دانەگرتبوو، بەڵام ویشەکەسەرمایەکی وابوو کە کەم کەس دەیتوانی خۆی لەدەرێ ڕابگری. لەو سەروبەندەدا حیزبی دێموکرات بەرەو کۆنگرەی ٦ی خۆی هەنگاوی دەنا و لەناوچەی مەهەباد فەرماندەری لک، نوێنەری کۆنگرە بوو و دەبوا تا ئەو لە کۆنگرە دەگەڕێتەوە کەسیک کاروباری لکەکە بەڕێوە بەرێ، بۆ ئەم مەبەستەش فەرماندەری لک یەکێک لەپیشمەرگە ئازاکانی بەناوی سەید سمایل بۆ ئەو ئەرکە دیاری کرد. سەید سمایل کە پیشمەرگەیەکی زۆر ئازا و نەترس بوو، بڕیاری دا بەبۆنەی گرتن و تەواوبوونی کۆنگرەی ٦ی حیزب عەمەلیاتێک لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان بەڕێوە ببا. ئەو سەرەتا بۆ شناسایی شوێنەکە لەگەڵ چەند کەس وەرێ کەوتن و بە پاییزی سارد، شیو و دۆڵ ‌و بەندەنەکان ‌و جوگە و جوێباری ناوچەیان بەرەو چۆمی مەجیدخان بڕی. لەسەر بەرزاییەک وەستان و فەرماندە شوێنی کاری داهاتوویانی کە دەبوو عەمەلیاتی لێ بکەن بۆ هەر کام لە تیمەکان دیاری کرد پاشان بە شێوەیەکی زۆر نهێنی لە ماڵێکی ئاوایی قەرەگۆل وەژوور کەوتن و دوای پشوودان بەرەو لای ئاتابڵاغی و سریلاوە گەڕانەوە. لەنێو ئاوایی ئاتابڵاغیدا، یەکێک لە پێشمەرگەکان پارێزی پێویست ناکا و شوێنی مانەوەیان ئاشکرا دەبن، ئەویش لە کاتێکدا کە لە پشت ئاوایی پایەگا بەسەر ماڵانەو بوو. بۆیە سەید سمایل بڕیار دەدا ئاوایی بەجێ بێڵن و بەرەو گوندی سریلاوە بچن. پیشمەرگەکان کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕەخت دەبەستن و باڵتە بەسەر تفەنگەکانیاندا دەدەن و بەنیزیک پایەگادا تێ دەپەڕن و دەچنە سریلاوا. لەو کاتەدا لە مزگەوتی ئاوایی سەرەخۆشییەک دەبێ و پێشمەرگەکان بۆ چەند دەقە دەچنە مزگەوتەکە. خەڵک بە دیتنی پێشمەرگەکان شاگەشکە دەبن، بەڵام دوایەش ئەگەرچی خەبەریان دەدەنێ کە هەموو ڕۆژێک تویتایەکی پڕ چەکداری ڕێژیم لە میاندواو ڕا دێنە ئاوایی، کەچی ئەوان بە تێڕادوویی لە خۆیان گوێ نادەنێ. بۆ نیوەڕۆ سەید سمایل و پێشمەرگەکان دەچنەوە ماڵی سێحەب پرسەکە، بێ خەبەر لەوەی پاسدار گەیشتوونە سەریان و شوێنەکەیان زاندراوە و هەتا پاسدار لێیان وەژوور نەکەوتن بە خۆیان نەزانی. پێشمەرگەکان لەگەڵ خاوەن ماڵ خەریکی قسە و باس بوون کە پاسدارێک لوولەی چەکەکەی لە دەرگایە هێنا ژوورێ و بە فارسی بە سەیدی گوت: «بلند شو پدر سوختە...» سەید باوەڕی نەدە کرد کە ئاوا ئاسان پاسدار هاتبێتە سەریان. پاسدارەکە دەستی بە ماشەوە نا و ڕەگبارێکی لە ژوورێ کرد. سەید سمایل بەر نەهات. بەڵام یەک لە دانیشتووانی ژوورەکە بە توندی بریندار بوو. لەگەڵ تەواوبوونی خەشابی پاسدارەکە باییز و سەید بەر دەسترێژیان دا و کەلاکی پاسدارەیان خست. تەنیا سێ پێشمەرگە لە ژوورێک و حەوشە پڕ لە پاسدار. سەید دوو نارنجۆکی پاسدارە کوژراوەکەی لێ کردەوە و فڕێی دایە حەوشە و ڕەوە پاسداری بەر رەگباری تفەنگ دا و گوڕاندی: «لەبەرتان مردم لێیان دەن شێرە کوڕانی دێموکرات...» بەو ئاوربارانە و بەو نرکەی شێرانەیە ورەی پاسدار ڕووخا و ئەوی کوژرا، کوژرا و، ئەوەی دیکە خۆی پێ رانەگیرا و هەڵات. سەید بەوەش ڕاوەنەستا و لە سەربانی ماڵێش پاسداری ڕاو ناو و لەوێش دوو کەلاکی لێ خستن و لە کووچە و کۆلانیش ماشێنی پاسداری لە کار خست و چەند جەندەکێکی دیکەی لێ خستنە سەر عەرزی. پێشمەرگەکان پێیان وابوو کە دەبێ خۆیان حەشار بدەن، بە تایبەت کە سریلاوا کەرێزێکی تایبەتیی بۆ خۆحەشاردان هەبوو. باییز هەوڵی دا خۆی بگەیەنێتە ئەو شوێنە؛ بەڵام بە چوونەدەرێ لە حەوشە کەوتە بەر دەستڕێژ و شەهید بوو. جەلال و سەید لە شەڕێکی سەختدا مابوونەوە و تا ئەو کاتە کەلاکی زیاتر لە دە پاسداریان خستبوو. نرکەی پڵنگ‌ئاسا و ئازایەتی و دەستوبردیان وایکردبوو دوژمن پێی وابێ زیاتر لە بیست پێشمەرگەن کە سەنگەریان لێ گرتوون... سەید سمایل و جەلال لە هۆڵی مەڕەکاندا بوون. چەند پاسدار بەرەو حەوشە و دوو پاسداریش بەردەرگای کادێنی لێ گرتبوون. سەید تەنیا یەک نارنجۆکی پێ مابوو و پێشی حەیف بوو کە تەنیا دوو پاسداری پێ بکوژێ، دەنگی نەکرد تا پاسدارەکان گەیشتنە بەر دەرگای کادێن و لە یەکتریان دەخوڕێ کە کامیان پێش کەون...، لەپڕ سەید قامکی بەتفەنگ داهینا و یەکیان کوژراو و ئەوەی دیکە بە برینداری ڕای کرد و سەید ڕەگبارێکیشی بۆ سەربان کرد کە بووە هۆی ڕاکردن و کشانەوەی کاتیی پاسدارەکان. ئەوانیش جێگەیان گواستەوە بۆ هۆلێکی دیکە کە پڕ لە مەڕ و بەرغەڵ و حەیوان بوو. بڕیاریان دا کە مەڕەکە لە هۆڵەکە دەر بکەن ‌و دەست لە بەرغەلەکە نەدەن. وردە وردە لە سەعات ٣ نزیک دەبوونەوە. سەید سمایل ئەو تەرحەی عەمەلیاتییەی کێشابوون و مۆری لک و هیندێک بەڵگەنامەی دیکە کە پێی بوون تاقەتی کردن و بە خاوەن ماڵەکەی گوت: «ئەگەر شەهید بووم لە خاتوون‌باغ بە دایکم بڵێن کە بۆم نەگری، مەردانە شەڕی خۆمم کردوە و سەرم بۆ دوژمن نەوی نەکردووە...» سەید ڕووی کردە جەلال و گوتی تا دوا فیشەک شەڕ دەکەین و دوایە بە نارنجۆکێک خۆمان دەتەقێنینەوە و نابێ بە زیندوویی بکەوینە بەردەستیان. هێزی رێژیم بە زیاتر لە ٢٠ ماشێن هەموو ئاوایی داگرتبوو. پاسدارێک خۆی گەیاندە بەردەرگای هۆڵەکە و ڕەگبارێکی تێ هەڵکردن. جەلال بریندار بوو. ئەوان خۆیان مات دا تا پاسدار بەنووکی تفەنگەکە دەرگای کردەوە. جەلال دابێژدابێژی کرد و سەیدیش چووە حەوشە و دوانارنجۆک کە پێی مابوو پێی دادان. پاشان زوو تفەنگی پاسدارەی هەڵ گرت و گەڕاوە و لاقی جەلالی بە ئاغابانوو بەست. ماوەی دە دەقیقە وڵات بێدەنگ بوو. سەید لە کولانەی هۆڵەوە سەری کێشا و چاوی لێ کرد پاسدارەکان هەموو خەڵکی ئاواییان کۆ کردۆتەوە و بە لێدان و تەقەکردن خەڵکیان وەپێش داوە و بەرەو لایان دێن. پاسدارەکان لەو تەقەکردنەدا کەسێکیان کوشت و سێ کەسیشیان بریندار کرد. سەید بەوە زۆر ناراحەت بوو. خەڵک و پاسدار بەتەواوی نزیک بوونەوە. سەید لە پڕ دەرگای کردەوە و هاواری کرد: خەڵکینە دانیشتن... ئەوەی گوت و دوو ڕەگباری لە پاسدارەکان کرد. هەر خەڵک و پاسدار بوون بە سەر یەکدا دەکەوتن. بەڵام پاش ماوەیەک پاسدارەکان سەربانیان لی گرتن و دەستیان کرد بە نارنجۆک بارانکردنی هۆڵەکە. سەید و جەڵال خۆیان لەقوژبنێکدا مەلاس دابوو، بەڵام بە دەیان بەرخۆڵەی تازە کەلاکیان بەسەر یەکدا کەوتبوو و خوێن جۆگەلەی بەستبوو. لەپڕ نارنجۆکێک کەوتە نیزیک جەلال. ویستی هەڵی گرێتەوە بەڵام تەقییەوە و جەلالی بە توندی بریندار کرد. پاش ماوەیەک چەند نارجۆکێکی دیکەش هاتنە خوارێ و سەید سمایلیش بەتوندی بریندار بوو، بەڵام توانای ئەوەی هەبوو برینەکانی خۆی بپێچێ و جارجاریش بۆ ئەوی دوژمن بزانێ ماون تەقەی دەکرد. زەردەی خۆر مابوو کە هەموو شتێک بێدەنگ بوو. دەنگی هیچ بوونەورێک نەدەهات سەید و جەلال پێیان سەیر بوو کە بڵێی چ ڕووی دابی. فەرماندەی میحوەری دوژمن کە لە ئاتابڵاغی نێشەجێ بوو، هێزەکەی کێشابۆوە دەرەوەی ئاوایی و چەند کەسی لە کەیخودا و خەڵک ئاوایی بانگ کردبوو. ئەو بێزاریی خۆی لە سیخوڕەکانی خۆیان لە ئاوایی دەربڕیبوو و گوتبووی: «ئەو دووانە قارەمانن و حەیفە بکوژرێن. باشە مەگەر پێمان نەگوتن ئەگەر هاتن نانیان بدەنێ با بڕۆن؟ نە ئەوان بەدەست ئێمە بە کوشت دەن و نە ئێمەش بەدەست ئەوان.. ئێمە دەڕۆین... حەیف نییە سیخوڕی بەسەر ئەواندا لەگەڵ و بۆخۆتان ڕاپۆرتیان لێ دەدەن»؟ هێزی دوژمن بەزی و مەیدانی چۆڵ کرد، ئەوەی مایەوە ئازایەتی و نەبەردیی سێ پێشـمەرگە بوو کە لەو ڕۆژەدا حەماسەیەکی تاهەتاییان بە ناوی خۆیان و بۆ حیزب و گەلەکەیان تۆمار کرد. لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)