کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی گەندەڵی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

05:16 - 2 خەرمانان 2718

گەندەڵی لەهەموو ڕەهەندەکانییەوە (ئابووری و ئیداری و یاسایی و...) دیاردەیەکی ناسالم و نەشیاوە کە لە نیزام و دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرییەکاندا زۆر زوو تەشەنە ده‌کا و، وەک خۆرە پێکهاتە و هەیکەلی دەسەڵات بە هەموو بەشەکانییەوە دەتەنێتەوە؛ بەچەشنێک کە دەسەڵاتداران لە ئاستی هەرەبەرزدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە دیاردەی گەندەڵیدا تێوەدەگلێن و لەئاکامدا سیستەمی دەسەڵاتداری بە شێوەی ئاشکرا لە بەستێنی گەندەڵیدا هه‌ڵ ده‌سووڕێ. لەو دۆخەدا یاساکان پشتگوێ دەخرێن، دەور لێ دەدرێنەوە، یان دەبن بە ئامرازی دەسەڵاتداران بۆ گەندەڵی و کەڵک و سوودی تایبەت و نابه‌جێیان لێ وەردەگیرێ و دوو فاکتەری سەرەکی واتە «هێز و پێگەی حکوومەتی» و «پێوەندییەکان» دەبن بە دوو بنەمای سەرەکیی گەندەڵی و هەڵلووشانی داهاتەکانی وڵات. لەدەرەوەی دەسەڵاتیش و لە نێو کۆمەڵگه‌شدا گەندەڵی له‌ هەموو ڕه‌هه‌نده‌کانی خۆیدا شۆر دەبێتەوە و کۆمەڵگه‌ نوقمی خۆی دەکا. گەندەڵی دەبێتە هۆی قەیرانگەلێک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستەمی ژیانی کۆمەڵگه‌ لە هەموو بەشەکانیدا دادەنێ و کەلێنی چینایەتی قووڵتر دەکاتەوە. بەشێوەی ئاشکرا ئابووریی وڵات نەخۆش دەکا و دەبێتە هۆی لاوازبوونی چینی مامناوەندی کە لە ئابووریی سالمدا دەبێ زۆر پتەو بێ و ئەستووربوونی چینی زەحمەتکێشان و کەمداهاتەکان و بەرزبوونەوەی هێڵی هەژاری؛ لەئاستی سەرەوەشدا کەڵەکەبوونی زۆرترینی سەرمایەکان لەدەست کاستێکی ئابووری نیزیک له‌ ده‌سه‌ڵاتدا کە لەڕێی گەندەڵی و کەڵکوەرگرتن لە کەلێن و کەلەبەرە یاسایی و نایاساییەکان ڕۆژلەڕۆژ قەڵەوتر ده‌بێ و وەک «دۆڵپا» بەسەر سیستەمی ئابووری و ته‌نانه‌ت دەسەڵاتی سیاسیدا زاڵ دەبێ. گەندەڵی نەک هەر بەر بە ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵ دەگرێ، بەڵکوو کۆمەڵگه‌ تووشی لاوازی و نەزۆکی دەکا و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان دیاردەی نەخوازراو کە لەهەموو ڕوویەکەوە کاریگه‌ریی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ و ژیان و گوزەرانیان دەبێ. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە گەندەڵی لەهەموو ڕوویەکەوە گەیشتووەتە بینەقاقای و ئەو دیاردەیە وەها پەرەی سەندووە کە ڕێبه‌ران و کاربەدەستانی ڕێژیمی ناچار کردووە بە ڕواڵەت هەڵوێستیان هه‌بێ و خوازیاری بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی بن. ئەوە لەحالێک دایە کە هەروەک ئاماژەمان پێکرد سەرچاوەی گەندەڵی له‌ وڵاتانی وه‌ک ئێران لە هەموو شێوە و شکڵەکانیدا، دەسەڵاتە لە ئاستی سەرەوە و ئەو پێوەندییە ناسالمانەیە کە دەسەڵاتداران بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان وەک ڕەهێڵەیەکی بەربڵاو تەنیویانە. لەوماوەیەدا خامنەیی و دەزگای قەزایی باس لە پێکهێنانی لێژنەی سێ کەسی لە قازییەکان بۆ دادگایی و سزادانی گەندەڵکاران دەکەن و وا دیارە بۆ ئەو مەبەستە پەت ‌و سێدارەشیان بۆ چەند کەسێک هه‌ڵ خستووه‌. شک لەوەدا نییە دیاردەی بەربەرینی گەندەڵی و دزیی هەزاران هەزار میلیاردی و کەڵکورەگرتن لە ڕانتە حکوومەتییەکان بە لەسێدارەدانی چەند کەس و مۆرەیەکی سووتاو لە کاربەدەستانی دەوڵەتی و ئەو کەسانەی کە خامنەیی و دەزگای قەزایی دەبێ بۆ پاراستنی نیزامەکەیان قوربانییان بکەن، نەک هەر ناتوانێ ڕیشەکێشی بکا، بەڵکوو ئەو هەنگاوە، واتە پێکهێنانی لێژنەی سێ کەسی و دادگایی کورتخایەن و ده‌رکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەک بۆ چاوترساندنی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێرانە و لەلایەکی دیکەش بۆ پووشبەسەرکردنی ئاست و قەبارەی گەورەی گەندەڵی لە «نیزامی موقەدەسی کۆماری ئیسلامی»یە! دەزگای قەزایی و ئەمنییەتیی ڕێژیم توانای خاشەبڕکردنی گەندەڵیان نییە چونکە بۆخۆیان لەگەندەڵییەوە گلاون و لە ڕاستیدا دەبێ لەسەرەتادا بۆخۆیان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای قەزایی کە لەو چەند ڕۆژەدا بەفەرمی ئیزن لە خامنەیی دەخوازی بۆ پێکهێنانی ئەو لێژنە سێ قۆڵیانە و دادگایی خێرای گەندەڵکاران، بۆخۆی یەکێک لە گەورەترین گەندەڵکاره‌کانە و لەکەس شاراوە نییە کە وه‌ک مه‌حموود سادقی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باس ده‌کا زیاتر لە ٦٠ حیسابی بانکی بە بڕی هەزار میلیارد تمەن لە پارەی متمانەبڕی (وثیقە)ی تۆمەتباران لەسەر ناوی ناوبراو کراوەتەوە و ساڵیانە دووسەت میلیارد تمەن سوودیان دێتەسەری. لەڕاستیدا سەرچاوەی گەندەڵی لە ئێراندا بەشێوەی گشتی نیزامی کۆماری ئیسلامییە و ئەو جۆری نیزامەکه‌یە کە ڕێخۆشکەرە بۆ پەرەسەندنی گەندەڵی و بەشێوەی تایبەتیش سپای پاسداران وەک گەورەترین مافیای زاڵ بەسەر ئابووری ئێراندا و ئەو بنکە و بونیاتە زۆر و زەبەلاحانەیە کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاساکانی ئەو ڕێژیمە، سەر بە بەناو «بەیتی ڕیبەرین» و جگە لە خامنەیی وڵامدەری هیچ کەس و لایه‌نێک نین. قەیرانی ئابووری بێوێنەی ئەو چەند مانگە، بەتایبەت پاش هاتنەدەرێی یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەتنی بەرجام لەلایەک ئابووریی ئێرانی هەڵتەکاندووە و بووەتە هۆی ئاوسان و گرانیی لەڕادەبەدەری سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و تەنگی بە دەیان میلیۆن لە خەڵکی هەژار و کەمداهاتی وڵات هەڵچنیوە و؛ لەلایەکی دیکەش مەیدانی بۆ باندە مافیاییە ئابوورییەکانی دوور و نیزیک لە دەسەڵات بۆ تەڕاتێن و هەڵلووشینی داهاتی وڵات خۆش کردووە. هەر لەو ماوەیەدا بازاڕی پشک و دراو و زێر هەژانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و کار گەیشتە ئەوەی دۆڵارێکی ئەمریکایی بە نیزیکەی ١٢ هەزار تمەن ئاڵووێری پێ بکرێ؛ لەبەرانبەریشدا کەلوپەڵ و پێداویستییەکانی خەڵکی، تەنانەت بەرهەمە نێوخۆییەکانیش، نرخیان بەشێوەی سەسورهێنەر چووە سەرێ و بەم چەشنە گوشارێکی تاقەتپرووکێن کەوتووه‌ته‌ سەرشانی خەڵکی، بەتایبەت چینی هەژار و کەمداهاتەکان. بێگومان لە داهاتووشدا و لەپاش قۆناغی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا کە کەرتی نەوت و گازی ئێران دەگرێتەوە، داهاتی فەرمیی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوەی کەهەیە کەمتر دەبێتەوە و گوشاری زیاتر دەکەوێتە سەر کۆمەڵانی داماوی خەڵکی ئێران. لەو بەینەدا ڕایەڵی بەربەرینی دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆڕەکانی نیزیک به‌ دەسەڵات بێکار نابن و بەهەموو هێزو توانایانەوە تێ دەکۆشن لەودۆخە شڵەژاوە کەڵک وەرگرن و گیرفانه‌کانیان بئاخنن. ئەگەر ئاوڕێک لە دزی و بەفیڕودانی داهاتی گشتیی وڵات و گەندەڵییەکانی چوار دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، دەبینین که‌ لە زۆربەی ئەو گەندەڵییانەدا دەستی مافیای سپای پاسداران و ئۆرگانەکانی سەر بە خامنەیی پێوە دیارە. بوونی دەیان پەروەندەی دزی و گەندەڵیی سەدان میلیارد تمەنی و تاڵانی داهاتی نەوت و گازی ئێران و پاوانکردنی هەناردە و هاوردەی زۆربەی کالا و پێداویستییەکان لەلایەن مافیای سپای پاسداران و بوونی چەندین ڕێڕەوی هەوایی، دەریایی و ویشکانی بۆ قاچاغی ماشێنی گرانبایی و کەلوپەلەکانی دیکە نیشانەی ئەو ڕاستییەن کە گەندەڵی ئاوێتەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بووە و لێکهەڵاواردنیان ڕێی تێ ناچێ. هەتا ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەش لە دەسەڵاتدا بمێنێ، چارەنووسی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەوە باشتر نابێ و ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە کۆماری ئیسلامی هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی خەڵکی داماوی ئێران هەڵێنێتەوە. ئەو ڕێژیمە کە چنگی بەسەر چارەنووسی خەڵک و هه‌موو داهات و سامانی ئەو وڵاتە داگرتووە، نەک هەر ئامادە نییە چاوێک بە سیاسەتەکانی خۆی لە دەرەوە و لە نێوخۆدا بخشێنێتەوە، بەڵکوو زۆر لە جاران مکووڕتر و پێداگرتر درێژە بە کاروکردەوەکانی ده‌دا و ئەوەی بۆی گرینگ نییە، ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی بێدەرەتانی خەڵکی ئێرانە کە هەژاری و نەداری و دەسکورتی بە چۆکیدا هێناون. گەندەڵی هەوسارپچڕاو کە نیزامی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگه‌ی ئێرانی گرتووەتەوە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەیە و بەدڵنیاییەوە هەتا کۆماری ئیسلامی بمێنی گەندەڵی و داتەپینی ئابووری و لێکەوتەکانی دەمێنن و بگرە زیاتر زەخت لەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دادەنێن. هەر بۆیەشە باشترین رێگا بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە ئەوەیە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران به‌ یه‌کڕیزی و شێلگیرییه‌وه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌م نیزامە گەندەڵە تێ بکۆشن کە ماوه‌ی چوار دەیەیە دەسەڵات و ژیان و چارەنووسی گەلانی ئێرانی لەپاوانی خۆی گرتووە، به‌ تایبه‌ت له‌ ئێستادا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو زەخت و گوشارەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەری داناون، ڕژیم زیاتر لە هەموو کاتێک لەرزۆکتر بووە. بێگومان به‌ به‌رده‌وامیی ئه‌م گوشارانه‌ و قوڵبوونەوەی ڕاپەڕینی جەماوەری کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران، ئەو ڕێژیمە دژی گەڵییە هیچ داهاتوویەکی لە ئێراندا نامێنێ و درنگ یان زوو بەرەو هه‌ڵدێری نەمان دەڕوا. لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)