کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی:له جیاتی پێشبڕکێی خەباتی پێشمەرگانە، دەبوا ستراتیژی و بەرنامەی هاوبەشمان هەبا بۆ ئەو مەبەستە

05:25 - 2 خەرمانان 2718

دەگوترێ که‌ حیزبی دێموکرات داهێنەر و خاوه‌نی‌ ئه‌و سێمبولانه‌یە که‌ ئه‌مڕۆ کوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌. وەکوو ده‌وڵه‌تی کوردی، ئاڵای کوردستان، ناوی پێشمەرگه‌ و ‌سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد،‌ ئەم قسەیە‌ تا چه‌ندە ڕاستە‌؟ دەکرێ بڵێین پێش دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتیش ڕه‌نگبێ باس له ‌ده‌وڵه‌تی کوردی کرابێ، ده‌زانین که‌ کورد‌ خاوه‌نی زیاتر لە سه‌ده ‌و نیوێک خه‌بات و تێکوشانه بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ دابینکردنی مافه‌کانی خۆی. ئه‌وه‌ی گرینگه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و قۆناغانه‌دا کورد له‌ هه‌ر شوێنێک توانیبێتی ڕاپه‌ڕێ، هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واکانی خۆی گه‌لێک له‌م ده‌سته‌واژانه‌ ڕه‌نگه‌ باس کرابن. مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌زانن له‌ جه‌ریانی په‌یمانی سیڤه‌ر و په‌یمانی لۆزاندا مه‌تره‌ح بووه،‌ زۆر پێشتر له‌وه‌ی که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان دابمه‌زرێ، وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ش که‌ ناوێکی پیرۆزه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و خه‌باتکارانه‌ی که‌ چه‌ک هه‌ڵ ده‌گرن بۆ بەرگری له‌ نه‌ته‌وه‌که‌یان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمن له‌ ده‌ستدرێژییه‌کانی بۆ سه‌ر مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان وشه‌یه‌ک بووه‌ ڕه‌نگه‌ زۆرجار به‌کار هاتبێ، ئاڵای کوردستان ئه‌و ئاڵا سێ ڕه‌نگه‌ی که‌ ئێستاش به‌ ڕسمی لانیکه‌م له‌ پارچه‌یه‌کی کوردستان واتە له‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ئاڵای ڕه‌سمی کوردستان ناسێندراوه‌ ئەویش پێش دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕه‌نگبێ بیری لێ کرابێته‌وه‌ و قسه‌ی لێ کرابێ، ته‌نانه‌ت وه‌ک باس ده‌که‌ن له‌ په‌یمانی سێ سنووری کورداندا دانانی ئاڵایه‌کی ئاوا هاتووەته‌ به‌ر باس؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه‌ دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات ڕسمییه‌تی دا به‌م سیمبولانە. دڵدار شێعری «ئه‌ی ڕه‌قیب»ی پێش دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان هۆندبۆوە، به‌ڵام که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان دامه‌زرا و به‌ پێی به‌رنامه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆماری کوردستان دامه‌زرا، ئه‌م شێعره‌ بوو به‌ شێعری سرودی نه‌ته‌وه‌یی و‌ خەڵکی کوردستان له‌و ده‌مه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ک سروودی نه‌ته‌وه‌یی قبوڵیانه‌ و ده‌یڵێنه‌وه‌. وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ کە له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشنیار کرابوو، له‌ حکوومه‌تی کۆماری کوردستاندا به‌ بڕیارێکی ڕه‌سمی بوو ‌به‌ ناوی ئه‌و چه‌کدارانه‌ی که‌ چه‌ک بۆ پاراستنی کۆماری کوردستان و بو پاراستنی نەتەوەی کورد هه‌ڵ ده‌گرن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین پێش دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کورستانیش ئه‌م هێما و سیمبولانە‌ هه‌بوون، هه‌رچه‌ند به‌و جۆره‌ مه‌تره‌ح نه‌بوون؛ به‌ڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان شانازیی ئه‌وه‌ی پێ بڕاوه‌ که‌ ڕه‌سمیه‌ت بدا به‌م ده‌سته‌واژانه‌ و وه‌کوو کۆمه‌ڵێک بایەخی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ڕه‌سمییه‌تیان بناسێنی که‌ هه‌تا ئێستاش لای نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌ قبووڵ کراوه‌. بەڵام ئەم حیزبە ئێستاش بە ئامانجە سەرەکییەکەی نەگەیشووە و زۆر که‌سیش نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن‌ که‌ نه‌کا داهاتووی حیزبی دێموکرات وه‌ک داهاتووی حیزبی توده‌ی ئێرانی لێ بێ. لەو بارەوە دەڵێن چی؟ من ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم له‌و به‌شه‌ له‌ کوردستان که‌ ڕوژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ هه‌تا ئێستاش پێگه‌ی حیزبی دێموکرات به‌ گشتی له‌نێو خه‌ڵکی کوردستاندا پێگه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر به‌هێزه،‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگبێ له‌ ڕوژێکی وادا وه‌ک پڕوپاگه‌نده‌ بچێ بۆ حیزبێک که‌ ئێمه‌ بوخۆمان خاوه‌ندارێتیی ئه‌و حیزبه‌ ده‌که‌ین و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حیزبه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ واقعییه‌تێکه‌ له‌ زمان خەڵکه‌وه‌ ده‌یبیستی. ئه‌مه‌ ڕاستییەکە‌ زۆرێک له‌ ته‌حلیلگه‌ران و زۆر لە لێکۆڵەرانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی تەنانەت دەروونناسەکان دانی پێدا دەنێن. هۆکاره‌کەشی ڕابردوویەکی‌ دوورودرێژی خه‌باتی 73 ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ئەم حیزبە کۆمه‌ڵێک کاری پڕبایەخی کردوه‌، که‌ هه‌ندێ شتی له‌نێو کومه‌ڵگەی ئێمه‌دا جێ خستوە. بۆیه‌ ئاسان نییه‌ که‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ خه‌ڵک داببڕێ و بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ئاخۆ داهاتووی ئه‌م حیزبه‌ له‌نێو خەڵکدا چیی لێ دێ. من دڵنیام ئەم پرنسیپه‌ جێکه‌وتووه‌ وای کردوه‌ خه‌ڵک هه‌تا ئێستاش له‌ ڕوژهه‌ڵاتی کوردستان ئومێدیان به‌ حیزبی دێموکرات بێت و ئه‌مه‌ بۆخۆی ده‌ری ده‌خا حیزبی دیموکرات ئه‌و جێگه‌ و پێگه‌ هه‌میشه‌یه‌ی خۆی هه‌یه‌. لەوانەیە‌ جه‌ریاناتی سیاسیی دیکەش‌ هه‌بن، لەوانەیە‌ ڕووداوی سیاسی هاتبێته‌ پێش یا دیسان بێته‌ پێش و مومکینه‌ هێندیک هه‌ڵه ‌و نه‌دانه‌م کاری له‌ حیزبێکی سیاسی وه‌ک حیزبی دێموکراتیش ڕووی دابێ که‌ خه‌ڵکی لی دڵمه‌ند بووبن، یا نیگه‌رانی درووست بکا؛ به‌ڵام به‌ بڕوای من ئه‌م پرنسیبانه‌ی که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی 73 ساڵ خه‌باتدا له‌نێو خەڵکدا جێی خستوون بۆخۆی بووەته‌‌ چه‌ند کۆ‌ڵه‌که‌یه‌کی به‌هێز که‌ حیزبی دێموکراتی لەسەر ڕاوەستاوە و کردوویەتیە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک. واتە حیزب بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ کولتووری خه‌ڵک؟ بەڵێ بەڕاستی وای لێ هاتووه‌. ئەتۆ بێهینە بەرچاوی خۆت ئه‌و وه‌ختانه‌ی که‌ له‌ حیزبی دێموکراتدا کێشه‌یەک دروست ده‌بێ، بۆ وێنە له‌ کونگره‌ی 13دا کێشه‌یەک دروست بوو که‌ به‌داخه‌وه‌ دوای زیاتر له‌ ساڵێک ده‌وامی کێشه‌کان له‌ حیزبی دێموکراتدا و چاره‌سه‌رنه‌کردنی به‌هۆی هێندێک نه‌زانکاری له‌لایه‌ن ڕێبه‌ریی ئه‌ وه‌ختی حیزبه‌وه‌، حیزبی دێموکراتی تووشی له‌تبوون کرد. خه‌ڵک نه‌یان توانی به‌ نسبه‌ت ئه‌مه‌وه‌ بێ ته‌فاوت بن. هه‌ر ئه‌مه‌ بوخۆی ده‌لیلێکه‌ بو ئه‌وه‌ی خه‌ڵک چه‌نده‌ ئومێدیان به‌ حیزبی دێموکراته‌ و چه‌نده‌ نیگه‌رانن له‌ وه‌زعییه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان. 11 ساڵه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ت بووه‌ و دوو حیزبی دێموکرات به‌ جودا کاری سیاسیی‌ خۆیان درێژە‌ ده‌ده‌ن به‌ڵام یه‌ک زه‌ڕه‌ش له‌ نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌و خەڵکه‌ که‌م نه‌بووەته‌وه‌. خه‌ڵکی کوردستان ئێستاش هیوایان به‌ حیزبی دێموکراته‌ و حیزبی دێموکرات هه‌رچه‌ند به‌ دوو حیزبی دێموکرات تێکۆشانی خۆی درێژه‌ی ده‌دا؛ به‌ڵام هه‌موو لایه‌ک وه‌کوو یه‌ک هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، وه‌ک یه‌کی ده‌بینن و ئه‌گه‌ یه‌کیان هه‌ڵه‌ ده‌کا پێیان ناخۆشه‌ و، یه‌کیان کاری چاک ده‌کا پێیان خۆشه. یانی وا نه‌بووه‌ که‌ خەڵک له‌ ڕووی زێهنییه‌وه‌ لانیکه‌م ئه‌م دوگانه‌گییه‌ی قه‌بووڵ کردبێ، ئه‌مه‌ بوخۆی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م خەڵکه‌ دیسانیش ئومێدیان به‌ حیزبی دێموکراته‌ و ئومێدیان به‌ داهاتووی حیزبی دێموکراته؛‌ لەبەر ئەوەی داهاتوی خۆیان گرێ داوه‌ به‌ داهاتوی‌ حیزبی دێموکراتەوه‌ و داهاتووی باشی خۆیان له‌ داهاتوی باشی حیزبی دێموکرات دا ده‌بینن. دیارە هاوکات لەگەڵ باسکردنی ئەمانە، دەبێ کەموکۆڕییەکانی حیزبی دێموکراتیش دانەپوشین و چاوپوشی نەکەین لە هەڵەکانمان. بەڵام لەگەڵ دیتنی هەڵەکانمان ئەمن پێم وایە دیسانیش ئەوەی کە ئومێدبەخشە بۆ داهاتووی خەباتی ئێمە لە کوردستان و لەنێو خەڵکی خۆماندا دیسانیش ئەو گرێدراوییە بەهێزەیە. ئەو کولتوورسازییەی حیزبی دێموکراتە کە لە 73ساڵدا لە نێوان خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا دروست بووه‌. کاک کەماڵ ئەو خەڵکە وەک خۆت فەرمووت نیگەرانن لەو وەزعەی کە ئێستا ئەو حیزبە گەورەیە ‌تووشی بووە. ئێستا دوو حیزبی دێموکرات هەیە و دوو هەیئەت هەیە بۆ یەکخستنەوەی حیزبی دێموکرات. جەنابیشت بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی. پرسیار ئەوەیە داهاتووی حیزب چی ئەبێ؟ ئایا هەروا بە دوو باڵ ئەڕوا؟ چۆنی یەک ئەخەنەوە و چۆن خەڵک دڵنیا دەکەنەوە کە ئەو حیزبە یەک دەگرێتەوە؟ بە داخەوە ناخوشە کە بڵێم جارێ دانوستانەکانمان ڕاوەستاوە، ئەویش هۆکارەکەی بەداخەوە وەک بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە وتووێژێکی لە ڕادیۆ ئەمریکادا گوتی، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیەی ئەخیری ئەوان لەزستانی ڕابردوودا و ئەوە بووە هۆی وەستانی دانیشتنەکانمان. بەڵام لە مێژە گوتومانە و ئەوەی کە لەلای حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە ڕاگەیەندراوە ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات مەحکوومە بە بەیەکەوە بوون. ئەمە شتێک نییە لە ئێرادەی ئێمەدا یا لە ئێرادەی ئەواندا بێت. ئەمە لە ئێرادەی گشتیی خەڵکی کوردستان و لە ئێرادەی گشتی ئەو دێموکراتانەیە کە دڵسۆزانە لە خەمی داهاتووی حیزبی دێموکرات دان. چەندە حەق بەمنە یا چەندە حەق بە تەرەفەکەمە لە دانیشتنەکاندا ئەوە هیچ لەم بیرۆکەیە ناگۆڕێ کە مادام خەڵکی کوردستان ئومێدیان بە حیزبی دێموکراتە و داهاتووی خۆیان بە داهاتووی حیزبی دێموکرات گرێ داوە، کەوابوو ئەوان چاوەڕوانی ئه‌وه‌ن بزانن حیزبی دێموکرات ئەم داهاتوویە چۆن دەنەخشێنێ، بۆیە دەڵێم مەحکوومین بەیەکەوە بوون. وەک فەرمووت و کاک مستەفا هیجریش باسی کردووە، کۆنگرەی دواجاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووەتە هۆی پەکخستنی دانیشتنەکان. ئێوە دەفەرموون مەحکوومین بەوە کە یەک بین. ئەدی باشە ئێوە چۆن دیسان دەست پێ دەکەنەوە؟ بە بڕوای من سەخت نییە. بەپێی ئەو باسانەی کە لە نێوخۆماندا هەمانە و بە تایبەتی لە دەفتەری سیاسیدا، ئێمە هەست دەکەین کە کارێکی سەخت نییە. ئەی بۆچی جێبەجێ ناکرێ؟ جێبەجێ نابێ لەبەر ئەوەی کە کارێک نییە کە یەکلایەنە بە ئێمە بکرێ. دەبێ هەر دوو لایەن بە یەکەوە بیکەین، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی کە دەڵێین مه‌حکوومین بە بەیەکەوە بوون، لانیکەم ئەمن دەڵێم لە ئێستا بە تایبەتی لە وەزعیەتی ئێستای ئێراندا ئێمە بڕوانینە مەوزوعەکان کە دەبینین کاری زۆر بەپەلە بۆ ئەو بابەتە لە بەردەست دایە و ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ناتوانین ئەم حیزبە یەک بخەینەوە و بیکەینەوە بە حیزبێکی واحید، بەڵام هێندێک شت مەجبوورمان دەکا ئیمە وەکوو یەک تەعاموول بکەین لەگەڵ ڕووداوەکان، وەک ئەوەی لە ڕوانگەی خەڵکەوە ئەمن بڕوانمە مەوزووعەکە نەک لە ڕوانگەی خومەوە. ڕوانگەی خەڵک چۆن؟ ڕوانگەی خەڵک ئەوەیە کە ئومێدیان بە حیزبی دێموکراتە و داهاتووی خویان بە داهاتووی حیزبی دێموکرات گرێ داوە، ئەو حیزبی دێموکراتەی کە ئەوان دەیبینن نە ئەمن دەیبینم، نە تەرەفەکەم دەیبینێ، ئەوەی کە خەڵک دەیبینێ. ئەگەر خەڵک ئومێدی بەوەیە کە ئەم حیزبە ببێتەوە یەک حیزب. بە بڕوای من لە قوناغی ئاوادا زۆر کێشەی گرینگ لە بەر دەممان دایە کە ئەمن دەڵێم مادام خەڵک چاوی لەوەیە کە حیزبی دێموکرات دەبێ گرێگوشای کێشەکانی ئەوان بێ ئەم حیزبی دێموکراتە دەبێ دانیشێ ئەگەر بیر لەوە ناکاتەوە یەک بگرێتەوە بیر لەوە بکاتەوە چۆن بەیەکەوە ڕووبەڕوی ئەم پرسانە ببنەوە؟ چۆن بیر لە چارەسەری ئەم کێشانە بکەنەوە؟ چۆن دانیشن نەخشە ڕێگه‌ دانێن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی لەگەڵ ئەم کێشانە؟ ئێران بەرەو قەیرانێکی قووڵ ڕۆیشتووە و ئەم قەیرانە لە هەر حاڵدا ئێرانی خستووتە سەر دووڕێیانی ڕووخان یا گۆڕان. دەڕووخێ ئێمە چ دەکەین، دەگوڕێ ئێمە چ دەکەین؟ ئەمە کاری هەموو حیزبەکانە و ئەمن ناڵێم تەنیا کاری ئێمەیە. بەڵام پێش هەموو که‌س ئه‌گه‌ر لە دیدی ئەو خەڵکەوە بڕوانین عەکسی ڕوانگەی ئەم دو حیزبی دێموکراتەیە. کە وابوو ئەگەر بیر لەوە ناکەینەوە جارێ چۆن یەک دەگرینەوە مەجبوورین بیر لەوە بکەینەوە چون دادەنیشین بەیەکەوە نەخشە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ ڕوبەروبوونەوە لەگەڵ ئەم چالشانە و بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بکەین. کاک کەماڵ لە ئێستادا ئینترنێت و تۆڕە کومەڵایەتییەکان بوون بەبەشێک لە ژیانی خەڵک به‌تایبه‌تی تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنی. زۆر خەڵک کە لە دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دان لە کاروکردەوەی ئەندامانی هەردوو لا نیگه‌رانن. دیارە ئەمن نامهەوێ بڵێم ئەم لا باشە ئەو لا خراپە، یا فەڕق و جیاوازییەک دابنێم. خەڵک نیگەرانە، دەزانن ئەگەر سەرکردایەتیی هەردوولا بیرێک نەکەنەوە دواڕوژ تووشی شتی قەرەبوونەکراوه‌ ده‌بین ئێوە چ دەڵێن بە خەڵکێک کە نیگەرانە لەو بارەیەوە؟ بەو خەڵکە دەڵێم ئەو نیگەرانییە زۆر زۆر لە جێی خۆی دایە و ئەگەر بێتوو ڕێبەریی ئەم دوو حیزبی دێموکراته‌ ناتوانن ڕێگە چارەیەک دابنێن یان هەوڵ بدەن بۆ یەکگرتنەوەیەکی یەکجاری کە بتوانن ببنە خاڵێکی بەهێز بۆ ئەو بزووتنەوە و هیوا بەخش بن بۆ خەڵکەکەمان بە نیسبەت ڕوانگەیان بۆ داهاتوو، بەڵام لە ئێستادا پێویستە حەتمەن بیر لەوە بکەنەوە کە هەر دوو لایەن مەجبوورن بەیەکەوە تەعامولێکی درووستیان هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن بەرەوڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە ڕۆژانە لە کوردستان ڕوو دەدەن. با وا بکەین خەڵک واقعبینانە بیربکەنەوە، واقعبینانە شتەکان لە زمان ئێمەوە ببیستن، ئێمە دەڵێین ئەم دوو حیزبە هەر دووکیان دوو هێزی پێشمەرگەی بەهێزیان هەیە، کامیان زیاتر، کامیان کەمتر، کامیان بەتەجروبەتر یا کامیان کەم ئەزموونتر؛ ئەمانە هیچ لە مەوزووعەکە ناگوڕێ. بەڵام دەڵێین ئه‌گه‌ر بۆ وێنە بێتوو له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پێشبڕکێ بکەین بۆ خەباتی پێشمەرگانە، ئەگەر بێتوو دانیشن بەیەکەوە بیر لەوە بکەنەوە کە ستراتیژیی چەکدارانەی بزووتنەوەی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستان چییە و بە پێی ئەو ستراتیژییە هەنگاو بنێین. به‌رنامه‌یەکی هاوبەش دانێین بۆ کاری پێشمەرگایەتی. بێگومان ئەمە زۆر سەرکەوتووتر دەبێ لەو کارەی کە لە ئێستادا دەکرێ. نموونەیەکی دیکە دەڵێم ئەگەر حیزبی دێموکرات یەک بێت لە دنیای دەرەوە گوێبیستی زۆر زۆر دەبێ. ئێستا ئەوانەی ئەم وتووێژە دەخوێننەوە و بەتایبەتی ئەوانەی کە خەمخۆری هه‌ر دووبەشی دێموکراتن، دەزانم دەڵێن ئێمە جگە لە یەکگرتنەوەی دێموکرات هیچی دیکەمان ناوێ، بۆیه‌ ئه‌و پرسیارە لە جەنابت دەپرسم و کۆتایی بەو باسە دێنم. جەنابت وەکوو کەسێک کە لەو بوارەدا بەرپرسایەتیت هەیە بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوو باڵی دێموکراتە هیوادار هەی؟ چی بە خەڵک دەڵێی؟ ئەو داوایەی خەڵک زۆر پیرۆزە، ئەو داوایە تازە نییە له‌ ڕاستیدا پێش لەتبوونی حیزب ئەو داوایه‌ هەبوو. ئەمن بەبیرم دێ پێش لەتبوونی حیزب دەستە دەستە لەو دیوەوە خەڵک دەهاتن دیداریان دەکرد لەگەڵ برادەرانی ئێمە و لەگەڵ کاک مستەفای هیجری و له‌گه‌ڵ خەڵکی دیکە، بۆ ئەوەی کە ڕێگە چارەیەک بخەنە بەردەم ڕێبەریی ئەودەمی حیزب کە پێش بەوە بگیردرێ. بەڵام بەداخەوە چارەسەرەکەی به دەست ئێمە نەبوو. نیگەرانییەکەیان ئێستاش لە جێگای خۆیەیەتی، من ئێستاش دەڵێم ئەگەر ئەوان نیگەرانن ئێمەش نیگه‌رانین. ئێمه‌ش دەڵێین بەڵێ هەرکاتێک زەمینەیەکی لەبار خوڵقا و ڕوانگەیەکی هاوبەش دیتراوە بۆ ئەوەی کە ئه‌م حیزبه‌ ببێتەوە یەک نابێ بە هیچ جۆر ڕۆژێک وەدرەنگێی بخەین. ئێستا بە هەر هۆیەک کە ئەم ئامادەییە لە هەردوو لا نییە، دەکرێ بیر لەوە بکەینەوە بزانین چی دەتوانێ ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە و چ ڕێگەیەکی ترمان له‌به‌ر ده‌مدا هەیە کە یه‌کبوون و یەکگرتویی حیزبی دێموکرات نیشان بدات. بەبڕوای من ئەوه‌ی که‌ یەک حیزبی دێموکرات هەبێ زۆر باشە، بەڵام ئەگەر نەبوو بیر لەوە بکەینەوە دێموکراتەکان لە بواری ستراتیژیی سیاسی و له‌باری ستراتیژیی چەکدارییەوە ڕوانگەی هاوبەشیان هەبێ. یانی لە هەر بۆارێکدا دەبێ بە کاری هاوبەش قەرەبووی ئەوە بکەینەوە. هەرچەند هیوادارم زیاتر بەرەو ئەوە بڕۆینە پێشەوە کە حیزبی دێموکرات ببێته‌وه بە ‌یەک. زۆر کەسیش نیگەرانی دەستتێوەردانی ئەحزابی پارچەکانی دیکە کوردستان لە ڕوژهەڵاتی کوردستانن و نایشارمەوە دیسانەکە لەوبارەوە مەسئوولییەتی گەورە دەخەنە ئه‌ستۆی حیزبی دێموکرات. لەو بارەوە دەڵێن چی؟ ڕاستییەکەی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات نەتەنیا ئێستا، بەڵکوو له٤٠‌ ساڵی ڕابردوودا، له‌ 50 ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لەو شتە گرینگانەی که‌ گوتومانە ئەوە بوە کە حیزبی هیچ پارچەیەکی دیکە حەقی دەخالەتی لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا نه‌بێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەسئولییەتەوە لە تەواوی تەمەنی خۆیدا ئه‌مه‌ی پاراستووه.‌ کاتی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە پێشنیار کراوە بە قازی محەممەد کە لقێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، یا لە باکووری کوردستان بکرێتەوە، قازی محەممەد ئەوەی قەبووڵ نەکردووە. قازی محەممەد سفارشی کردووە کە لەوێ حیزب دابمەزرێنن. هەر بۆیە ساڵی دواتر لێرە پارتی دێموکراتی کوردستان دادەمەزرێ. هەر لەو وەختەوە ئەم سیاسەتە هاتووه و‌ سیاسه‌تێکی درووسته. ئه‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌ خه‌باتی تێدا ده‌که‌ین سنووری قانوونیی خۆیان هه‌یه،‌ ڕاستە ئێمە ئەو سنوورانەمان قبووڵ نییە، کوردستان یەک کوردستانە و کورد یەک نەتەوەی دابەش کراوە، بەڵام مادام تۆ خەبات دەکەی دەبێ بیر لەوە بکەیتەوە ئێستا له‌و پارچه‌یه‌ی خۆت ئەو خەباتە بە کوێ دەگەیەنی. بەڵام بەداخەوە ئەمە زۆر جار نە پارێزراوە ئێمە پاراستوومانە خەڵکی دیکە نەیپاراستووە. هێندێکیان بە ناوی دۆستایەتی یان بە ناوی هاوکاری لەگەڵ حیزبە دۆستەکانیان لە ڕوژهەڵاتی کوردستان هاتوون ئەو کارەیان کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە هەمیشە پێمان وابووه‌ ئه‌مە تەنیا دەبێ لەسەر داوای قانوونیی ئەو حیزبانە بێ کە داوا بکەن لە حیزبێک کە یارمەتیی بدات، ئێمە لێره‌ لەشەڕی داعشدا هێزێکی چەکداریی یەکجار زۆر و بەهێزمان هەبوو، فەرماندەی زۆر بە وەج و لێزانمان هەبوو بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش داوامان لە حکوومەتی هەرێم کرد کە ئەگەر ئەوان پێویستییان بە ئێمەیە ئامادەین یارمەتییان بدەین. بۆخۆمان نەچووین ملی پێوە نێین. نەدەکرا و ئه‌مە بە دەخالەت دەزانین لە کاروباری ئەواندا و ئەگەر ئەوان داوایان بکردایە زۆر ئاسایی بوو کە ئێمەش لە مه‌یدانی شەڕدا، نەک هەر لە شەڕی داعشدا، بەڵکوو لە هەر شەڕێکدا کە ئەوان داوا لە ئێمە بکەن و پێیان وابێ کە پێویستە ئێمە هاوکارییان بکەین دیسانیش هەر ئامادەییمان هەیە و ئەمە ڕێگەیەتی. بەداخەوە ئەم نیگەرانییە هەیە، نیگەرانیەکەش زۆرتر بەداخەوە خەڵک له‌ پەکەکەی هەیە کە بەناوی جۆراوجور کار ده‌کا له‌وەدا، دەبینن لە باشووری کوردستان، لە ڕوژئاوای کوردستان یان لە ڕوژهەڵاتی کوردستان بە ناوی جۆراوجۆر حیزب درووست دەکا و واش دەکا کە نیشان بدا ئەو حیزبە ئی ئەوانە. ئەم حیزبانە بۆخوشیان ناتوانن جورێک عەمەل بکەن یا جورێک قسه بکەن یا جورێک سیاسەت بکەن کە نیشان بدەن کە نا وانین. هەر بۆیە ئێمە ئەوە بە دەخالەتێکی ناڕاست و ناپێویست بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستانی دەبینین. بەڵێ ئەگەر حیزبی دێموکرات یەک بێت و یا ئەگەر هەر دوو لای دێموکرات بەیەکەوە پلانێکی ستراتیژیی باش دابڕێژن، دەکرێ بە شێوەیەکی مەنتقی ڕوبەرووی ئه‌م کێشەیە ببینەوە. چی ئەڵێن بە خەڵکێک کە کوڕیان لە ڕیزی پەکەکە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان شەهید بووە؟ ئێمە نامانهەوێ بە خەڵک بڵێین کە سەربەست نەبن ڵە بیر کردنەوەدا، خەڵک ئازادن لە بیرکردنەوەکانی خۆیاندا و مافێکی زۆر سەرەتاییە بۆ هەر ئینسانێک لە هەر کومەڵگەیەکدا کە ئازادانە بیر بکاتەوە، بەڵام کە دێتە بواری سیاسی و کاری عەمەلییەوە ئێمە پێمان وایە هەموو تاکەکانی خەڵکی کوردستان دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە ڕوژهەڵاتی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کوردستانی گەورە، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکی جیایە و لە باری سیاسییەوە، کولتووری موبارزاتیی خۆی هەیە. خەڵک دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن سیاسەت دەکەن، بە پێی ئەم کولتوورە دەبێ ڕێنمایی پەکەکەش بکەن، کە جێگای ئەوان باکووری کوردستانە؛ چونکە لێرەدا پەکەکە هیچ رێگاچارە و هیچ بەرپرسایەتییەکی نییە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا. وەکو دوایین پرسیار، حیزبی دێموکرات پاش 73ساڵ جگە لە ساڵی یەکەم تا ئێستا نەبووە بە دەسەڵات ئەی کەی دەبێ بە دەسەڵات؟ 73 ساڵ تەمەن بۆ حیزبێکی سیاسی تەمەنێکی کەمە بۆ ئەوەی کە تو بڵێی توانیبێتی بە ئامانجەکەی بگا یا نەگا، بەتایبەتی کە بیر لەوە بکەینەوە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا نین کە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات هەوڵ بدەین. هەروەها ئێمە لە وڵاتێکدا خەبات دەکەین کە کەمینەیەکین و زۆرینەی ئەو وڵاتە تا ئێستا لەگەڵ ئێمە هاوڕا نەبووە، زۆرینەی ئەو وڵاتە بەردەوام دژایەتیی ئێمەیان کردوە، نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران نەیانتوانیوە بێن بگەنە ئەو ئاستە کە بتوانن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ لە خەباتدا هاوڕا بن، لە دۆخێکی ئاوادا حیزبێکی سیاسی ئەگەر لە 73 ساڵی تەمەنی خۆشیدا نەیتوانیوە بگاتە دەسەڵات، 73 ساڵ نابێ زۆر بۆی بنووسرێ. بەڵێ ئێستا ئەگەر من کوردستانم هەبێ و هەوڵ بۆ دەسەڵات بدەم لە20 ساڵی ئەوەڵدا نەمتوانی بە دەسەڵات بگەم، ئەوە حیزبەکەم کێشەیەکی هەیە یا دەبێ هەڵوەشێتەوە یا ستراتیژییەکانی بگۆڕدرێ؛ بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێی ستراتیژییەکی دروست کاری کردوە کە توانیویەتی 73ساڵ وەکوو پێشڕەوترین و گەورەترین حیزبی خەڵکی کوردستان بمێنێتەوە. ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان شایەنی ئەوە نەبایە و خاوەنی ئەو ستراتیژییە دروستە نەبوایە لەو 73ساڵەدا بێگومان ئێستا دەبووە حیزبێکی چکۆلەی ڕوژهەڵاتی کوردستان و ئەو جورەی کە پێشتر باسمان کرد کەس بە جێگای ئومێدی خۆی نەدەزانی. *** لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)