کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران لە قەیرانی ڕەواییەوە بەرەو قەیرانی فەرمانڕەوایی

06:03 - 2 خەرمانان 2718

ڕێژیمی سیاسیی هەموو وڵاتێک ڕەواییی خۆی لەو یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ وەردەگرێ، کە لە لایەن خه‌ڵکی وڵاتەکەوە پەسند دەکرێ. بەڵام بە سەرنجدان لە مێژووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕاستییە زۆر بە ئاشکرا دەردەکەوێ، کە ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی فرەنەتەوە و فرەئایین و ئایینزای ئێراندا هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە ڕەوایی نەبووە. هەرچەند ڕێژیم خۆی ئیدیعا دەکا کە لە ڕیفراندۆمی پەسندکردنی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ڕێژیمدا ٩٨%ی خەڵکی ئێران دەنگی «بەڵێ»یان به‌ کۆماری ئیسلامی داوه‌، کەچی لەو قانوونه‌دا تەنانەت مافی ئایینزا ئیسلامییەکانیش پێشێل کراوە و لەڕاستیدا بە پێی ئەو قانوونگه‌له‌ ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێراندا بە پێچەوانەی ناوەکەی، تەنانەت ئیسلامیش نییە، بگرە ڕێژیمی شیعەی دوازدە ئیمامییە و باقیی ئایینزا ئیسلامییەکانی وەکوو لقەکانی دیکەی ئایینزای شیعە و ئایینزای سوننەی بەتەواوەتی وەپشتگوێ خستووە. خۆ دیارە ئایینە غەیرەئیسلامییەکانیش بێجگە لە حاشانەکردن لە ناوەکەیان هیچ مافێکیان پێ ڕەوا نەدیتراوە، بگرە بەشێکیان وەکوو بەهایی و یارسان و... هەر ناویشیان لەو دەستوورەدا نەهاتووە، هەروەها ئەو ڕێژیمە ڕێژیمی گەلانی ئێرانیش نییە، بەڵکوو ڕێژیمی نەتەوەی فارسە و تەنیا زمانی فارسی ئیمکانی خوێندنی هەیە و زۆر بابەتی ئیتنی و ئایینیی دیکەش لەو دەستوورەدا ڕەچاو نەکراون، هەربۆیە ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە بەلای هەموو گەلانی ئێرانەوە پەسند نەبووە و لەڕاستیدا ڕێژیم لە قەیرانی ڕەواییدا دەستبەکار بووە. نموونەی هەرەبەرچاو، نەتەوەی کوردە کە نە دەنگی بەو دەستوورە داوە و نە هەرگیز بە ڕەواییشی زانیوە. بەڵام سەرباری قەیرانی ڕەوایییەکەی، ڕێژیمی تاران لە سەرەتاوە توانی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا بسەپێنێ. یەکێک لەو هۆکارانەی کە یارمەتیدەری ڕێژیم بوو بۆ ئەوەی سەرباری قەیرانی ڕەواییەکەی لە دەیەی یەکەمی ژیانیدا کەمتر ڕووبەڕووی قەیرانی فەرمانڕەوایی ببێتەوە، جەنگی عێراق و ئێران بوو، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە، ناڕەواییی ڕێژیم لە نێو گەلانی ئێراندا گەیشتە ئاستێک کە بەشێک لە کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم هەستیان کرد بەرەبەرە تووشی قەیرانی فەرمانڕەواییش دەبن، بۆیە لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە بزاقی ڕێفۆرمخوازییان هێنایە گۆڕێ و توانییان زیاتر لە دەیەیەک ناڕەواییی ڕێژیم بە ناوی ڕێفۆرمەوە پەردەپۆش بکەن، بەڵام پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ساڵی ١٣٨٨ و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکەی خەڵکی ئێران بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئیدی بزاڤی ڕیفۆرمخوازیش تووشی قەیران هات، لە ئەنجامدا نەک هەر ڕەواییی ڕێژیم، بگرە فەرمانڕەواییی ڕێژیمیش کەوتە قەیرانەوە. قەیرانی ڕەواییی دەستووری و قەیرانی فەرمانڕەواییی ڕێژیم پاش هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیم و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە لایەن ئەمریکاوە هێندەی دیکە ڕەواییی ڕێژیمی تووشی قەیران کردووه‌. ئێستا ڕێژیم وەها سەری لێ شێواوە کە نازانێ چۆن قەیرانە نێوخۆییەکانی لەگەڵ ئەو قەیرانە ڕێک بخا کە بەربینگی بە سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم گرتووە. ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمێکی سیاسیی ڕەوایان هەیە، سیاسەتی دەرەکییان بە پێی دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەیان دادەڕێژن، ئێستا ڕێژیمی تاران ناچار بووە بە پێی ئەو فشارەی لە دەرەوەی سنوورەکانییەوە که‌وتووه‌ته‌ سه‌ری، بیر لە چۆنییەتیی فەرمانڕەواییی نێوخۆی وڵات بکاتەوە. لە کاتێکدا کە لە نێوخۆی وڵاتیشدا بە هۆی کۆمه‌ڵێک قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە تەنانەت بەلای ئیتنی «شیعەفارس»یشەوە ڕەوایی خۆی دۆڕاندووە و گەلانی غەیری «شیعەفارس»یش که‌ هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕێژیمەیان پێ ڕەوا نەبووە. لەبەر ئەمە ڕێژیم لێی ڕوون بووەتەوە کە ئیتر ناتوانێ فەرمانڕەواییەکی دەستووری لە هیچ شوێنێکی ئێراندا بسەپێنێ، بۆیە بەتەواوەتی خۆی بۆ سەپاندنی حکوومەتێکی میلیتاری بەسەر گەلانی ئێراندا ئامادە کردووە و گەلانی ئێرانیش سەرباری سەرکوتی توندیان لە لایەن چەکدارە ناڕەواکانی ڕێژیمەوە، کە بە زاراوەی سیاسی بەو جۆرە چەکدارانە دەگوترێت میلیشیا، لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بەردەوامن لە جۆرە جیاوازەکانی خۆپێشاندان و مانگرتن و لێبڕاون کە کۆتایی بەو ڕێژیمە ناڕەوایە بێنن. لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)