کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گشتییەوە تا گەیشتن بە کۆنتراکتی سیاسیی هاوبەش

06:07 - 2 خەرمانان 2718

ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەقڵییەت و ڕەفتارێک کە جینایەت و کارەساتەکانی دوای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٦٨ی هەتاوی لە کوردستان لێ کەوتەوە، ڕەتکراوە نییە. ئێستا دوای نزیک بە چوار دەیە لە حاکمییەتی ڕەشی مەزهەبی بە سەر ئێران و کوردستاندا کە تاقیکاریی خۆی داوە و لە ئەگەری هەر ئاڵۆگۆڕێکی سیاسیدا بۆ جارێکی دیکە خەڵکی ئەم وڵاتە توخنی دەسەڵاتێکی له‌وچه‌شنه‌ ناکەون، بەڵام دیسانیش نابێ پێمان وابێ عەقڵییەتی سیاسی و دەوڵەتداری لە تاران لە هەر شکڵ و ساختارێکی سیاسیدا بێ، ئیستعدادی دووبارەکردنەوەی وەها ڕەفتارێکی نییە. بە واتایەکی ڕوونتر ئەگەر پێمان وابێ چیدیکە لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا دین و مەزهەب یان هەر چەشنە ئیدئۆلۆژییەک ناتوانێ ببێتە ئامیانی دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتەدا، بەڵام خۆ ناکرێ حاشا لە پەرەسەندنی بیری خۆبەزلزانی نەتەوەیی، یان هەمان «شۆڤێنیزمی ئێرانی» لە بیرکردنەوە و ڕەفتاری زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییە سەرانسەرییەکاندا بکه‌ین. هەر ئەو تەیف، لایەن و جەریانانەی کە ڕاست ٣٩ ساڵ پێش ئێستا لە ئاکامی بەدڕەفتارییەکانی ڕێژیمی خۆمەینیدا هانایان بۆ کوردستان هێنا و کوردستانیان بە «سەنگەری ئازادیی ئێران» دەزانی و بە بوونیان لە کوردستان کۆڵێک هەزینەی سیاسی و ئەمنیەتییان خستەسەر کوردستان و پرسە سیاسییەکەی، ئێستا دەبینین کە چۆن لە پرسی کورد و مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دەڕوانن! ئێستا کە هیچیان بە دەستەوە نیە و بە هۆی ناکارامەیی سیاسی و تەشکیلاتی و دوور کەوتنەوەیان لە کۆمەڵگه‌ی ئێران بە تەواوەتی دابڕاون و وەک کۆمەڵە چەند کەسێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەردەکەون، دەبینین بە عەقڵیەتێکی مەزنیخوازانەوە هێرش دەکەنە سەر ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و هاوئاهەنگ لە گەڵ ژوورە فکری و سیاسییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کورد بە «جیاییخواز» و، داخوازییەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر «تەواویەتی ئەرزیی خاکی ئێران!» دەزانن. ئەی ئەگەر لە ئازادیی سبەینێی ئێراندا هەر ئەمانە تۆزێک پەڕ و باڵ بگرن، بڵێی بە نیسبەت کورد و کوردستانەوە چ فەرمانێکی دیکەی «جیهاد» دژ بە خەڵکی کوردستان دەرنه‌کەن؟ *** ٣٩ ساڵ بەسەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستاندا تێ پەڕێ. لەم وتارەدا باس لە چۆنیەتی عەقڵییەتی پشت ئەم فەرمانە و هۆکارەکانی هێرش بۆ سەر کوردستان ناکەین، بەڵکوو لە سۆنگەی ئەم ڕووداوەوە و، بە سەرنجدان فەزای سیاسیی کوردستان کۆمەڵێک هەڵوێست و ڕەفتاری حیزبەکان لە ماوەی ئەو کەمتر لە یەک ساڵەی حیزب و جەریانەکانی کوردستان، باسێک لە داهاتوو و هەروەها چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی کورد و حیزبەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ئەگەری دووپاتبوونەوەی وەها رووداوێکدا دەکەین. لە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە تا ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، کوردستان فەزایەکی تایبەتی تەجرووبە کرد کە لە ڕاگەیاندراوی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران»دا بە بۆنەی ٣٩ ساڵەی فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان بە وردی ئاماژەی پێ کراوە. ئەم تەجروبانە لە نەوعی خۆیدا کەموێنە و دەوڵەمەند بوون. هەر لە بوونی فەزایەکی دێموکراتیک بۆ تێکۆشانی حیزبه‌کان، ئازادیی بەیان و ئازادیی چاپەمەنییە بگرە تا کۆنترۆڵی ئەمنیەتی شار و ناوچەکانی کورستان و بەڕێوەبردنی کوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکانەوە. بەڵام ئەوەی لەو ماوە کورتەدا و بەتایبەت دواتر زۆر کەم هەستپێکراو دیترا، «کوردستانێکی یەکدەست» بوو. «یەکدەستبوون» بە مانا سیاسییەکەی کە حیزبەکان نوێنەرایەتیی بیر و ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی کودستان بکه‌ن. لە گەڵ ئەوەیکە لە زەمەنێکی کورتدا و لەژێر ناوی «هەیئەتی نوێنەرانی کورد» بۆ وتوێژ لەگەڵ رێژیم، کۆمەڵێک کۆبوونەوەی هاوبەش و سەردانی هاوبەش کران، بەڵام بەداخەوە ئەمە نە تەنیا نەیتوانی لێکیان نزیک بکاتەوە و درێژه‌ی هەبێ، بەڵکوو لە درێژەی ڕەوتی ڕووداوەکاندا، تا دەهات لێک دوور دەکەوتنەوە کە بەداخەوە لە کۆتاییدا شەڕی نێوخۆیی و براکوژیشی به‌دوادا هات. خێرایی ڕەوتی ڕووداوەکان کە ئاوێتە بە هێرشی دژی‌گەلیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، لە کۆتاییدا گرتنەوەی شار و ناوچەکانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی تارانی لێ‌ کەوتەوە. لەم قۆناغە بەولاوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی، تووشی ئەو کەمایەسییە سەرەکی و جەوهەرییەن کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی بە گشتی تووشی شکست، لەپەراوێژکەوتن، دابڕان و ناکۆکی و لە دەستدانی دەرفەتەکان و نەناسینی هەڕەشەکان کردوە. خۆسەرقاڵکردن بە کۆمەڵێک بیرۆکە و جیهانبینیی «نامۆ» و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ واقعییه‌ته‌کانی کۆمەڵگه‌ی کوردستان و پەلکێشکردنی کۆمەڵێک ڕەوتی ناسالمی سیاسیی ئێرانی بۆ کوردستان لەلایەن هێندێک سازمان و ڕه‌وتی که‌م ئه‌زموون و، دوور لە بەها و ئەرزش خوێندنەوەی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان لەلایەک و، خۆبەزلزانیی هێندێک لایەنی دیکە، بە تەواوەتی کوردستانیان کردە گۆڕەپانی ململانێیەکی بێ ‌ئاکام و لە هەمانکاتدا مەترسیدار. درێژبوونەی ئەم دۆخە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ نابەرپرسانە ڕەفتارکردنی کۆمەڵێک سازمان و جەریانی ڕادیکاڵ و، لەقەڵەمدانی داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بە «کۆنەپەرەستی» و ناونیتکەلێدان لە سیاسه‌تی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناساندنی رێبەرانی بە «سازشکار»ی، لە لایەک بواری له‌باری بۆ ناکۆکی و دووبەرەکییەکان لە کوردستان خۆش کرد و لە لایەکی دیکەوە مەجالێکی باشیشی بۆ رێژیم ڕەخساند کە خۆی بۆ هێرشێکی سەرانسەری بۆ سەر کوردستان ئامادە بکا. ئەوەی تا ئەمڕۆیشی لەگەڵ بێ بزووتنەوەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی تووشی چەندبەرەکی، ناکۆکی و لێکترازان کردوە، تێنەگەیشتنە لە بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەشی خەڵکی کوردستان، یان هەمان «بەرژەوەندیی نەتەوەیی». ئەوەش دەزانین کە ئەم چەمک و دەستەواژانە بەرهەمی دیاردەی دەوڵەت_نەتەوەن و بەداخەوە ئێمە کورد تا ئێستا دەوڵەتمان نییە کە لە ڕەوتی نەتەوەسازیدا دەرکمان بە شاخسە هاوبەشەکانمان وەک نەتەوەیەک کردبێ. مادام ئێمە دەوڵەتمان نییە کە کار لەسەر شوناسە نەتەوەییەکانمان بە مانا سیاسییەکەی بکا، ئایا دەکرێ پێمان وابێ لە ئێستادا ئێمەی کورد خاوەنی «بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هاوبەش» نین و کاریان لە سەر نەکەین؟ بە خۆشییەوە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕووی نێوەرۆک و ئایدیاوە ئەوەندە دەوڵەمەند و خاوەنی پاشخانێکی بەرزی ماهەوییە کە دەکرێ بە پشتبەستن بە داخوازیی و خولیا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی، وەک نەتەوەیەک له‌ بەرژەوەندییە گشتییەکانی تێ بگه‌ین. تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان، وای کردوە کە بەرژەوەندییە چووکە سازمانی و حیزبی و تەنانەت تاکەکەسییەکان، لە سەرەوەی هەموو شتێک ببیندرێن و هەر ئەمەیش بۆتە هۆکاری پەرەسەندنی جۆرێک لە «فرەجۆریی مەنفی». دیاردەی فرەجۆری لە کۆمەڵگه‌یە‌دا کە بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەشی تێدا غایب بێت، جیا لە ناکۆکی، چەندبەرەکی، لێکترازان و ئاناڕشیزم ناتوانێ بەرهەمێکی دیکەی هەبێ. کە هەر ئەم نەبوونی بەرژەوەندیی گشتییە کە دیاردەی فرەجۆریی مەنفی پێک دەهێنێ، دەتوانێ مەترسییەکانی وەک شەڕی براکوژی و خیانەتیشی لێ بکەوێتە کە بەداخەوە کورد لەم پێوەندییەدا ئەزموونی کەمی نییە. کەوابوو بە دەرسوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوومان کە بەداخەوە له‌ دووبەرەکی، شەڕی نێوخۆ، لێکترازان و لەبەریەکوەستان و لە کۆتاییدا بێ ‌ئاکام‌ مانەوەدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌، پێویستە پێش هەموو شتێک لە لایەک لە سەر ئاستی کۆمەڵگه‌دا لە بەرژەوەندە گشتییەکان بگەین و، لە سەر ئاستی حیزبەکانیشدا بزانین کە بەرژەوەندییە هاوبەشه‌کانمان کامانەن. ئێمە لێرە کە باس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و پێمان وایە پێویستمان بە تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، سەرەتا دەبێ دەرکێکی واقعیمان لەم کۆمەڵگه‌یە هەبێ. بەو مانایە کە بە تێگەیشتنێکی قوڵ لە پتانسێلە ئاشکرا و شاراوەکانی ئەم کۆمەڵگه‌یە، پێش هەموو شتێک ئێعتراف بە مەوجوودییەتەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە بکەین بەبێ ئەوەی ڕوانگە و دەمارگرژیی سازمانی و حیزبیی خۆمانی تێدا دەخیل بدەین. ئەگەر توانیمان «ڕۆژهەڵات وەک هەیە» دەرک بکەین، ئەو جار دەزانین کە ئەم کۆمەڵگه‌یە بەم پێناسەوە کە لێمان بەدەستەوەیە، چۆن دەتوانین لە پێناو پرسە گەورەکەدا، کە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانییە و بەرژەوەندییەکانیشی دەناسین، لە پرۆسەی خەباتی نەتەوایەتیدا ڕێبەری و مودیرییەتی بکەین. بۆ ئەوەی بە ناسین و کەڵکوەرگرتن لە پتانسێل و زەرفییەتەکانی ڕۆژهەڵات بتوانین لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکا‌ندا هەنگاو بنێین، دەبێ باوەڕ بەوە بهێنین کە هیچ هێز و لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانی خۆی بە تەنیا ئەو کارە بکا و تەنیا ڕێوشوێنی ئەو پرۆسەیە، «یەکیه‌تی و یەکگرتوویی»ی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانە. کەوابوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەر ئێئتلاف، هاوپەیمانی و بەرەیەکدا کە لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە، پێویستە لە سەر «کۆنتراکتێکی سیاسیی هاوبەش» ڕێک بکەون. لەم کۆنتراکتەدا پێویستە بەبێ ‌ئەوەی هەوڵی حەزفی لایەن یان ڕەوتێکی دیاریکراو بدەن، بەبێ ئەوەی لایەنێک خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا فەرز بکا، پێویستە لە سەر بنەمای «سازش»- بەڵگەمەند- لە سەر کۆمەڵێک پڕنسیپی تایبەت بە «بەرژەوەندییە گشتییەکان» ڕێک بکەون و ئه‌وانه‌ وەک «هێڵی سوور» پێناسە بکرێ. گومانی تێدا نییە کە لە وەها کۆنتراکتێکی سیاسیدا کە «بەرژەوەندی گشتیی خاک و خەڵکی کوردستان» بنەما و ژێرخانی پێچمگرتنی بێ، بەرژەوەندیی هەموو حیزبێکیش کە باوەڕی بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و خەبات لە پێناو خەڵکی کوردستاندا هەیە، دابین دەکا و لە هەمووی گرینگتر، لە ئەگەری هەر ڕووداو و ئاڵۆگۆڕێک لە ئێرانی داهاتوودا، کوردستان جێگە و پێگە و قورسایی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکاتەوە. *** لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)