کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم (بەبۆنەی شەهیدبوونی ژینگەپارێزەکانی مەریوان)

02:43 - 4 خەرمانان 2718

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە چوار کەس لە چالاکانی بواری مەدەنی و ژینگەپارێزی لە شاری هەمیشە خاوەن هەڵوێستی مەریوان، پێشەنگ لە خۆرێکخستنی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، لە حاڵێکدا خەریکی کوژانەوەی گڕی "ئاورتێبەردان"ی دارستانەکانی ئەم شارە بوون، گیانیان لە دەست دا. هەرچەند تا ئێستا قسە و باس ئەوەیە کە هۆکاری گیان لەدەستانیان تەقینەوەی مین لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئاوری دارستانەکە بووە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە شەریف باجوەر، ئومید حوسێن زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی، چوار شەهیدی رێگای خاوەندارێتی لە کورد و کوردستانن. بۆیە جێی خۆیەتی بە شکۆیەکی بەرزەوە یادیان بکرێتەوە و بە بەرپرسایەتییەکی بەرزی نیشتمانییەوە لە ئەرک و خزمەتەکانیان بڕواندرێ. ئاگرکەوتنەوە لە داستانەکانی کوردستان و یەک لەوان دارستانەکانی سەر بە شاری مەریوان، ماوەی چەند ساڵێکە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردەیەکی گوماناوی. هەر وەک خەڵکی خاوەن هەڵوێست و هوشیاری خەڵکی مەریوان لە کۆبوونەوەی بەرینی خۆیاندا بە بۆنەی شەهیدبوونی ئەم چوار ژینگەپارێزە نیشتمانپەروەرەوە بە حەق ئاماژەیەکی درووستیان پێ دا، "ئاگر لە خۆیەوە بەرنابێتە ئەم دارستانانە". ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە دیاردەی سووتمانی ژینگەی کوردستان، ناڕەزایەتی خەڵکی بە نیسبەت دام‌ودەزگا پێوەندیدارەکانی رێژیمی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ناڕەزایەتییانە نەتەنیا وڵامیان نەدراوەتەوە، بەڵکوو ئەم دیاردەیە لە تێڕوانینێکی ئەمنیەتیی دوژمنکارانەدا ساڵ لە گەڵ ساڵ زیاتر پەرەی پێ دەدرێ. لە دوای وڵامدەرنەبوونی دام‌ودەزگاکانی رێژیم و مەترسییەکانی ئەم دیاردە پیلانئاوییە بۆ سەر ژیار و ژینگەی کوردستان، کچان و کوڕانی دەروەست و نیشتمانپەرەوەر لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان بە درووستکردنی ئەنجوومەن و رێکخراوی ژینگەپارێزی، توانییان وێڕای ڕاهێنانی کۆمەڵێکی بەرچاوتر لە لاوانی وڵات بە ئەرکی خۆبەخاوەنزانینی نیشتمان و چۆنیەتی بەربەرەکانێ لە گەڵ مەترسییەکان بۆ سەر سڵامەتیی ژینگەی کوردستان، تا ڕادەیەکی بەرچاو هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستان بدەن. ئەوان بە خۆرێکخستنیان لە گرووپ و کۆمەڵی جۆراوجۆردا هەر لە پاکردنەوەی شوێنە گشتییەکان و هەوڵدانیان بۆ پاڕاستنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی کوردستانەوە تا کوژاندنەوەی گڕی "ئاورتێبەردان"ی دارستانەکانی کوردستان بە دەستی بەتاڵ، توانیویانە تا ئێستا پێشمەرگەئاسا، خاوەندرارێتی لە نیشتمانی خۆیان بکەن. ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان یەکێک لەو رێکخراوە ژینگە پارێزانەی کوردستان بوو کە هەر زۆر زوو توانی لە شاری مەریواندا، ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانی لە نێو زۆربەی زۆری خەڵکی ئەم شارەدا نەهادینە بکا. هەر ئەو تێڕوانینە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و ئەرکوەخۆگریی خەڵکی دیکەیش زۆر خێرا تەشەنەی کردە زۆرێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان و، بە خۆشییەوە ئێستا دەبینین لە هێندێک شاردا بە جێی یەک ڕێکخراو، چەند رێکخراو گرووپی جیاجیا لەم بوارەدا بە کۆکردنەوەی هەزار کەس لە دەوری یەکتری چالاکن و کولتووری نیشتمانخۆشەویستی لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو دەکەنەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی خۆیەتی ئاماژەی پێ بدەین و بەرێزەوە خوێندنەوەی لە سەر بکەین، هەڵوێستی خەڵکی خاوەن هەڵوێست و چاوکراوەی شاری مەریوانە بەرانبەر بە شەهیدبوونی ئەم چوار ڕۆڵە  نیشتمانپەرەوەری خۆیان. هەر دوای چەند سەعات لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوە ناخۆش و خەساربارە، خەڵکی ئەم شارە بە شێوەیەکی یەکگرتووانە ڕژانە سەر شەقامەکان و وەک شایانی ئەم ئازیزە لە دەستچووانە بێ، هەڵوێستیان گرت. ئەوە خەڵکی مەریوان بوون کە بە بەررزکردنەوەی  درووشمی و هاواری "شەهید نامرێ"، نازناوی بەرزی "شەهید"یان بەم چوار کەسە بەخشێ و لەم رێگایەوە سەلماندیان کە ئەوانەی لە پێناو خاک و خەڵکی خۆیان‌دا کار دەکەن و هەڵدەسووڕێن و هەر لەم پێناوەدا سەردەنێنەوە، بێ‌ئەملاوئەولا لە نێو دڵی خەڵک دا وەک شەهید دێنە ئەژمار، جێ دەگرن و لەبیر ناچنەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان: شەریف باجوەر، ئومید حسێن زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی.