کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆڕوێژ یادی ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز راگیرا

04:20 - 6 خەرمانان 2718

بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانییەکان، ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ بەرز راگیرا. ئێوارەی رۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانییەکان، ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ئۆسڵۆی پایتەختی وڵاتی نۆڕوێژ بەرز راگیرا. سەرەتای رێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی و وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان و چوار ژینگەپارێز و وڵاتپارێزی شاری مەریوان دەستی پێ کرد. پاشان لە لایان پێشکەشکارانی رێوڕەسمەکە هاوڕێیان "رووناک مێهرەبان و جەعفەر رەسوڵی"یەوە بەخێرهاتنی بەشداران و میوانانی ئەو رێوڕەسمە کرا. بەدوای ئەودا پەیامی کومیتەی وڵات لە لایان بەڕێز کاک "حەسەن غەمبار" بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوە. لە بەشێک لە پەیامی کومیتەی نۆڕوێژدا هاتبوو: "٧٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٦ی ئاگوستی ساڵی ١٩٤٥ی زایینی، پاش نزیک بە ٣ ساڵ خەباتی سیاسی و نهێنی و رێكخراوەیی كۆمەڵەی ژ ـ ك، رۆشنبیران و کەسایەتییە ئەرکوەخۆگرەکانی و ڕۆڵە تێكۆشەرەكانی نەتەوەکەمان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، بە لێكدانەوەیەكی دروست لەسەر رەوشی سیاسی ئێران و دوای ئەو بارودۆخە سیاسییەی لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی دا، ئێران و كوردستانی گرتبووەوە، بە کۆکردنەوەی هەموو ئەزموونەکانی رابردوو لە قاڵبێکی نوێدا و بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێکهێنانی قەوارەیەکی نوێ و مۆدێرنی سەردەمییانە، بەپیل بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەوە چوون و هاوکات لەو دەرفەتە کەڵکیان وەرگرت و وەلامی پێویستی بارودۆخی ئەوکات ناوچەکە بە گشتی و گەلی کوردیان بە تایبەتی دایەوە. لە ڕاستای وەدیهێنانی خەون و ئاواتە لەمێژینەکانمان و گەیشتن و دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە نەتەوەییەکانمان شانیان دایەوە بەر بەرپرسایەتییەکی مێژوویی و خەباتی گەلی کوردیان لە رەوتێکی عەشیرەیی و راپەڕینی کەسایەتییەکان و سەرۆک هۆزەکانەوە بەرەو قۆناغی رێبەریکردنی بە کۆمەڵ و بڕیاری بەکۆمەڵ برد." هەروەها بەڕێز حەسەن غەمبار ئاماژەی بەوەش دا کە: ٧٣ ساڵ خەبات و قوربانیدانی بەردەوام و پێ پسانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانج و داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان ئەویش لە بەرانبەر دوو سیستەمی سەرەڕۆی پادشایی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و شەهیدبوونی زیاتر لە ٥ هەزار پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری قارەمانەی ئەو حیزبە لە خاک و خەڵکی کوردستان و شەهیدکرانی سێ رێبەر و سەرکردەی هەڵکەوتەی نەمری ئەو حیزبە، وەک پێشەوا قازی محەممەد و دکتور قاسملوو و دکتور سەعید شەرفکەندی، ئەو راستییەی بۆ دۆست و دوژمن دەرخستووە کە حیزبی دێموکرات بە رووحییەتێکی شۆڕشگێڕی و سوور لەسەر خەبات و تێکۆشان تا گەیشتن بە خەونە لەمێژینەکانی گەلەکەمان و وەدیهاتنی مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی گەلی کورد و پشت قایم بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێگەی بەهێزی خۆی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، ساتێک لە خەبات و تێکۆشان ناوەستێ و ئەو بەڵێنەی کە ٧٣ ساڵ لەومەوبەر بە نەتەوەکەمانیدا، لە راستای وەدیهاتنیدا هەنگاو هەڵدەگرێ و ئامادەیە بۆ هەموو قوربانیدانێک. پاشان کەسایەتی و رێبەری ناسراوی ناو ریزەکانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یادگاری کۆماری کوردستان بەڕێز کاک جەلیل گادانی کە بەشداری ئەو یادە پیرۆز بوو، وتەیەکی سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێویستیی سەردەمییانەی ئەو هێزە شۆڕشگێڕە و رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد و تێکۆشەرانی کورد و دەستکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرد و گوتی: "حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە لەبارەی و بەپێی بەرنامەیەكی تۆکمەی سیاسی، لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا كۆماری كوردستانی وەك یەكەم دەستكەوتی سیاسی و مۆدێرنی نەتەوەیی بۆ گەلی كورد و حیزبی دێموكراتی کوردستان راگەیاند. بەم چەشنە گەلی كوردی لە بەشێك لە خاكی كوردستان بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەیاند و لە ماوەی ١١ مانگدا بە دەیان و سەدان شانازی بۆ خۆی و گەلەکەمان تۆمار کرد کە دامەزران و پێکهێنانی یەکێتییەکانی ژنان و لاوان دەرهاویشتەی ئەو دیدگا پێشکەوتنخوازانە و سەردەمییانەی ئەو حیزبە بوو." گادانی لە درێژەی گوتەکانیدا وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی سیاسی و ئابووی ئێران و لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەر و پێشهاتەکان، گوتی کە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی خۆیان بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکەن و بەرنامە و پلانی بەجێ و داڕێژراویان هەبێ و دەگەڵ ئەوەیدا کە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کارێکی بەجێ و باشە، بەڵام کافی نییە و پێویستە لە راستای پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوودا هەنگاوی بەپەلە و کردەیی هەڵگرن." ئەوجار پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایان بەڕێز کاک هیوا و پەیامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایان خوشکە بەهار فەیزوڵڵاو و پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان کە بەم بۆنەوە ناردرابوو، لە لایان پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە کاک جەعفەر رەسووڵییەوە خوێندرانەوە. بەدوای ئەودا، لە پەیامێکدا پێشکەشکاری بەرنامە لە لایان کومیتەی وڵات و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان و خەڵکی کوردستان کرد و هاوخەمی و هاودەردی حیزبەکەمانی بۆ دەربڕین. دوابڕگەی ئەو رێوڕەسمە، بە نەواو و موسیقا و دەنگی بەسۆزی هونەرمەندان شۆڕش بۆکانی و فەرهاد ئالانی و چەند گۆرانییەکی شاد و هەست بزوێن، هاوکات دەگەڵ شایی و هەڵپەڕکێ، هەتا درەنگانی شەو درێژی کێشا