کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و دواهەڵبژاردنی خەڵک؟

17:22 - 6 خەرمانان 2718

نیشانەکان هەموو ئەوە دەڵێن کە ئابووریی ئێران لە گیانەڵڵا دایە. سیاسەتی ناکارامەی ئابووری لە ماوەی چوار دەیەدا، زیاتر لە دە ساڵ گەمارۆی کەرت نەوت و بانکەکان و گەندەڵیی سیستماتیک و هەوسارپچڕاو بووەتە هۆی تێکڕامانی ئابووریی وڵاتێک، کە ئەگەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و خەڵکی لەسەرکار با، دەبوا لە خۆشبژیوترین وڵاتانی دنیا با. پیشەسازییەکان لە ئێران وەستاون، وەبەرهێنان ڕاگیراون، بەرهەمهێنان لە قوڕچەقیون، هەناردەکردنەکان لە کەمییان داوە، بازاڕ و بازاڕی دراو بەتایبەت سەقامگیر نین، پیشە بچووک و وردەفرۆشییەکان دادەخرێن و نامێنن، سێڵاوی بێکاری هەمو شتێک ڕادەماڵێ و شەپۆلێکی نوێی چوونەدەرێی سەرەوەت و سامان بەگوڕتر لە جاران بۆ دەرەوەی وڵات هەڵی کردووە، ئەوانە تەنیا دوندی دیاری کێوە سەهۆڵەکەن لە قەیرانی ئابووریی ئێراندا، وڵاتێک کە بەو سەرچاوە زەبەلاحە لە هێزی مرۆیی و سەرچاوە سروشتییەکان دەبوا ئێستا لە ڕیزی هەرە وڵاتانی گەشەسەندووی دنیا با! ئابووریی شپڕێو و داتەپیوی ئێران بەو وەزعەوە دەبێ بەرەنگاری گەڕێکی نوێی گەمارۆکانی ئەمریکا ببێتەوە کە لە سێزدەی خەزڵوەری مانگی داهاتووەوە دەخرێتە سەری، ڕیزە گەمارۆیەک کە دەیانەوێ هەناردەی نەوتی ئێران بکەنە هیچ و بە یەکجاری چۆک بە کۆماری ئیسلامی دابدەن. کەچی بەو حاڵەش کاربەدەستانی ڕێژیم جیا لە یەکتر بە تاوانبارناسین ڕێکارێکی بەکردەوەی چارەسەریان بۆ بەرگرتن بە قوڵبوونەوەی قەیرانەکان نەگرتووەتە بەر و، هەر وەک پیشەی جارانیان درێژە بە گەندەڵی و تاڵانبڕییەکانیان دەدەن. لە ئێستادا بەدەر لە کەمایەتیی دەسەڵات کە تێر و پڕن، زۆرینەی خەڵک لە کارمەندە بگرە هەتا وەرزێڕ، لە کرێکارەوە بگرە هەتا بازاڕی و کاسبکار گرانی ئەوکی گرتوون و هەناسەی لێ بڕیون. سفرەی خەڵک بەردەوام چکۆلەتر دەبێتەوە، خەڵک نەک پاشکەوتیان پێ ناکرێ، بۆ دابینکردنی بژیوی ڕۆژانەشیان داماون، زۆر شتی وەک سەفەر، پەروەردەی غەیرەدرسی، وەرزش و بێهداشت لای زۆرینەی خەڵکی وڵات دەخرێنە لاوە و وێنە و دیمەنەکان پێمان دەلێن ژمارەی ئەو کەسانەی لە زبڵەکاندا بەدوای خواردندا دەگەڕێن؛ ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبن. دۆخی شپڕێوی کۆمەڵگەی ئێران لەژێر تیغی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەوەندە نابرێتەوە و میراتی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە وڵاتێکی پڕ قەیران و تەواو نەخۆش. تایتێڵەکان ئاوا خۆیان دەدوێن: لەسایەی سەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خەڵک هەژارتر دەبن و بێکاری هەر دەم زیاتر دەبێ و ئاکامەکەشی لە هەڵکشانی تاوانکاری و سەرهەڵدانی زۆر دیاردەی وەک "گورچیلەفرۆشی و فرۆشتنی ئەندامانی دیکەی لەش"، "گۆڕخەوی"، "منداڵانی کار"، "لەشفرۆشێ"دا خۆی دەردەخا. لە سایەی چوار دەیە سیاسەتی شەڕخوازی و پشتیوانی لە تێرۆریزمدا، وڵات کەوتووەتە بەر تیغی قورسترین گەمارۆکان و لەو سۆنگەیەوە خەڵک تووشی نەخوازراوترین دۆخ بوون؛ کار گەیوەتە جێیەک کە ئاماری خۆکوژییەکان دوو هیندە زیاتر ببێ، زۆر بنەماڵە ناچار ببن کۆرپەکانیان بفرۆشن، زیاتر لە 6 میلیۆن کەس موعتاد بن و کۆمەڵگە لە هەر چەشنە گومانێکی چابوون و گۆڕان تەمابڕاو بێ. چوار دەیە ئێعدام، چوار دەیە جینایەت و کوشتوبڕ، چوار دەیە دەسەڵاتی پۆلیسی و زەبروزەنگ، چوار دەیە گەندەڵی و تاڵان و بڕۆ، چوار دەیە خوێنی خەڵک لە شووشەکردن ئیدی بە تەواوی بڕستی لە خەڵکی بڕیوە. ئەوەی خەڵک دواجار دەبێ بۆی بگەڕێتەوە تەنیا ئیرادەیانە، ئیرادەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و سپاردنی بە گۆڕخانەی مێژوو. دەرفەت دانەوە بە کۆماری ئیسلامی تەنیا ئاسنی ساردکوتانە و تاکەڕێگا و دواهەڵبژاردە، هەر ڕاپەڕین و کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەم ڕێژیمەیە.