کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆیە، یادی شەهیدانی رێگای سەوزهیشتنەوەی نیشتمان بەرزڕاگیرا

03:52 - 12 خەرمانان 2718

بە دەستپێشخەریی تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیەو، بە بەشداریی چەند ڕێکخراوی دیکە، کۆڕیادێک بۆ چوارشەهیدی ژینگەی کوردستان بەڕێوەچوو. پاش‌نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی لە شاری کۆیە، لە کۆڕیادێک‌دا یاد وڕێبازی فیداکارانی ژینگەپارێزی کورد ، شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بەرزڕاگیراو بەو بۆنەوە ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە نوێنەرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامادەبوونیان لەو ڕێوڕەسمە وێڕای دەستخۆشی کردن لە چالاکانی مەدەنیی شاری کۆیە، سەرلەنوێ پەیامی هاوخەمیی خۆیانیان پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی شاری مەریوان کرد. ئەو کۆڕیادە دوای ڕاگرتنی چەندچرکەیەک بێدەنگی بۆ ڕیزلێنان لە گیان هەردەم سەوز وگەشاوەی چوار شەهیدی ژینگەپارێز، دەستی پێکرد و، پاشان مۆمی یاد کردنەوەیان بەدەستی بەشداربووان هەڵکرا. دوای پێشەکییەک لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕیادە، پەیامی ئەنجۆمەنی چیای سەوزی مەریوان خوێندرایەوە و پاشان ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی هەناسەی ژیان بە نوێنەرایەتی لە بەشێک ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی دەڤەری کۆیە، پەیامی هاوخەومی و وەفاداریی خۆیانیان پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکە‌‌دا مامۆستا گۆران، یەکێک لە چالاکانی شاری کۆیە ، کە بە هۆی کەمپەینی "کرماشان تا کۆیە" بۆ کۆکردنەوەو گەیاندنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان، سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردبوو، کۆمەڵێک بیرەوەریی هاوبەشی لەگەڵ شەریف باجوەر و ئۆمێدکۆنەپۆشی گێڕاوە. ناوبراو بە باس کردن لە چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو تێکۆشەرانێکی دەروەست و باوەڕمەند لە خزمەتی نیشتمان، لە سەر تایبەتمەندییەکانی هەردوو بەڕێز شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی چەند نموونەیەکی هێناوە و ئاماژەی بەوەدا کە نموونەیەکی شیاو بوون لە نەتەوەدۆستی و مرۆڤایەتی و بۆ لێی‌فێربوون دەبن و پێویستە لاوان و نەوێ نوێ رێگایان درێژە بدەن. پاشان عەلی لەیلاخ بە نوێنەرایەتی لە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ، چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئەوکۆڕیادە کرد. عەلی لەیلاخ سەرەتا وەفاداریی خەڵکی شاری کۆیەی لە پێناو سەرجەم تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرزنرخاند و، دواتر لەسەر هەلومەرجی چالاکانی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکاری و هاوپێوەندیی نەتەوەیی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و، لە کۆتایی‌دا ئەرکی لاوان و ژینگەپارێزانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ خزمەت بە سەوزهیشتنەوەی نیشتمان بە ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانی لە قەڵەم‌دا. لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ژیاننامەی هەردوو شەهیدی ژینگەپارێز خوێندرایەوە و پاشان فایلی دەنگی ئاخرین پێوەندی تەلەفۆنی ئومێد کۆنەپۆشی لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کۆیە کە بڕیار بوو بۆ بەڕیوەبردنی پرۆژەی هاوبەش سەردانی باشووری کوردستان بکات ، بڵاو کرایەوەو گوێگرانی ئەو دەنگە جوانەمەرگەی تازیەبار کرد. دوای خوێندنەوەی پەخشانێک لە لایەن رۆژنامەنووس "دیدەوان یەعقووب"وە ، پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە باسی لەوە کرد کە بە پیشنیاری تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی کۆیە و بە هاوکاری شارەوانی ئەوشارە بڕیارە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە دارستان و جەنگەڵەکانی بناری شاخی هەیبەت سۆڵتان بەناوی شەریف باجوەر وئومێدکۆنەپۆشییەوە ناودیر بکرێ. شیاوی باسە تۆڕی چەتری ڕێکخراوەکانی شاری کۆیە و ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان چەندین جار هەڵمەت وکاری مەدەنی هاوبەشیان بەڕێوە بردووە.