کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکاریی زیاتر لەسەر عەمەلیاتەکەی نێوان شنۆ و نەغەدەی پارێزەرانی ڕۆژهەڵات

03:57 - 12 خەرمانان 2718

وەک بە کورتی و بە وەخت دۆینێ شەممە، 10ی خەرمانان ڕاگەیەندرا، تیمێک لە هێزەکانی پارێزەرانی ڕۆژهەڵات بە تۆڵەی تێرۆری شەهید قادر قادری، کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە دەستی پیلان شەهید کرا، لە عەمەلیاتێکی ورد و کاربۆکراودا هەڵمەتیان بردە سەر ئوتومبیلێکی هێزەکانی ڕێژیم لە سەر جادەی شنۆ ــ نەغەدە. لەو عەمەلیاتەدا کە کاتژمێر 2:30 دوانیوەڕۆ لە نێوان گوندەکانی خانلەر و قەزەناوی کرا، مینی پاسێکی هەڵگری هێزەکانی حیفازەتی ئیدارەی ئیتلاعات کرایە ئامانج. لەو هەڵمەتەدا ژمارەیەک لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کە هەموویان خەڵکی نەغەدە بوون و شوێنی کارەکەیان شاری شنۆ بووە، کوژراون و بریندار بوون. ئەوەندەی سەرچاوەکانی زانیاریی پارێزەرانی ڕۆژهەڵات لێێ دڵنیا بوون ئەوەیە کە حەوت کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو ڕووداوەدا بریندار بوون کە برینی چوار کەسیان قورسە و یەک لەوان کە سەرهەنگی سپای پاسداران و خەڵکی "حەسەنلوو"یە لە نەخۆشخانەی "عارفیان"ی ورمێ لەژێر چاودێریی وردی پزیشكی دایە و، سێ کەسی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی نەغەدە خەوێندراون و ئەوانەش کە برینەکانیان سووک بووە، نێردراونەتەوە ماڵێ. هەروەها هێزەکانی ڕێژیم کوژراویان هەیە، بەڵام تا ئێستا ئامادەنەبوون وردەکاریی زیانەکانی خۆیان لەو لێکدانەدا ئاشكرا بکەن. ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دوای ئەم ڕووداوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لە ئاسمانی ناوچەکەدا وەحەوا خستووە و هێزی چەکداری زۆریشیان بە ناوچەدا بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هەڵمەتبەرانی تۆڵەستێنی شەهید قادر قادری و پاڕێزەری نیشتمان بێ ئەوەی کەمترین زیانیان بەرکەوتبێ، شوێنی عەمەلیاتەکەیان جێ هێشتووە.