کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لە ژێر ناوی"دەور و ڕۆڵی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جووڵانەوەکان‌دا"

20:24 - 14 خەرمانان 2718

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سیمینارێکی بۆ موژگان عەلیپوور ئەندامی بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە لە ژێرناوی "رۆڵی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جووڵانەوەکاندا" پێکهێنا کاتژمیر ١٠ی بەیانی بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادرو پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سیمینارێک بۆ باس کردن لە بارەی کاریگەریی ژنان بەسەر بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەو سیمینارەدا کۆڕگێڕ، موژگان عەلیپوور، لە دوو بەش‌دا دەور و ڕۆڵی ژنانی لە بزاڤەکان و بەتایبەتی جووڵانەوەکانی نێوخۆی خستەبەرباس و، بە لەبەر چاو گرتنی ئەمرۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەوری ژنان لە چالاکییەکان و هاتنە سەر شەقام، لەو بارەوە قسەی کرد. موژگان عەلیپوور بە ئاوردانەوەیەکی کورت لە مێژووی خەباتی میللی /دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و جێگەوپێگەی ژنان، درێژەی بە قسەکانی‌دا. ناوبراو لەو پێوەندییە‌دا گوتی: لە کۆماری کوردستانەوە ژنان لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەیان بێگانە نەبوون و سەرەڕای گرفتە ئایینی و کەلتوورییەکانی سەر رێگەیان لە هەموو قۆناخەکانی خەباتدا، بەشدارییان کردوەو قوربانیشیان داوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا دۆخی ئێستای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بە قوناخێکی هەستیار لە قەڵەم دا و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی جموجۆڵەکانی نێوخۆی ئێران و کوردستانی بە پێویست زانی، بەتایبەتی باسی لە نەقش و دەوری ژنانی کوردی کرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. موژگان عەلیپوور لە درێژەی قسەکانی‌دا بەشداریی کردنی ژنان لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات، چ وەکوو ژنێکی پێشمەرگە و چ وەکوو چالاکێکی نێوخۆ، لە بوارەکانی مەدەنی وفەرهەنگی بە تەواوکەری یەکدی لە قەڵەم دا و لەو پێوەندییەش چەند خاڵی گرینگی بۆ بەشداربووان باس کرد. لە دوویەم بەشی ئەو سیمینارە موژگان عەلیپوور باسی لە کەمکارییەکان و خەمساردییەکانی کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە گوێرەی پێویست سەرنجیان بە ژنانی چالاک و لێهاتوو نەداوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند نموونەیەکی خستەڕوو. لە بەشی کۆتایی ئەو سیمینارە، موژگان عەلیپوور، هاتنەسەر شەقامی ژنانی کورد لە خۆپیشاندان و بۆنە جۆراوجۆرەکان بە زیندوو بوونی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان زانی و چالاک بوونی ژنان و کچانی کورد، کە رۆژبەدوای رۆژ ئاستی وشیاریی و بیرکردنەوەیان باڵا دەکات و کاراکتەرێکی بەهێزن لە ڕەوتی رووداوە سیاسی وفەرهەنگییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاڵێکی پۆزتیڤ و هیوابەخش باس کرد و پێداگریی کرد کە ڕێکخراوی ژنان بە کار و پرۆژەی هاوبەش دەبێ لەگەل ژنانی نێوخۆ لە پێوەندییە‌دا بن. لە دوا بڕگەی ئەو سیمینارە بەشێک لە بەشداربووان ڕا و بۆچوون و پرسیارەکانی خۆیانیان باس کردو، پاش لە لایەن موژگان عەلیپوورەوە وڵامدرانەوە.