کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گورچیلەفرۆشتنەوە تا لەشفرۆشی بۆ بژیوی ژیان

04:30 - 16 خەرمانان 2718

ڕەوشی خراپی خەڵك وای كردووە بۆ بژیوی ژیان ئەندامانی جەستەی خۆشیان بفرۆشن. ئەگەرچی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران وادەی بەهەشت و خۆشگوزەارنی دابوو، بەڵام ئێران كە لە ڕووی سەرچاوەی سروشتی و توانای مرۆییهوه یەك لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە، بۆتە وڵاتێك كە خەڵك بۆ بژیوی ژیانیان ناچار بە فرۆشتنی گورچیلەن، یان لەتێك لە جەرگیان، تەنانەت شەوێك خۆبەدەستەوەدانی شەڕەف و كەڕامەت بۆ پارووە نانێ. ئێستا لە ئێران، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە. گورچیلەفرۆشتن بەلێوانە، جا فاحیشەگەری و لەشفرۆشیش لەولاوە وەستاوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر پەرە دەستێنێ. كێشەكە كاتێك قووڵتر دەبێتەوە كە مێرده چاودێریی لەشفرۆشی ژنەكەی دەكا، یان دایكە بەسەر لەشفرۆشیی كچەكەی ڕادەگا، سیغەی تەمەن سێزدەساڵانیش كە ئێستە چۆتە نێو دەفتەر و نوسینگەكان و ڕیكلام و بانگەشەیەكی تەواوی بۆ دەكرێ... خەڵكی دەڵێن، ڕژێمێك كە بەناو بۆ پاراستنی شەڕافەتی ئیسلام دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، لە ئەنجامی گەندەڵی و بێ ڕەوشتی كاربەدەستانیان، ئێستە شەڕافەت كەمبەهاترین شتە، واتە بە داخەوە دەستاو دەست دەكرێ. حكومەتی ئیسلامی ئێران نەتەنیا بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە هیچ هەوڵێكی نەداوه، بەڵكوو بە سیاسەتی پاشكەووتوانەی سهردهمی كۆن، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەكەی لە خەڵكی خراپتر كردووه، واتە گرتن و سەركۆنەكردن و ئاشكراكردن و دواتر بەردانی. واتە ڕێگەپێدانی تەنیا بۆ شكاندنی. هەرچەند حكومەتی ئێرانی لە دەزگا ڕاگەیاندنەكاندا بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە شوومەی فرۆشتنی گورچیلە و ئەندامانی جەستەی ڕاگەیاندووە، بەڵام زیاتر لەوە سەرقاڵن، هەڵبەت خۆشیان بەشێك لە دەڵاڵەكانن. شارەزایانی كاروباری کۆمهڵایهتیش دەڵێن، ئەو هەوڵەی پۆلیسی ئێران ناتوانێ پێش لەو دیاردەیە بگرێ، بەڵكوو بەپێچەوانە نرخ و بەهای بەرز دەكاتەوە و پەیوندكردنی گورچیلە بە شێوەیەكی ناسالمتر دەكرێ. پیاوێكی تارانی لە گرتە ڤیدیۆییەكدا بەگریانەوە دەڵێ، ئەو ئێرانەی كە سەردەمانێك ژیانكردن تێێدا شانازی بوو، ئێستە دوای چل ساڵ دەسەڵاتدارهتیی مەلاكان، كەوتوینەتە پەلەقاژەی بەخێوكردنی خۆمان و ماڵ و مناڵەكانمان و، دەبێ گورچیلە و ئەندامەكانی جەستەمانی بۆ بفرۆشین. خۆمان دەفرۆشین بۆ ئەوەی لەبرسان نەمرین. باسی ئەو ژنانهش ناكەین که بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان ڕێگەی وڵاتانی كەنداو دەگرنە بەر، یان ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتانی وەكوو عێراقهوه سەردانی شارە گەورەكانی ئێران دەكەن، هەڵبەت بە بیانوی زیارەت، كەچی بە ئامانجی ڕابواردن، لە باکووری ئێران، ڤیلا بە ژیلاوە.... ئێستا حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەزگا ڕاگەیاندنەكاندا دڵی بەو گەشتیارانە خۆشە كە بە بڕە پارەیەكی كەم سەردانی ئێران دەكەن، سەردانێك كە بەشی زۆری بۆ پڕكردنەوەی حەزی سێكسییانە. وڵاتێك كە بەر لە كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر شوێنی ڕابواردنیشی هەبوایە، كە هەی بوو، بەشێكی زۆری كچان و ژنانی بیانی بوون، نەك ئێستە كە بەشێكی زۆری ڕووسپیخانەكانەی وڵاتانی درەوە پڕ بووە لە كچان و ژنانی ئێرانی. ئێستا لەم چەند مانگەی دواییدا و بە هۆی دابەزینی بەهای تمهنی ئێرانەوە ڕێژەی سەفەری گەشتیارانی بیانی بۆ ئێران زۆر زیاد بووە. ئامارهکان دهڵێن هاتنی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران لەسەدا ٩٠ و هاتنی گەشتیارانی ئازەربایجانی لەسەدا ٧٠ زیادی کردووە و، هاتنی ئەفغانییەکانیش لەسەدا ٤٠ زیاتر بووە. ههروهها گەشەی گەشتیارییە بۆ سێ مهبهستی، پزیشکی و تەندروستی، زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان و بازرگانی بووە؛ بەڵام ئەمە سەرلەبەری ئامانجی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران نییە و ئێستا باس لە ڕەهەندی دیکەی ئامانجی گەشتیارانی عێراقی بۆ ئێران دەکرێ. وهک له بهدواداچوونهکاندا هاتووه گەشتیارانی عەرەبی عێراقی لە شارەکانی وەکوو مەشهەد و ئیسفەهان بەو مەرجە شوێنی مانەوەیان هەڵ دەبژێرن کە شوێنەکە ژنی ئێرانییان بۆ هاوسەرینیی کاتی (سیغە) بۆ دابین بکا. هەرچەند بەپێی قانوونی ڕێژیم هۆتێلەکان ناتوانن شوێنی مانەوە بۆ ئەو ژن و پیاوانە دابین بکەن، کە بەڵگەی هاوسەرینیی یاسایی و یەکجارەکییان پێ نەبێ، بەڵام وەک چالاکانی گەشتیاری دەڵێن، لە شارەکانی ئێران، بەتایبەت لە مەشهەد خانووی موسافیر هەیە و ژمارەشیان یەکجار زۆرە و بەبێ ئەوەی ئیزننامهیان هەبێ، شوێنی مانەوە بۆ پیاوانی عێراقی بە مەرجی هەبوونی ژن بۆ هاوسەرینیی کاتی دابین دەکەن. ئەم بابەتە لە شارەکانی ئابادان و خوڕڕەمشاریشدا دەنگی داوەتەوە. ناوچەی ئازادی ئەروەندیش لە خووزستان، کە بۆ سەفەری عێراقییەکان پێویستی بە ڤیزا نییە، زۆری لەو خانووی موسافیرانە تێدا دروست بووە کە تێیدا ژنانی ئێرانی حهزی جنسی پیاوانی عێراقی دابین دەکەن و بازرگانیی سێکسییان وەڕێ خستووە. محەمەد قانعی، سەرۆکی یەکیەتیی هۆتێلدارانی خۆراسانی ڕەزەوی بە ڕۆژنامەی «شهروند»ی گوتووە: «لە شارەکانی وەکو مەشهەد و قوم کە خەڵک بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان سەردانیان دەکەن و ئێستاش هاتنی گەشتیاران و زیارەتکەرانی عێراقی، بەتایبەت عەرەبی عێراق، زیادی کردووە، بابەتی هاوسەرینیی کاتیش هاتووەتە گۆڕێ.» قانعی دەڵێ: «دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ پیاوانی سەڵتی عێراقی لەو خانووی موسافیرانەدا هەیە، بۆیە ئێمە دژی کارکردنی ئەو شوێنانەین.» «خبرآنلاین» لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی «خزمەتگوزاریی جنسی بۆ پیاوانی سەڵتی عێراقی» نووسیویەتی: «ژمارەی ئەو خانووی موسافیرانەی کە بەبێ مۆڵەت ژن و شوێنی مانەوە بۆ پیاوانی عێراقی دابین دەکەن لە پێنج هەزار خانوو زیاترن و دامەزراوە پیشەییەکانیش دەڵێن، تەنیا لە شاری مەشهەد نێزیکەی ٦ هەزار لەو خانووانە هەن.»سێ ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی «گاردییەن» (7ی مەی 2015 / ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی) ڕاپۆرتێکی لەسەر ‹›سێکسی توریزم لە مەشهەد» بڵاو کردەوە. ئەو ڕاپۆرتە باسی لە لەشفرۆشیی ژنانی ئێرانی بە زیارەتکەرانی عێراقی لە شاری مەشهەد کردبوو. ئێستاش ئەوە سەرۆکی یەکیەتیی هۆتێلدارانی ئێرانی دەڵێت: «ناوی ئێران بەلای عێراقییەکانەوە بە سووکی باس دەکرێ. وەکوق هەمان ڕوانگەی زۆربەی خهڵکی خۆمان بە وڵاتی تایلەند.» لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)