کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەهەندەکانی شوناسی مرۆڤی کورد و پێویستییەکانی

04:44 - 16 خەرمانان 2718

مرۆڤ بوونەوەرێکی تاک‌ڕەهەندی نییە، بەڵکوو خاون کەسایەتی و شوناسێکی چەند ڕەهەندییە. ئەمە واقعییەتی مرۆڤە وەک بوونەوەرێک. بوونی مرۆڤ سێ ڕوو یان ڕەهەندی هەیە. بە دەربڕینێکی دیکە مرۆڤ سێ بوونی هەیە: ١) بوونی سروشتی، کە هەموو مرۆڤەکان لەم بوونەدا تاڕادەیەکی زۆر هاوبەشن و چەندین خەسڵەتی هاوبەش پێکەوە گرێیان دەدا و لەژێر کەتیگۆری «مرۆڤ»‌‌دا کۆیان دەکاتەوە و پێناسەیان دەکا. ٢) بوونی کولتووری و بەکۆمەڵی مرۆڤ، کە کولتوورەکان و، مرۆڤەکان وەک کۆمەڵ، لە یەک جیا دەکاتەوە. ٣) بوونی تاکێتیی مرۆڤ، کە تاکەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە و تایبەتمەندیی جیاکەرەوە، یان شوناسی تاکەکەسییان پێ دەبەخشی. مرۆڤی کورد لە بوونی سروشتی و لە هەبوونی کۆمەڵێک خەسڵەتی بنەمایی و مرۆییدا، لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەی سەر ڕووی زەوی هاوبەشە. واتە کوردیش مرۆڤە وەک هەموو مرۆڤەکانی سەر بە نەتەوە و ئایننە جۆراوجۆرەکان. بەڵام لە بوونی کولتووری و بەکۆمەڵدا، لەوان جیا دەبێتەوە. لەسەر ئاستی خواروونەتەوەییش، تاکەکانی کورد دەتوانن بەپێی سروشتی خۆیان، خۆیان بئافرێنن و مومارسەی ئازادی و خودموختاریی خۆیان بکەن. ئەم وتارە لەسەر کەسایەتی و شوناسی سێ ڕەهەندیی مرۆڤی کورد و پێویستییەکانی، دەوەستێ و نامومکینی و تەنانەت ناسروشتیبوونی هەڵاتن لەم واقعییەتە، یان حاشالێکردنی لەلایەن نەیارانی کوردەوە، لێک دەداتەوە. هەروەها دەیەوێ ئەوە شی ‌بکاتەوە کە هەوڵدان بۆ حاشالێکردن و سەرکوت و سڕینەوەی بەشگەلێکی شوناسی کورد، لە هەلومەرجێکدا کە کورد وەک نەتەوە بیچمی گرتووە، مەحکووم بە شکست و تەنانەت نامومکینە. گوتمان کورد لە بوونی سروشتیدا لەگەڵ هەموو مرۆڤەکان هاوبەشە؛ بەڵام ئایا هەر لە بنەڕەتدا مرۆڤ سروشتێکی هاوبەشی هەیە یان نا؟ لەم باەرەوە سێ تیۆریی سەرەکی هەن یان لەگەڵ سێ مرۆڤناسیی فەلسەفی بەرەوڕووین: تێزی یەکەم: مرۆڤ سروشتێکی هاوبەش و تەنانەت نەگۆڕی هەیە. ئەم تێزە، تێزی زاڵی سەردەمی ڕۆشنگەرییە. سەرەڕای هاوبەشیی بۆچوون لە هاوبەشبوون و نەگۆڕبوونی سروشتی مرۆڤ، هەندێک لە بیرمەند و فیلسووفەکان بە سروشتی مرۆڤ بەدبین بوون و فەلسەفەی سیاسیی خۆشیان لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە. لە گرینگترینی ئەو فیلسووفانە، دەتوانین ئاماژە بە تۆماس هابز و کتێبە بەناوبانگەکەی، «لێڤیاتان»، بکەین کە لەسەر بنەمای بەدبینی بە سروشتی مرۆڤ، داڕێژراوە. هەندێکیشیان دیدێکی خۆشبینانەیان بە نیسبەت سروشتی مرۆڤ هەیە و ئەمانەش بیر و ئەندێشەی خۆیان لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە جان لاک و بەگشتی بیرمەندە لیبڕالەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بکەین. بەگشتی ئەم تێزە لەسەر بنەمایەکی مۆنیستی دامەزراوە و لە تایپە پەڕگیرەکەیدا، تۆتالیتێریزمی لێ کەوتۆتەوە؛ چونکە ئەگەر مرۆڤ خاوەنی سروشتێکی هاوبەش بێ، خاوەنی بەها و میتۆدی هاوبەشیشە و بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێ کە دواجار لە شارستانیەتیی گشتی و هاوبەشدا خۆی دەبینێتەوە. لە مێژوودا زۆر کەسمان دیتووە کە ئیدیعای ئەوەیان کردووە بەپێی سروشتی مرۆڤ، ڕێکار و فۆڕمی بەختەوەریی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە و ویستوویانە ئەو ڕێکار و فۆڕمی ژیانە بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنن و کارەساتیان ناوەتەوە. ئەم خوێندنەوەیە لەسەر بنەمای باوەڕ بە حەقیقەتێکی یەکگرتوویی ئانتۆلۆژیک بینا کراوە کە دەکرێ بە ئامرازی عەقڵی و زانستی، بیدۆزیەوە. ئەمە ئێپیستمۆلۆژیی سەردەمی ڕۆشنگەرییە. تێزی دووەم: مرۆڤ سروشتێکی وەک یەک و نەگۆڕی نییە. ئەم تێزە لە تایپە پەڕگیرەکەیدا لەگەڵ واقعیەتی سروشتیی مرۆڤ نایەتەوە؛ ئەگەر مرۆڤەکان هیچ خەسڵەتێکی هاوبەشیان نەبا، لەژێر کەتیگۆری «مرۆڤ»‌دا پێناسە نەدەکران، ئەسڵەن لەگەڵ یەکتر نەدەبون و، هەموو ئیدیۆم و دەستەواژەکانی چەشن و جۆری مرۆڤی، کۆمەڵگەی مرۆڤی و هەموو شتەکانی پێوەندیدار بە مرۆڤ لە زانستەوە بگرە تا دەگاتە کولتوور و ... بێمانا دەبوون. تێزی سێهەم: ڕاستە سروشتی مرۆڤ تا ئەو ڕادەیە، کە تێزی یەکەم باسی دەکا، ویشک و نەگۆڕ و هاوبەش نییە، بەڵام کۆمەڵێک خەسڵەتی هاوبەشیش مرۆڤەکان لێک کۆ دەکاتەوە. ڕاستە مرۆڤەکان ئازاد و خودموختارن، بەڵام ئەم ئازادی و خودموختارییە، ئابستراکت و مێتافیزیکی نییە. بە پێچەوانەی بۆچوونی زاڵی سەردەمی ڕۆشنگەریی، مرۆڤ، سووژیەکی ڕەها لە کانتێکست و مێتافیزیکی نییە بەڵکوو لە دیالکتیک لەگەڵ بەستێندا، شکڵ دەگرێ و مانا دەدا. مرۆڤ وەک سووژە لە دیالکتیک لەگەڵ بەستێنە میژوویی، کولتووری و سیاسییەکان و لە دیالکتیک لەگەڵ ڕەهەندی سروشتیی خۆیدا شکڵ دەگرێ. تێزی سێهەم لەگەڵ واقعیەیت و ئەزموونی ژیانی مرۆڤ دێتەوە و زیاتر ڕێگا ئاوەڵا دەکا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە بوونی کولتووری و تاکەکەسیدا، جۆراوجۆر و فرەچەشن بن و لە یەکتر جیاواز بن. ئێمە نە بە هەڵبژاردنی خۆمان کوردین و نە بە ئیختیاری خۆشمان دەتوانین کورد نەبین. کوردبوون بەشێکە لە شوناسی ئێمە؛ ڕەهەندێکە لە کەسایەتیی ئێمە؛ ناکرێ لەنێو ببرێ و هەوڵی لەم چەشنە پارادۆکسی و مەحکووم بە شکستە. شوناسی کولتووری و بەکۆمەڵی(نەتەوەیی) ئێمە، شوناسێکی ئۆرگانیستییە؛ بەم واتایە کە دەسکرد نییە و بە داخوازی خۆمان هەڵمان ‌نەبژاردووە. شوناسی کوردی لەنێو ڕەوتێکی مێژوویی هاتۆتەدەر؛ هەڵبەت لەجیاتی ئۆرگانیستی باشترە لە وشەکانی «مێژوویی» و «بەڕێکەوت»، کەڵک وەربگرین. مێژوویی بەم واتایە کە ئەگەر مرۆڤە سەرەتاییەکان لەبەرچاو بگرین، ئەوان بەم مانایەی ئەمڕۆ، نە کورد بوون و نە غەیری کورد؛ کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان بەهۆی لە قەراغ یەکتر ژیان و بە تێپەڕینی کات، بوونە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوبەش و لە ئەوانی دیکە جیا بوونەوە و بۆ نموونە بوون بە کورد. بەڕێکەوتیش، واتە من کوردم، لەبەر ئەوەی لە دایک و باوکێکی کورد لە دایک بووم و ئەگەر بۆ نموونە لە دایک و باوکێکی ئەمریکایی و لە ئەمریکا لەدایک بووبام، ئەمریکایی دەبووم نەک کورد؛ واتە شتێکی جەبری، مێژوویی و لە دەرەوەی ئیختیار و هەڵبژاردنی خۆم. بە دەربڕینێکی دیکە ئێمە لە هەڵبژاردنی ئەتنیک و بە وشە ئەمڕۆییەکەی، نەتەوایەتیماندا، ئازاد و سەرپشک نەبووین و نین. هەموو ڕەهەندەکانی شوناسی ئێمە وەک کورد، سەرەکی و پێکهێنەرن و هیچ کامیان لاوەکی و کەم‌ بایەختر لەوی دیکە نین. هەموو ئەو تێزانەی، لەسەر حیسابی ڕەهەندەکانی دیکە، بە شێوەیەکی ئابستراکت گرینگییەکی لەڕادەبەدەر بە یەکێک لە ڕەهەندکانی شوناس و بوونی مرۆڤ دەدەن، ناتەواو و نادروستن و هەرگیز ناتوانن ببنە بنەمای دروست‌بوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هاوسەنگ. ئەو تێزانەی بە هۆی وەهمی یەکگرتوویی ئۆرگانیستی، ڕەهەندی تاکەکەسیی مرۆڤ نادیدە دەگرن، نەتەنیا مرۆڤیان بەختەوەر نەکرد، بەڵکوو لە مێژوودا توتالیتێریزمیان لێ کەوتەوە. لە بەرامبەردا ئەو بۆچوونانەی، لەژێر ناوی ئێمە هەموومان هاووڵاتیی جیهانین، بوونی کولتووری و بەکۆمەڵی مرۆڤەکان کەم‌ بایەخ نیشان دەدەن و نادیدەی دەگرن، لەگەڵ واقعییەتی بوونناسانەی مرۆڤ نایەنەوە. مرۆڤ بەدەر لە شوناسی کولتووری و بەکۆمەڵ، بوونەوەرێکی ئابستراکت و خەیاڵییە. واتە هەموو ئەو تێز و تیۆرییانەی، لەسەر بنەمای نادیدەگرتنی بوونی نەتەوەیی مرۆڤەکان، باس لە هاووڵاتیی جیهانی دەکەن، تەنیا خەیاڵاتی خۆیان دێننە سەرزار، کە لەگەڵ واقعییەتی چەندڕەهەندیی مرۆڤ و مەیل و پێویستییەکانی نایەتەوە. مرۆڤ دەتوانێ ئایینی خۆی بگۆڕێ، چونکە لەچاو بەشە پێکهێنەرەکانی شوناسی مرۆڤ، ڕۆڵی سەرخانی هەیە، بەڵام نە دەتوانێ چەشن و جۆری مرۆڤیی خۆی بگۆڕێ، واتە لە مرۆڤەوە ببێتە نامرۆڤ، نە دەشتوانێ شوناسی کولتووری و بەکۆمەڵی خۆی بگۆڕی، بۆ نموونە لە کوردەوە ببێتە ئەتنیک و نەتەوەیەکی دیکە. بۆ ئێمە کوردبوون بەشێکە لە بوونی ئێمە و ناتوانین لێی ڕاکەین و لەلایەکی دیکەش هەوڵدان بۆ حاشا لێکردنی نەتەوەیی لەلایەن بیانییەکانەوە، بێهوودە و بێ‌ئاکامە. لێرەوە باسی ئەوە دەکەم کە ئەم هەوڵانە نەتەنیا نامومیکن و بێ ئاکامن، بەڵکوو لەگەڵ واقعیەتی بوونی مرۆڤ، پێویستییەکان، یان باشترە بڵێم سروشتی ئازادی و ئاسایشی مرۆڤ نایەنەوە. ئەو گرووپە ئەتنیکییانەی بە ئاستی خۆناسین و خۆئاگایی نەگەیشتوون و لە قۆناغی گرووپە ئەنتیکییە سەرەتاییەکاندا بوون، دەتوانرا بتوێنرێنەوە و ئاسیمیلە بکرێن، مێژوو زۆر نموونەی وای تێدایە، بەڵام گرووپەکانی دیکە کە بە ئاستی هوشیاری ئەتنیکی‌ـ نەتەوەیی گەیشتوون و خاونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەن، بەدەر لەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە چ کەموکوڕییەکی هەیە، ناتوێنەوە و لەنێو ناچن. کەواتە هەوڵدان بۆ ئاسیمیلەکردنیان، هەوڵدانێکی بێ ‌ئاکامە. عەقڵانییەت دەخوازێ کە مافەکانیان بە فەرمی بناسرێ و ڕێز لە مافی ئازادی و سەربەستییان بگیرێ. لێگەڕێن بۆخۆیان، هەڵبژێرن و ژیانی خۆیان بەڕێوەبەرن. تێزی سڕینەوە و تواندنەوەی کورد، دژکردەوە و ئانتی ‌تێزی ناسیۆنالیزمی کوردی لێ کەوتۆتەوە. هەر ئەمەش وای کردووە کە ئەم تێزە بە شێوەیەکی ناوکی، کۆسپی بەردەم خۆی دروست بکا و نەتوانێ سەرکەوتوو بێ. کەواتە ئەم هەوڵانە لە سەردەم و هەلومەرجێکدا، کە کورد وەک نەتەوەیەک بیچمی گرتووە، مەحکووم بە شکستن. ئەگەر پێمان وابێ کە ئازادی و خودموختاری لە پێویستییەکانی کامیاری و بەختەوەریی مرۆڤە، کورد بەبێ ئازادی و بەڕێوەبردنی ئازادانەی ژیانی خۆی، ناتوانێ بەختەوەر و ئاسوودە بێ. لەلایەکی دیکە هەروەک نێوئاخن و نێوەرۆکی ئەم وتارە پێمان دەڵێ، بوونی مرۆڤ، بوونێکی فرەچەشن و فرەڕەهەندە. ئینکار و ڕێگری‌ کردن لە پشکووتنی کولتوروی و شوناسی بەکۆمەڵی کورد، پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ، مێژوو و ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤە. بوونی مرۆڤ لە بنەمادا فرەچەشنە و پێویستە ڕێ لە بەردەم دەرکەوتنی ئۆبژێکتیڤی ئەو فرەچەشنییە بکرێتەوە. هەوڵی حاشالێکردن و توانەوە، لەگەڵ مافی سروشتی و خودایی مرۆڤ، پارادۆکسی هەیە. چ ئەوەمان قبووڵ بێ کە خوا مرۆڤی بە شێوەیەکی ئازاد و خاوەن ماف دروستی کردووە و چ پێمان وابێ مرۆڤ لەبەر ئەوەی عەقڵی هەیە دەبێ خۆی ژیانی خۆی بە شێوەیەکی ئازادانە ڕێک بخا و ئیدارە بکا و، چ باوەڕمان بەوە بێ کە سروشتی مرۆڤ، سروشتێکی چەند ڕەهەندییە و دەبێ ڕێگە لە بەردەم پشکوتنی هەموو ئەو ڕەهەندانە، ئاوەڵا بکرێ، حاشاکردن لە کورد و مافەکانی، لەگەڵ هەموو ئەو بۆچوون و تیۆرییانە پارادۆکسی هەیە. بە کورتی سروشتی مرۆڤ تەنیا تاڕادەیەک دیاری کراوە، ئەوەی دیکە بۆ مرۆڤ ماوەتەوە کە دروستی بکا و فۆڕمی پێ بدا. ڕێگری کردن لەمە، پێچەوانەی بوونی واقعیی مرۆڤە و لەگەڵ بایەخەکانی ئازادی و ماف نایەتەوە. نە خۆمان دەتوانین حاشا لە بوونی کولتووریی خۆمان بکەین و نە بیانی و نەیاران. لەم حاڵەتەدا یەک ڕێگا دەمێنێتەوە، ئەویش دانپێدانان و ڕێزگرتنە لە مافەکانمان؛ بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش وەک مرۆڤ، بەو شێوەیەی لەگەڵ سروشت و بوونی مرۆڤ بێتەوە، بژین. خواستی کورد زێدەڕۆیانە و زێدەخوازانە و ناسروشتی نییە، خواستی کورد ئەوەیە کە نوێنەرایەتیی هەموو ڕەهەندەکانی بوونی خۆی وەک مرۆڤ بکا. ئەمەش لەگەڵ هەموو یاسا و ڕێسایەکی ئاسمانی، مێتافیزیکی و زەوینی دێتەوە و لەگەڵ پێویستییەکانی واقعییەتی بوونی مرۆڤیش کۆک و هاوئاهەنگە. هیچ کەس ناتوانێ حاشا لە مرۆڤبوونمان بکا. کەواتە ئەگەر مرۆڤین، سروشت و پێویستییەکانی مرۆڤ، دەخوازێ کە ئازاد و سەربەست بژین. پێویست ناکا بۆ دیفاع لە مافەکانمان پەنا بۆ تیۆری جۆراجۆر ببەین، هەر ئەوەی کە مرۆڤین و هیچ کەسیش ناتوانی حاشا لە مرۆڤبوونمان بکا، دەبێ لە هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کە بنەماییان لە سروشت و بوونی مرۆڤدا هەیە، بەهرەمەند بین. لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)