کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شعووری نه‌ته‌وه‌یی و پارادیگمای خه‌باتی مه‌ده‌نی

04:56 - 16 خەرمانان 2718

دەرکەوتەکانی ڕووداوە پڕخەسارەکەی سووتمانی دارستانەکانی شاری مەریوان کە تیایدا چوار چالاکی ژینگەپارێز بوونە قوربانی و گیانیان لە دەست ‌دا، کۆمەڵێک پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ ‌کەوتەوە کە جێی خۆیەتی هەڵوێستەیان لە سەر بکرێ. خۆپێشاندان و رێوڕەسمەکانی خەڵک لە شاری مەریوان لە سۆنگەی ئەم ڕووداوەوە کە هەڵوێست و هاوخەمیی زۆربەی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە، جیا لەوەیکە بۆ جارێکی دیکە ئەم شارەی وەک پێشەنگ لە جموجۆڵی مەدەنی و یەکگرتووی‌دا دەرخست، سەلمێنەری کۆمەڵێک گۆڕانگاریی جدی، قوڵ و بنەڕەتی لە سەر ئاستی کۆمەڵگای کوردستان بوو. خۆدوورخستنەوە لە کەمتەرخەمی زاڵبوونی جۆرێک لە فەزای بێتەفاوەتی و بێهەڵوێستیی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەکی زەمەنیی تایبەت کە کۆمەڵێک هۆکاری دوژمنکارانەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و هێندێک هۆکاری پلانمەندی خۆماڵی! ڕۆڵی سەرەکییان تێدا دەگێڕا، جۆرێک لە لەپەراوێزکەوتنی بەسەر کۆمەڵگه‌دا سەپاندبوو. سەرهەڵدانی جموجۆڵی مەدەنی لە بوارەکانی ئەدەبی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی و... کە بەخۆشییەوە توانیویەتی تا ئێستا چەند قۆناغێک بە سەرکەوتوویی ببڕێ، لە ماوەی زیاتر لە پازدە ساڵی ڕابردوودا، توانی تا ڕادەیەکی بەرچاو لە درێژەی کار و تێکۆشانی خۆیدا کۆمەڵگای کوردستان لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە ڕووداوەکان، سیاسەت و پیلانەکانی رێژیم دەربهێنێ. هەرچەند جموجۆڵی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا دەکرێ بە حەق پێناسەی بزاوتێکی سەربەخۆی پێ ببه‌خشین، بە چەند قۆناغێکی جیاجیادا تێ‌ پەڕیوە، بەڵام بە خۆشییەوە توانیویەتی بە گرتنەپێشی ڕێچکەیەکی دروست لە چوارچێوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەدا جێی خۆی لە نێو کۆمەڵگه‌دا بکاتەوە. بە مانایەکی دی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی توانیویەتی متمانەی کۆمەڵگه‌ بە گشتی وەدەست بهێنێ کە ئەمە گەورەترین دەسکەوتە بۆ ئەم بزاڤە. ئەگەر هەر ئەم ڕووداوە پڕخەسارەی شاری مەریوان بە نموونە بگرین، دەبینین کە بە خۆشییەوە تا چ ڕادەیەکی بەرز، کولتووری ژینگەپارێزی وەک بوارێک لە بزووتنەوەی مەدەنی بۆ خەڵک بۆتە بەها و لە چ ئاستێکی بەرزدا کۆمەڵگه‌ متمانەی بە چالاکانی ئەم بوارە هەیە و بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانێ. ئەوەی ئەو کەسایەتییە تایبەتییەی بە شەریف باجوەرد و هاورێیانی لە نێو کۆمەڵگه‌دا بەخشی، شتێک نەبوو جیا لەو ڕێچکە نیشتماندۆستییەی کە ئەوان لە ڕێگای هه‌ڵسووڕان لە بواری پاراستنی ژینگەی نیشتماندا گرتبویانە بەر. کۆمەڵگه‌ی کوردستان تەنیا بە هۆکاری ژینگەپارێزیی ئەوان و چالاکبوونیان لە پرسێکی نیشتمانیدا کە بە حەق پێشمەرگەئاسا و قارەمانانە لەپێناویشیدا گیانیان بەخت کرد، بەم شێوەیە لە ئاستی گشتیدا دژکردەوەیان بە مەرگی ئەم ئازیزانە نیشان دا و پێیان گوتن: «نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتدا دەژین». گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرنجدان بە ڕووداوە سیاسییەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ئێران و ناڕەزایەتییەکان خەڵکی زۆر لە شارەکانی ئێران، کە کوردستان بەنیسبەت شوێنەکانی دیکەی ئێرانەوە بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، رەفتارێکی جیاوازیان لە خۆ نیشان دا، هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە ئاست چەشنی ڕووداوەکەی ئەم دواییانەی مەریوان و مانگرتنەکەی شاری بانە، بە ئاشکرا دەری دەخا کە خەڵکی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەمیشە دەیهەوێ بگەڕێتەوە بۆ خۆی. بە مانایەکی دیکە کۆمەڵگه‌ی کوردستان دەیهەوێ ڕاشکاوانەتر و ڕوونتر لە جاران ئەم پەیامە بگەیەنێ کە خاوەنی کێشە و ئارێشەی نیشتمانیی تایبەت بە خۆیەتی. ئەم جۆرە لە بیچمگرتنی ڕەفتاری خەڵکی کوردستان ئەگەر لە لایەک پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی ئاستی شعووری نەتەوەیی کۆمەڵگه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، لە لایەکی دیکەوە ڕاست دژکردەوەیەکی لۆژیکییە بەرامبەر بە کەمتەرخەمی و ناوڵامدەربوونی نیزامی سیاسیی تاران‌ بە نیسبەت کوردستان و پرسە ڕیشەییەکەی. وێدەچێ چیدیکە ڕووداوەکانی ئێران لە ئاستی سەرانسەریدا بە هۆکاری نەبوونی ڕێبەرییەکی دیار کە بتوانێ وێنایەک لە نێوەرۆک و جۆری سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئەم وڵاتە بدا بە دەستەوە و، هەروەها غاییبوونی پێناسەیەک بۆ شوین و پێگەی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە لە بەرێوەبەریی وڵات و یەک لەوان کورد، سەرنجی کۆمەڵگه‌ی کوردستان بۆ لای خۆیان ڕانەکێشن. زاڵبوونی ئەم هەستە لە کۆمەڵگه‌یەکی پڕ لە وزە و پتانسێلی جۆراوجۆری بەرهەڵستکاری و گۆڕانخوازانەی وەک کوردستاندا خەڵکەکەی ناچار دەکا بە گەڕانەوە بۆ پرسەکانی خۆی، که‌ وەک نەتەوەیەکی ماف زەوتکراو کار لە سەر بەرجەستەکردنەوەی ڕووداوەکانی خۆی و ئه‌کتیڤیتیسته‌کانی بکاتەوە. هەستکردن بە زەروورەتی یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەر لە سۆنگەی ئەم گۆڕانە کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگه‌ بە پشتبەستن بە چالاکانی خۆی و تێکۆشەرانی، زیاتر لە هەمیشە یەکیه‌تی و یەکگرتوویی بە سەر ڕەفتار و هەڵوێستەکانیدا زاڵ ده‌بێ. دیاربوونی یەکیه‌تیی و یەکگرتوویی بە ڕەفتار و دژکردەوەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانەوە یەکێک لە دەسکەوتەکان و تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم جووڵە جەماوەرییانەیە و تێکەڵێکە لە بەرزیی ئاستی وشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگه‌یە. ئەگەر جەوهەر و نێوەرۆکی ئەم ڕەفتارە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییانە لە پرسێکی تایبەتیی نەتەوەیی نەتەوەیەکی چەوساوە و ماف پێشێلکراوەوە سەرچاوە دەگرێ، لە هەمان کاتدا ئەوە یەکیه‌تی و یەکگرتوویی ئەم کۆمەڵگه‌یەیە کە زیاتر لە هەمیشە سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. کۆمەڵگه‌ی کوردستان دەرکی بە زەروورەتێکی نیشتمانی کردوە کە وەک کەمایەسییەکی بەرچاوی پڕخەسار بە درێژایی مێژوو بە ڕووخساری بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستانەوە خۆی چەند بارە کردۆتەوە. کۆمەڵگه‌ی ئەمڕۆی کوردستان سەرەڕای پاراستنی جیاوازییەکان لە ڕوانین، خوێندنەوە و گوتاردا، لە ڕەفتار‌دا بە ئاستێک لە شعووری کۆمەڵایەتی و نیشتمانی گەیشتووە کە یەکگرتوویی و پێکەوەبوون وەک زەروورەتێکی حەیاتی لە فۆرمی ڕەفتاری ئەم کۆمەڵگه‌یە‌دا بە تەواوەتی هەستی پێ ‌دەکرێ. کاردانەوەی خەڵکی مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستان بە ڕووداوی گیانلەدەستدانی ئەم چەند کەسە لە ژینگەپارێزانی دەروەست بە خاک و نیشتمان هەم لە فۆڕم و هەم لە نێوەرۆکدا سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەی سەرەوەیە. لە گەڵ ئەوەیکە بە ڕاشکاوانە هەست بە بوونی گرووپی جیاجیا وەک سەمپاتی هێزە سیاسییەکان لە دەرکەوتن و خۆپێشاندان و میتینگ و ڕێوڕەسمانەدا کرا کە بە هێمای تایبەت بە خۆیانەوە بەشداربوون، بەڵام یەکگرتوویی و یەکڕیزیی وەک زەروورەتێک هەموو ئەم خەڵکەی لە ئاستی کۆمەڵگه‌دا لە دەوری یەک و لە پەنای یەک بە ڕێزگرتن لە یەکتری کۆ کردبۆوە. لێرەوە کە دەکرێ بە خۆشییەوە بە پشتبەستن بە بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگه‌ی کوردستان هەست بە تێگەیشتنێک لە بەرژەوەندی گشتی بکرێ. بەرژەوەندییەک کە لەسەر ئەساسی نیشتمانی پێک هاتبێ، هەروەها هەموو تاک و گرووپێکی ئەو کۆمەڵگه‌یە بەرامبەر بە دابینکردن و پاراستنی ئەم زەروورەتە، هاوکات لەگەڵ هەستکردن بە دەروەستبوونی بەرامبەر بە ئەو تێگەیشتنە گشتییە، هەوڵی پێناسەکردنەوەیەکی سەر لەنوێی بەرژەوەندییە فکری و گرووپییەکانی خۆی لەم چوارچێوەیەدا بێ. لەم نێوەدا خوێندنەوە و هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکان هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنەوەی کۆمەڵە ڕەفتارێکی گرووپی لە نێو ئەم جووڵە و بزاڤە گشتییەی کۆمەڵگه‌ی کوردستان لەلایەن بەشێک لە حیزبەکانەوە نیشان لە دەرکنەکردنی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگه‌یە. بە مانای دیکە حیزب ‌و لایەن هەیە بە غافڵبوون لە ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵگه‌ و تێنەگەیشتن لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگه‌ تەنیا لە خانەی بەرتەسکی گرووپی وحیزبیی خۆیدا تەنیا و تەنیا سەمپاتەکانی خۆی دەبینێ‌ و لە بازنەیەکی داخراوەدا تەنیا ئەوەی لە توانادا هەیە کە لە «ورد»ەوە خوێندنەوە بۆ «گشت» بکا. ئەم حیزبانە بەمجۆرە لە ڕوانین و تێفکرینیانەوە نەتەنیا توانای مودیرییەتی ڕەفتاری گشتیی جەماوەریان نامێنێ، بەڵکوو ناڕاستەوخۆ هەوڵی لە نێوبردنی نێوەرۆک‌ و پەیامەکانی ئەم‌ جووڵە جەماوەریانە دەدەن. بە وردبوونەوە لە خوێندنەوەی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی‌ بۆ کاردانەوە جەماوەرییەکانی دوای ڕووداوەکەی شاری مەریوان دەبینین کە ڕوانینێکی بەرتەسکی دەمارگرژییانەی حیزبی کە هەوڵی بەبارمتەگرتنی نێوەرۆکی ئەمجۆرە لە هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵک دەدەن، بە تەواوەتی زاڵە. ڕاست بە پێچەوانەی کۆمەڵگه‌ی ئەمڕۆی کوردستان کە کار لەسەر زەقکردنەوەی پرسە گشتگیرە نیشتمانییە‌کە دەکا و ڕوانینە تاکەکەسی وگرووپەکان خۆیان لە چوارچیوەیەکی بەرینتردا پێناسە دەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لەو لایەنانەی کە بەردەوام هەوڵی داوە بە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان جۆرێکی دیکە لە کۆمەڵگه‌ و ڕۆڵی خۆی وەک حیزبێکی سیاسی ومەسئول بڕوانێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. هەر چەند ئەو حیزبە بە کۆمەڵێک هۆکاری تەشکیلاتی و شەرایەتی زەمەنی و سیاسی نەیتوانییوە بارتەقای ئەرک‌ و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی کە خەڵکی کوردستان بە حەق لێی چاوەڕوان دەکا و بەوجۆرەی کە پێویستە مودیرییەتی پێشهات ‌و رووداوەکانی ئەمڕۆی رۆهەڵاتی کوردستان بکا، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ جموجۆڵەکانی نێوخۆی وڵات‌ و ڕەفتارەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگه‌ی کوردستاندا سیاسەتێکی واقعبینانەی مەسئوولانەی ڕەچاو کردووە: بە چاوی رێزەوە لە جموجۆڵ‌ و چالاکیی‌ چالاکانی سیاسی ‌و مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتی ڕوانیوە و خۆی بەپشتیوانیان زانیوە. هەوڵی داوە بە گوێرەی نفووزی سیاسی‌، تەشکیلاتی و جەماوەریی خۆی متمانەی کۆمەلگای کوردستان بۆ لای بزاڤی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا رابکێشێ‌ و لە گوتار و خوێندنەوە‌دا وەک ئەرزش و بەهای نیشتمانی لە هەوڵ ‌و چالاکیەکانیان بڕوانێ. لە گوتار و کردەوەدا لە سەر ئەساسی گەڕانەوە و سەرقاڵبوونی کۆمەڵگه‌ی ڕۆژهەڵات بە پرسەکانی خۆی کاری کردووە و لەو پێوەندییە‌دا بە هێنانە ئارای بیرۆکەی «ڕۆژهەڵات میحوەری» هاوکات لەگەڵ هاندانی چالاکانی نێوخۆی وڵات دژ بەدیاردەی «بێتەفاوەتی» داوی لێ‌ کردوون لە هەموو دەرفەتێکی گونجاو و عەمەلی بۆ مەترەحکردنی پرسەکانی کۆمەڵگه‌ کەڵک وەر بگرن. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵی داوە تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی لە نێو کۆمەڵگه‌ی کوردستاندا چێ بکا‌ و لەم پێوەندییە‌دا هێندیک جار تەنانەت لەسەر ئاستی هاوکاری وکاری هاوبەش لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا ئامادە بووە واز لە کۆمەڵیک بۆچوون‌ و هەڵوێستی تایبەتی خۆی بهێنی. لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)