کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجەکانی پشتی بەراوەژوو نیشاندانی شوناسی نەتەوەکان لە ئێران

05:09 - 16 خەرمانان 2718

بۆ ئەوەی مه‌سئه‌له‌یه‌ک حەل بکەی لەپێشدا پێویستە سوورەتی مەسەلەکە بخوێنیتەوە و پاشان بەدروستی تێی بگەی، ئینجا بەدوای ڕێگاحەلێکدا بۆی بگەڕێی. ئەو ئوسوولە سەبارەت بە شوناسی پێکهاتەکانی سیاسیی ئێرانیش دەقاودق ڕاستە. بەڵام حاکمییەتە یەک لەداوی یەکەکانی ئێران نەتەنیا هەوڵیان نەداوە کە شوناسی ڕاستەقینەی گەلانی ئێران بە ڕەسمی بناسن و بەو پێیە مامەڵەیان دەگەڵ بکەن، بەڵکوو هەوڵیان داوە بە ئانقەست شوناسی پێکهاتەکانی ئێرانیان لە نەتەوەوە بۆ «قەوم» بگۆڕن و دەستکاریی بکەن. هەتا بەمجۆرە بە بەرئاوەژووکردنی ناسنامەی پێکهاتەکانی ئێران، هەم سوورەتی مەسەلە و هەم ڕێگاحەلەکە بگۆرن. لەپێشدا پێویستە بزانین کە بۆچی حاکمییەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش لە دەستەواژەی «قه‌وم» کەڵک وەردەگرن؟ بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پێویستە بزانین کە لە بنەرەتدا «قه‌وم» چییە؟ لە ڕاستیدا قه‌وم وشەیه‌کی عەڕەبییە کە لە زمانی عەرەبیدا مانای میللەت یا نەتەوە دەدا، کەچی ئەو دەستەواژێە لە فارسیدا بە گروپێک لە خەڵک دەگوترێ کە لە شوێنێک جێگیرن و خاوەن کولتوور و داب و نەریتێکی هاوبەشن و لەڕووی پێوه‌ندیی خوێنییەوە خزم و کەسوکاری یەکترن. بەشێویه‌کی گشتی لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤدا ئێمە دەگەڵ دوو جۆرە قەومییەت بەرەوڕووین. یەکەمیان ئەو «قەومانەن» کە لەسەر بنەڕەتی په‌یوەندیی خوێنی و خزمایەتی دامەزراون و ژێرکۆکەیان لە تایفە و قەبیلە پێک دێ. دووهەمیان ئەو قەومانەن کە بەهۆی هێرشی نیزامی، ئاوارەیی و بازرگانییەوە پێک دێن و لەکوێ ئەوانیش میللەت یان نەتەوە پێک دێ. بە چاوخشاندن بە مێژووی ئێراندا بۆمان دەردەکەوێ کە بە ئیستلاح «قەومەکانی» ئێران مێژوویەکی دوورودرێژیان پێکەوە هەیە و لە جۆری یەکەم نیزیکن نەک جۆری دووهەم. سەرفی نەزەر لەویکە «قەوم» بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنیتە نییە و زیاتر بەرهەمی قۆناغی کۆیلەداری و فێئۆداڵیتەیە و هەروەها بەکاربردنی نیشانەی بێحورمەتییە، خۆی لەخۆیدا پێکهاتە و حەشیمەتی هەرکام لەو بەناو «قەومانەی» ئیران لە گەلێک نەتەوەی ئەم جیهانە زیاترە کە ئەمرۆ خاوەن قەوارەی سیاسیی سەربەخۆن. ئەوەکە دەستەواژەی «قوم» لە ئێراندا لە چ سەردمێکەوە لە زاراوەی سیاسیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ، بەتەواوت ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی لەو پێوەندییەدا ڕوونە ئەوەیە کە پێبەپێی ئەوەی ڕەوتی دەوڵەت_نەتەوە لە ئێراندا دادەمەزرێ و نیزامی سیاسی لە ئەنجوومەنی ئەیالەتی_ویلایەتیەوە جێگای خۆی دەدا بە نیزامێکی ناوەندگەرا، دەستەواژەی «قەوم»یش بەرە بەرە تۆختر دێتە ناو ڕۆژەڤی سیاسییەوە و لەلایەن حاکمییەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران و نەتەوەی حاکمەوە زیاتر کەڵکی لێ وەردەگیرێ . بەکارهێنانی دستەواژەی «قەوم» بۆ نەتەوەکانی ئێران، ئەگەرچی پێش هاتنەسەرکاری بنەماڵەی پەهلەوی و تەنانەت جووڵانەوەی مەشرووتییەت دەستی پێ کردبوو، بەڵام ئەو دەستەواژەیە لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا بەڕسمی هاتە ناو یاسای بنەڕەتی و بەڵگەنامەکانی ئێرانەوە و کار کرا بۆ نەهادینەکردنی. نیزامی پاشایەتی بۆ ئەوەی پڕۆژەی دەوڵەت_نەتەوەی ئێرانی بسەپێنێ، دەستی بە سڕینەوەی سیستماتیکی پێناسەی گەلانی ئێران کرد، و ئامانج لەوکارە بەراوەژووکردنی ناسنامەی نەتەوەکانی ئێران لەلایەک و پێکهێنانی میللەتی ساختە و دروستکراوی «ئێران» بوو . لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی «میللەتی ئێران» دروست بێ و پێ بگرێ، دەبوو شووناسی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران چکۆڵە بکڕێنەوە. لە کۆمەڵناسیی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و ئێران بە تایبەتی، ئێمە لەگەڵ بنەماڵە وەک بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتی و، پاشان ئێل کە لە چەند بنەماڵەیەک پێک دێ، و «قوم» کە لە کۆی چەند ئێلێک کە لە ڕووی خوێنی لێک نیزیکن پێک دی. سەروکارمان هەیە. کە وابوو بنەماڵە و ئێل دەبنە ژێرکۆی قەوم و قەومیش سروشتیە کە دەبێتە ژێرکۆی میللەت یان نەتەوە. دەستکاریکردنی شوناسی پێکهاتەکانی ئێران لە نەتەوە ڕا بۆ قەوم، بێجگە لەو شتانەی سەرێ کە باسمان کرد، لەڕووی سیاسی و حقووقیشەوە هێندیک لێکەوتەی هەن کە چارەنووس و داهاتووی ئەو پێکهاتانە دەخاتە مەترسیی جیدییەوە. ئێستا کە ناسنامەی پێکهاتەکانی ئێرانی لە نەتەوە ڕا دەبێتە قەوم، ئاستی مافەکانیشی بەو پێیە دادەبەزێ، بە جۆرێک کە پێکهاتەیەکی قەومی بەپێی سروشتی خۆی، چوارچێوەیەکی تایبەتیی هەیە، و بۆی نییە بێجگە لە مافە کولتووری و فەرهەنگییەکانی لەسەر مافە سیاسییەکانی پێ دابگرێ. خۆی لەخۆیدا قەواریەکی «قەومی» وەک یەکەیەکی نەتەویی بەحیساب نایە و هەر بۆیەشە کە حاکمییەت و میللەتی حاکم مل نادا بۆ ئەوەی یەکە قەومییەکان لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە خۆیان بەڕێوە ببەن، چوونکە «قەومەکان» دەبنە ژێرکۆی «نەتەوەی ئێڕان»، و ئەوە نەتەوەی ئێرانە کە بەپێی یاسا نێونەتەوییەکان، وەک قەوارەیەک مافی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئیداریی وڵاتی ئێرانی هەیە. لە ئێستادا هەم لایەنە سیاسییەکان و هەم کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێرانی لە دەستەواژەی «ملیت» بۆ ناوهێنانی پێکهاتەکانی ئێران کەڵک وەردەگرن. ئەویش زیاتر بەو سەبەبەیە کە دەستەواژەی «قەوم» هەم لەلایەن پێکهاتەکانی ئێرانەوە قبووڵ ناکرێ، و هەم ئەو دەستەواژەیە ڕەنگ و بۆنی خۆی بەهۆی وشیاریی میللی و هەڵاواردنەکانی جۆراوجۆر لە ئێراندا لەدەست داوە. هەرچەند بەکاربردنی دەستەواژەی «ملیت» هەتا ڕادەیەکی زۆر لەنێو پێکهاتەکانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوەکانیشیان بە ئەرێنی دەنرخێندرێ، بەڵام «میللییەت» بە هیچ جۆر ناتوانێ ناسنامەیەکی پڕ بەباڵا بۆ نەتەوەکانی ئێران بێ. چونکە «میللییەت»بە مانای ئەندامەتیی کەسێک یان کۆمەڵە خەڵکێک لەنێو میللەت یان نەتەوەیەکدا دێ. لە ڕاستیدا «میللییەت» بەستراوەیی کەسێک یان کۆمەڵە خەڵکێک بە میللەتێک یان نەتەویەک نیشان دەدا. «میللییەت» بە پاشگری (یت) لە وشەی (ملت) جیا کراوەتەوە، بەو مانایە کە دەبێ میللەتێک یان نەتەویەک هەبێ کە لە ئاکامی ئەوەدا، بەستراوەیی بەو میللەتە مانا بداتەوە. لەو داهێنانەشدا دەستەواژەی «ملیت» لە جێگای «قوم»ی جاران کەڵکی لێ وەردەگیرێ، و هەروەک چۆن لە کۆی قەومەکانی ئێران نەتەوەی ئێڕان پێک دێ، لە کۆی میللییەتەکانیش میللەت یان نەتەوەی ئێران پێک دێ. لە ڕاستیدا ئەگەر حاکمییەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێڕان لەبری حاشاکردن لەو واقعییەتە فەڕق و جیاوازییان لە نێوان «قەوم»ەکاندا نەکردبا، هەوڵی تواندنەوەیانیان نەدابا و ئەوانیان لە سیاسەت و ئابووری و حوکمەتدا هاوبەش و بەشدار کردبا، ئێستا پرسی شوناسی نەتەوەیی نەدەگەیشتە ئەو جێیەی ببێتە سەرەکیترین پرس. بەڵام حاکمییەت نەک هەر قەناعەتی بە شێواندنی شوناسی ئەو نەتەوانە نەهێناوە، بەڵکوو زۆر سیستماتیک مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی، مەدەنی، کولتووری، ئایینی و فەرهەنگییەکانی ئەو «قەوم»انەی زەوت کردووە کە قەرارە قەوارەی ئێران!یان لەسەر دروست بکرێ. ڕەنگبێ لە هیچ سەردەمێکدا کێشەی ناسنامە و شوناس لە ئێراندا بە ڕادەی ئەو چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نەهاتبێتە ناو ڕۆژەڤی سیاسییەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە لە ڕابردوودا گەلانی ئێران لە ژێر ستەم و چەوساوەییدا نەبووبن، بەڵکوو لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی پیکهاتەکانی ئێڕان بیجگە لە ستەمی نەتەوایەتی تووشی هەڵاواردنێکی ئاشکراتر لە ڕابردوو بوون کە ئەویش هەڵاواردنی ئایینی و مەزهەبیە. بە سەرنجدان بەوە کە سنووری مەزهەب و میللییەت زۆر لیک نیزیک و تێک چڕماوە، لەو وڵاتانەی کە حکوومەتێکی مەزهەبتەوەر وڵات بەڕێوە دەبا، شوناسی پێکهاتەکان لە خانەی مەزهەبیدا پڕرەنگتر دەبی. لە ئیرانی ئەمرۆدا دوو خویندنەوەی بەتەواوی جیاواز لەبارەی پرسی شوناس و ناسنامەی پیکهاتەکان لە گۆڕی دایە، کە یەکیان خوێندنەوەی نەتەوەی حاکم و حاکمییەتە کە دان نانێ بە ناسنامەی گەلانی ئێران و ئەوان بە قەوم ناو دەبا. ئەویتر خویندنەوەی پێکهاتەکانی ئێرانە کە خۆیان بە نەتەوە دەزانن و ڕازی نین کە بە قەوم ناویان بهێندرێ. ئەوە دوو خوێندنەوە جیاوازە لەبارەی شوناسی پێکهاتەکانی ئیڕان بێجگە لەوی کە بۆتە هۆی دوو گوتار و دوو ئاراستەی سیاسی و تەنانەت دژبەیەک لەنێو ئیراندا، بەڵکوو ئەوە بۆتە هۆی هەرچی زیاتر قووڵبوونەوەی قەڵەشتی نێوان نەتەوەکان لەلایەک و حاکمییەت و نەتەوەی حاکم لەلایکی ترەوە. کاتێک پرسی چارەسەری کە ئەمڕۆ لە ئێراندا خۆی لە فیدرالیزم و داننان بە ناسنامەی پێکهاتەکانی ئیراندا دەبینێتەوە دیتەپیش، بێجگە لە حاکمییەت و خەڵکی فارس و بەشێک لە خەڵکی ئازەری، لەلایەن هیچ یەک لە پێکهاتەکانی دیکەی ئێرانەوە دژایەتی ناکرێ. بەڵام هۆکاری ئەم دژایەتیکردنە لەلایەن فارس و تورکەوە چییە و ئەوان بۆ فیدرالیزم بە هۆکاری لێکترازانی تەواوەتیی ئەرزیی! ئێران دەزانن؟ بۆچی هیندە پەرۆشی مانەوەی ئێرانن لەو چوارچێوە سنوورییەدا؟ وەڵامەکەش ڕوونە، چونکی هەموو خێروبێری ئەم وڵاتە بەو دوو نەتەوەیە بڕاوە. زۆربەی زۆری دامەزراوە ئابووری و کۆمەڵە پیشەییە ورد و زەبەلاحەکان بە پلەی یەکەم لە سێگۆشەی فارس نشین و دواتر لە لە ناوچەکانی ئازەری نشین هەڵکەوتوون. هۆکارەکەی بۆ هاوبەشیی ئایینزای شیعە وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسیۆنالیزمی ئێران دەگەڕێتەوە. تەنیا ئەوە نەبێ کە ئازەرییەکان لە ڕووی کولتوورییەوە مەغدوورن کە لە بواری سیاسی و ئابوورییەوە بۆیان تێ هەڵێناونەتەوە. پوختەی مەبەست ئەوەیە سەرەڕای حاشاکردن لە شوناسی نەتەوەکانی ئێران لەلایەن نەتەوەی باڵادەست و چەندین دەیە سیاسەتی یەکسانسازیی زمانی و فەرهەنگی لە بەستێنی میللەتسازیدا، ئەم هەوڵانە سەریان نەگرتووە و شوناسخوازی بەهۆی وشیاریی نەتەوەییەوە لە نێو نەتەوەکانی ئێران هەر دەم لە هەڵکشان دایە. خۆ ئەگەر بێتوو ئەم پڕۆسەیە درێژەی هەبێ. ئێران پێچەوانەی ویستی دەیان ساڵەی ناوەندگەراکان، پتر بەرەو لێکترازان دەچێ و بەرپرسایەتیی ئەم دۆخەش تەنیا و تەنیا لە ئەستۆی ئەوانە، نەک ئەو نەتەوانەی هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو ستەم و چەوسانەوەیان، ئامادەن بە مافی یەکسان و وەک یەکدی لە دروستکردنەوەی ئەم وڵاتەدا بەشدار و هاوبەش بن. لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)