کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی کوردانی بریتانیا بۆ محکوم کردنی موشەک بارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات

13:27 - 20 خەرمانان 2718

بەمەبەستی مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەی سەرەکی حیزبی دیموکرات و لەسێدارەدانی سێ زیندانی سیاسی کورد، رۆژی دووشەممە ١٠ سێپتامبر،ی ٢٠١٨ی زایینی خۆپێشاندانێکی بەرین بەبەشداری ئەندامان و لایەنگرانی هەر دوو حیزبی دیموکرات و کوردانی دانێشتووی بریتانیا لەبەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن بەڕێوەچوو. لەسەرەتای خۆپێشاندانەکەدا دوای سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک راوەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، "مادح ئەحمەدی" لە لایەن هەر دوو لای حیزبی دیموکراتەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و کورتەیەکی لەسەر کردەوە تیرۆریستییەکەی ١٧ی خەرمانان و لە سێدارەدانی سێ زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی "رەجائی شهر" باس کرد. دوابەدوای قسەکانی مادح ئەحمەدی، "رزگار قادرزادە"، بەرپرسی کومیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر رووداوەکە پێشکەش کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا پەیامی ناوەندیی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن "فەرید دەیهیم"، بەرپرسی کومیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا. هەربەم بۆنەوە "ئاکام رەحیمی"، کوڕی شەهید "چەکۆ رەحیمی" پەیامێکی کورتی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر هێرشی خوێناوی ١٧ی خەرمانان پێشەکەشی ئامادەبووان کرد. لە درێژەی رێوەڕەسمەکەدا، پەیامی ١٠ حیزب و رێکخراوی کوردستانی و ئێرانی، - پەیامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان - رێکخراوی مافی ژنی کورد - پەیامی بنەماڵەی رامین حسێن پەناهی - حیزبی تەزاموونی ئەهواز، شورای دمکراسی خوازانی ئێران - راگەیندراوی خەبەری کۆمیسیۆنی سیاسیی نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کران. هەروەها لە بڕگەیەکی رێوەڕەسمەکەدا، ئاریاکۆ رەحیمی، پەخشانێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر کارەساتی ١٧ی خەرمانان پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ناوئاخنی بەرنامەکانی ئەم خوپێشاندانە بریتی بوون لە وتنەوەی سرودی شۆڕشگێڕی و دروشم بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. جێگای ئاماژەیە کە راگەیندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەزمانی ئینگلیسی ئامادە کرابوو بەسەر خەلکی بیانی و بەشداربووان دا بلاوکرایەوە. لە کۆتایی رێورەسمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی خۆپێشاندانەکە پەلاماری سەفارەتی کۆماری ئیسلامییان دا کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە رێگریان لێکرا و شەش کەسیش بە شێوەی کاتی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کران. ئەم خۆپێشاندانە بەرینە کە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دانێشتووی بریتانیا بەڕێوەچوو کاتژمێری ٢ی دوای نیوەڕۆ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی سێ سەعات بەردەوام بوو.