کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە هەولێر

20:22 - 21 خەرمانان 2718

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان هاوکات لەگەڵ مانگرتنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بانگهيشتی بەشێک لە حیزبە کوردییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و چالاکانی مەدەنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە بەشداری دەیان کەس لە خەڵکی کورد بە دژی مووشەکبارانی بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لەسیدارەدرانی لاوانی کورد لە گرتووخانەکانی رێژیم زاڵ بەسەر ئێراندا لەبەردەم دەفتەری یوئێن لە هەولێر بەڕێوە چوو. لەم بارەیەوە باسنیوز لە تۆی ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: بەشداربووان بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات چالاکانی سیاسیی لەسێدارەداوی ڕۆژهەڵات و هەڵواسینی پۆستەر و هەڵگرتنی دروشم دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتەکانی ئەو حکوومەتیان لەدژی کورد مەحکوم کرد. نوێنەرایەتیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و کونسووڵگەریی وڵاتان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ کردووە کە لە بەرانبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات و لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات بێدەنگ نەبن و لەدژی ئێران و سیاسەتەکانی بوەستنەوە. پاشان هەرکام لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆژنامەنووسانی بێلایەن پەیامی تایبەت بەو بۆنەیان خوێندەوە و دواتر کاک ئامانج زیبایی جێگری بەرپەسی دەفتەری نوێنەرایتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک وتەبێژ لەگەڵ چەند کەس و لایەنێک بە نوێنەرایەتیی ئەو جەماوەرە ناڕزاییە یادداشتێکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد. جێی وەبیر هێنانەوەیە ڕۆژێک پێشتر، واتە ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠ی خەرمانان لەسەر داوای هیلینا مێرکس جێگری کۆنسوولی ئاڵمان لە هەولێر شاندێکی حیزب بە سەرۆکایەتی جێگری دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب سەردانی کۆنسوولی وڵاتی ئاڵمانیان کرد و لەپێوەندی لەگەڵ کێشەی ڕۆژهەلاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی مووشەکی ئەم ڕێژیمە وتووێژیان کرد. شایانی باسە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان سپای پاسدارانی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامی بنکەی سەرەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان مووشەکباران کرد کە بەداخەوە دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە لە نێویاندا چەند ئەندامی ڕێبەریشی تێدابوون.