کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خرۆشانی کۆمەڵانی خەڵکیی کوردستان!

03:32 - 22 خەرمانان 2718

دوابەدوای مووشەکباران کردنی بنکەی سەرەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامیەوە کە بەداخەوە دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە لەنێویاندا چەند ئەندامی ڕێبەری تێدابوون و هەروەها پاش لەسێدارەدرانی چەند بەندکراوی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی ڕێژیم، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کردەوەی جینایەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەڵکی بەشەڕەف و پێشمەرگە پەروەری کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان لە خرۆشێکی بێوێنەی سەرانسەری لە زۆربەی شارەکاندا، بە نیسانەی رق و توورەیی لە کردەوە قیزەونەکانی ئەو ڕێژیمە، دووکان و بازاریان داخست و بەمچەشنە بە ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیان نیشاندا کە وەک هەمیشە لەپشت تێکۆشەرانی گەلەکەیانن و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، ناتوانی ورەیان بشکێنێ. ئەو مانگرتنە بۆ هەموولایەک بەڵگەیەک بوو کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، ئەو هێزانەی لەناخی کوردستان و نەتەوەی کورد لەوبەشە لە کوردستاندا هەلقولاون، وەک هەمیشە لە دڵی نەتەوەکەیان دان و ڕەگ و ڕیشەیان لە هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دایە؛ هەربۆیەشە پاش مووشەکبارانی قەلای دیموکرات و لەسیدارەدرانی بەندکراوە سیاسییەکان، خەڵکی کوردستان بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەپیل بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتن و سەرەرای کەشوهەوای ئەمیەتی زاڵ بەسەر شارەکاندا ڕق و بێزاری خۆیان لە ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەوشێوەیە دەربڕی. مانگرتنی سەرانسەری شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان وەبیرهێنەرەوەی ئەو مانگرتن و نارەزایەتیە بوون کە پاش شەهیدکرانی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە. وەک چۆن کۆماری ئیسلامی بە تیرۆڕی ڕێبەرانی حیزب و گەلەکەمان نەیتوانی حیزبی دیموکرات بەچۆکدابێنی و خاشەبڕی بکات، بەدڵنیاییەوە نە دوورکەوتنەوەی نەخوازراوی تەشکیلاتی ئاشکرای تێکۆشەرانی دیموکرات لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان و نە بۆمباران و موشەکبارانی بنکەو بارەگاکانی حیزب، توانای توانەوەی بنەماڵەی گەورەی دیموکراتیان نییە. حیزبی دیموکرات و سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات کە خاوەندارییەتی هەزاران شەهیدی سەربەرزو دەیان هەزار بنەماڵەی شەهیدان و زندانیان سیاسی و پێشمەرگەکان دەکەن، نیشانیان داوە، سەرەڕای کوموکوورییەکانیان و ئەو ئینشعاب و لەتبوونانەی کە بەڕاستی زەرەروو زیانێکی زۆری لێکەوتوەتەوە، وەک هەمیشە هیوای نەتەوەکەیانن و لە چووکترین دەرفەتدا دەتوانن بە میلیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان لەدەوریی خۆیان کۆبکەنەوە؛ هەر ئەو راستیەشە کە کۆماری ئیسلامی ترساندووە و هانیداوە تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان بکاتە ئامانجی خۆی و لە بەندیخانەکانیش لاوەکانمان لەسیدارە بدا. بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ جێگەوپێگەیەکی لە کوردستاندا نییە و دەکرێ بڵێین لەئەگەری ڕاپەرینی کۆمەلانی خەڵکی ئێران، سەرەرای هێزی زۆر و پۆشتەو پەرداخی ڕێژیم لە کوردستاندا، زۆر زوو تووشی شکان و پاشەکشە دەبێ و ئەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە ڕاوڕاوین بە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکا؛ کۆماری ئیسلامیش باش دەزانێ هیچ پێگەیەکی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا نییە و کوردستان خاڵی هەرەلاوازی ئەو ڕێژیمەیە و بەئاسانی ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، هەبۆیەش دەبینین کە سەرەرای تێپەڕینی چوار دەیە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کوردستان هەروا بە میلیتاریزەیی ماوەتەوە. ئەگەر چەند بەکرێگیراویش هەبن کە بۆ پارە خۆیان فرۆشتووە، بەدڵنیاییەوە لەوکردەوەیان پەژیوان دەبنەوە و دەگەڕێنەو باوشی کۆمەلانی خەڵکی و داوای لێبووردن لەکار و کردەوەکانی پێشوویان دەکەن. مانگرتنی ڕۆژی چوارشەممە پەیامێکیشی بۆ حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان پێبوو. کۆمەلانی خەڵکی کوردستان لەو مانگرتنەدا و لە بۆنەکانی دیکەدا هەمیشە داوای یەکبوون و یەکگرتنەوەیان کردووە و دەزانن لە یەکگرتوویی و یەکریزی بنەماڵەی گەورەی دیموکرات و کۆمەڵەکاندایە کە گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان دەتوانی ماف و ئازادییەکانی خۆی دەستەبەر بکات و لە ئەگەری هەرچەشنە ڕووداوی نەخوازراو دوورکەوێتەوە. کۆمەلانی خەڵکی کوردستان پاش تێپەڕینی زیاتر لە دە سال لە لەتبوونی حیزبی دیموکرات ئێستاش ئەو دووبەرەکی و لەتبوونەیان هەزم نەکردووە و نایانهەوێ وەک ئەمری واقع وەک دیاردەیەکی ناخۆش قوبووڵی بکەن. ئەوان حیزبی پێشەواقازی محەممەد و قاسملوو و شەڕەفکەندی و هەزاران شەهیدی دموکراتیان بەیەکگرتوویی دەوێ و تێدەگەن کە ڕەمزی سەرکەوتنی گەلی کورد لە یەکگرتوویی دایە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بگرە هەموو خەڵکی ئێران باش دەزانن هەتاوی تەمەنی کۆماری پەتوسێدارە لە ئاوابوون دایەو ئەو ڕێژیمە هیچ داهاتوویەکی جگە لە ڕووخان لەپێشدا نەماوە. لەڕاستیشدا هیچ کات کۆماری ئیسلامی ئەوەندەی ئێستا تووشی قەیران و داماوی نەهاتووە و ئەوەندە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی لەرزۆک نەبووە؛ هەربۆیەش لەلایەک چاونەترستر لە پێشوو دینە سەرشەقامەکان و بەگژ هێزە سەرکوتکەرەکاندا دێنەوە و لەلایەکی دیکەش گەلی کورد خوازیاری یەکبوون و یەکگرتوویی دیموکراتەکان و ڕیکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.