کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە وەڵاتی هۆلەند

04:35 - 22 خەرمانان 2718

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە لایەنە سیاسی و کەسایەتییە سیاسییەکانی نیشتەجێی وەڵاتی هۆڵەند، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و مەحکووم کردنی تاوانە تێرۆریستییەکەی سەر قەڵای دێموکڕات و سەر بنکەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و، هەروەها ناڕازەایەتی دەربڕین لەهەمبەر لە سێدارەدانی سێ لاوی کورد، کە هاوکات لەگەڵ جینایەتەکەی سەر قەڵای دێموکڕات لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دران بەڕێوەچوو. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد. دواتر لە لایەن کاک مەحمود ریشە بەرپرسی کۆمیتەی هۆلەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕات پێشکەکەش کرا. کاک مستەفا شڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان دوای پەیامی دەفتەری سیاسی چەند وتەیەکی لەسەر ئەم بابەتە پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، شۆڕشگێڕان بەحەقی گەلی کورد لە پێ ناخەن و لەسەر داوا رەواکانمان شێلگیرترمان دەکا و هانمان دەدا کە تا دوا هەناسەی ژیانمان، بۆ وەدی هاتنی ئامانجی شەهیدانی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستین و، رۆژ لەدوای رۆژ توندو تۆڵتر بۆ ئامانجەکانمان حەول بدەین. لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوەی کرد کە هۆکاری ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی لە بێدەرەتانی و سەرلێشێواوی دەسەڵاتدارانی تاران و، لە ئەسەری گۆشاری نێووخۆیی و دەرەکی ئەم کارەی کردەوە تا بتوانێ تۆزێک لەم گووشارانە کەم بکاتەوە و خەڵکی نێوخۆ بەو کردەوانەی بخافڵێنێ، بەڵام نەک هەر لە پێکانی ئامانجەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بگرە لەئاکامی ئەم کردەوەیەیدا ، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەم مانگرتنەی ئەوڕۆکە، دیسان دووپاتیان کردەوە کە حوکمەتەکەی تاران بێگانەیەکە لە خاکی کورداندا و خەڵکی رۆژهەڵات نیشانیان دا کە وزەو چەکی سەرەکی دێموکڕات و تەواوی هێزە شۆڕشگێرەکانن. دوای وتارەکەی کاک مستەفا شەڵماشی بەڕێز حەسەن شنۆیی بەرپرسی کۆمیتەی هۆلەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەی کرد کە بە هەموو تواناو وزەوە و، پێداگیرتر لە جاران لە سەر رێبازی شەهیدا بەردەوام دەبن و، ئەم کردەوانە ناتوانێ ساردمان کاتەوە. ئەم کردەوانە نەک لێمان ناخات بگرە دەبێتە هەوێنی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها خەڵکی نێوخۆی رۆژهەڵات. لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا هەرکام لە کۆمەڵەی هاڤکاری، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکڕاتی کوردستان وتاریان پێشکەش و لە وتارەکانییاندا جەختیان لە پشتگیری خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەربڕی. لەبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چەند سروودێکی شۆڕشگێڕی گووترایەوە و هەروەها لە لایەن بەشداروانەوە چەندین درووشم لە دژی کۆماری ئیسلامی گوتراو ئەم کردەوەیە تێرۆریستییە و لە سێدارەدانی لاوانی رۆژهەڵاتیان بۆ جارێکی دیکە مەحکووم کرد.