کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئافەرین رۆژهەڵاتی کوردستان...

05:19 - 22 خەرمانان 2718

دوای موشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات و بنکەو بارەگاکانی ئەم حیزبە لە لایە باندی مافیای سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، زۆر کەسمان چاوەڕوانی دژکردەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووین. هەرچەند بە پێی فەزایەکی ئەمنیەتی – میلیتاریستی کە رێژیم بە سەر کۆردستانی‌دا سەپاندوە، هەست دەکرا کە دژکردەوەی خەڵک بەرانبەر بە دەستدرێژیی کۆماری ئیسلامی بەو جۆرە نەبێ کە چاوەڕوان دەکرێ، بەڵام مانگرتنە جەماوەرییەکی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢١ی خەرمانان کۆمەڵێک پەیامی گرینگ و لە هەمانکات‌دا دەڵخۆشکەری بڵاو کردوە. خەڵکی کوردستان لەم مانگرتنە جەماوەرییەدا پێش هەموو شتێک ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعا پڕوپووچانەی کە رێژیم و دوژمنانی بزووتنەوەی مافخوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیکەن، حیزبی دێموکرات وێڕای حیزبەکانی دیکەی رٶژهەڵات ڕۆڵی نوێنەرایەتیی ئەم بزووتنەوەیە دەگێڕن و جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن. دەسەڵاتیی سیاسیی ناوەندگەرای تاران کە هەمیشە هەوڵی داوە داواکارییە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە بە پرسێکی جیاواز و جیا لە مافی نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان پێناسە بکات و لێکیان داببڕێ، دەبێ لەم مانگرتنە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانەوە بەو ڕاستییە گەیشتبێ کە پیلان و سیاسەتەکانی چەندە مایەپووچ دەرچوون. خەڵکی زۆرێک لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەم مانگرتنە گشتی و جەماوەرییە سەلماندیان کە هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی رێژیم بۆ سەر قەڵای دێموکرات، هێرش بۆ سەر نوێنگەی بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانیی میللەتێک بوو. کۆماری ئیسلامی ئەگەر توانی لە گەرابەندیی مووشەکەکانی‌دا دیقەتێکی ئەوەندە ورد بکات کە شوێنی کۆبوونەوەی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بپێکێ، بەڵام بێگومان لە تێگەیشتن لە پێگەی ئەم حیزبە لە بیر و باوەڕ و رەفتاری خەڵکی کوردستان‌دا زۆر بەهەڵەدا چووە. ئەم رێژیمە کە هەمیشە هەوڵی داوە پرسی مافخوازانەی کورد لە ئێران تەنیا ببەستێتەوە بە حیزبێک و کۆمەڵێک کەس کە لە دەرەوەی وڵات خەبات دەکەن و وا نیشان بدات کە خەڵکی کوردستان بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان لە حیزبەکان هەیە، ئێستا و دوای ئەم مانگرتنانە دەبێ باشتری بۆ دەرکەوتبێ کە بە چ هەڵەیەکی گەورەدا چووە. مانگرتنی خەڵکی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە موشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسیی کورد، دەریخست کە سیاسەتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک و تەسلیمکردنیان و دوورخستنەوەیان لە حیزبەکان و ترساندنیان لە هەڵوێست نواندن، بە تەواوەتی شکستی هێناوە. ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەدا وەک مانگرتنی گشتی و جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی دا، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵات جێی شانازی پێوەکردن و ئافەرین پێ‌وتنە و بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش زەبوونی و داماوییە.