کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی ئاکسیۆنێک بۆ مەحکوم کردنی پەلاماری هەوایی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و لە سێدارەدانی بەندییە سیاسییەکان.

20:52 - 22 خەرمانان 2718

سەر لە نیوەرۆی دۆینێ چوارشەممە 12ی سێپتامبری 2018 کاتژمێر 1ی نیوەرۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری هێزە کوردستانیەکانی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان لەبەر کۆنسوولگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هامبۆرکی ئاڵمان ئاکسیۆنێکی گەورەیان پێک هێنا. سەرەتای ئاکسیۆنەکە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و دەقەییەک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. بەشدار بوانی ئەم ئاکسیۆنە بە وتنی درووشمەکانی دژ بە سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رق و بێزاری خۆیان بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی. لەم ئاکسیۆنەدا لە لایەن ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە مەحکوم کردنی پەلامارە هەوایی و مووشەکیەکەی رۆژی شەممە 8ی سێپتامبر"17ی خەرمانانی 1397" و لە سێدارە دانی چوار بەندی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران، خوێندرایەو. دەقی پەیامەکە: بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە دەبینەوە! ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ(٨ی سیپتامبری ٢٠١٨) ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە،٣ بەندیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و رامین حوسینپەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی ٤٠ کەس لە تێکۆشەران و بنەمالەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی، هەر وەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەر چی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین. تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبوون دا دەبێ، ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو و وڵامێکی ددانشکێن بەرەورووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، ١٩ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان ، چۆلکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان وبازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و “نا”گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن. ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە درێژەی ئاکسیۆنەکەدا هەر کام لە لایەنەکانی، حیزبی دموکراتیک تضامن اهواز "الاحواز" حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حیزبی کۆمۆنیستی ئێران شاخەی کوردستان پارتی ئازادی کوردستان "پاک"، پەیامەکانیان خوێندەوە. ئاکسیۆنەکە کاتژمێر 1ی نیوەڕۆ دەستی پێکرد و کاتژمێر 3ی دوا نیوەڕۆ کۆتایی پێهات