کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆنیشاندن بۆ دژایەتی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران

22:25 - 22 خەرمانان 2718

رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٢ی سێپتەمبری ٢٠١٨، به‌رانبه‌ر به‌ ٢١ی خه‌رمانان، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆنیشاندانێک له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ پشتیوانی لە خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان بەرێوە چوو كه‌ تێیدا وێرای بێزاری ده‌ربڕین له‌ مووشه‌كباران كردنی بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ شاری كۆیه‌، کە تێیدا ١٧ تێکۆشەری دێموکڕات و لە نێویان دا ئـەندامانی ڕێبەری شەھید بوون و پتر لە ٤٠کەسیش بریندار بوو. ھاوکات خۆنیشانده‌ران له‌ داردانی سێ به‌ندكراوی بێتاوانی كورد كه‌ رۆژی ١٧ی خه‌رمانان له‌ لایەن‌ رێژیمی په‌ت و سێداره‌وه‌ له‌ دار دران، مه‌حكووم كرد. خۆنیشاندەران، بە وتنەوه‌ی دروشم و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی مووشه‌كبارانی بنكه‌كانی دێموكرات لەکۆیەو گیراوه‌ سیاسی و پێشمه‌رگه‌ ئێعدام كراوه‌كانی ١٧ خەرمانان، تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم کردو هاوکات رێزیان لە یادو بیرەوەری شەهیدان به‌ گشتیی و نوێترین شه‌هیدانی كوردو كوردستان گرت و پەیمانیان نوێ کردەوە کە تاکوو وەدیهاتنی ئامانجی ئەو شەهیدانە، درێژەدەری رێگاو رێبازیان دەبن. خۆنیشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی ئینگلیسی، فارسی و کوردی و هەروەها سرودی شۆرشگێری پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی پێشمەرگە دووپات کردەوەو تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کرد. خۆنیشاندەران، داوای هاوکاری ئەمریکان بۆ گۆرینی رژیم لە ئێران کردو پێیان وابوو تاکوو کۆماری ئیسلامی هەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەراست نایەتە دی. لە درێژەی ئەو بەرنامەدا، کامران باڵنور بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بڕیارنامەی خۆنیشاندەرانی خوێندەوە کە تێیدا داوا لە ئەمریکا کرابوو لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوچەکە کاردانەوەی جیددتری هەبێ. دواتر ئەو بریارنامەیە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، رە‌حیم رەشیدی لەسەر مانگرتنی سەراسەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کردو وێرای سپاس و پێزانینی خۆنیشاندەران بۆ ئەوان، وتی کە پەیام و داوای خەڵکی کوردستان یەکریزی و یەکگرتوویی پتری حیزبە سیاسییەکان وو کاری ھاوبەشی ئـەوانەچوۆنکەدوژمن بە یەک چاو ھەموومان دەبینێ. شیاوی باسە کە، وێرای نوێنەرانی ‌حیزبە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان، کۆمەڵێک لە ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤ و راگەیەنەرە کوردی و بیانییەکان ئامادەی خۆنیشاندانەكه‌ بوون. شیاوی باسە کە بڕیارە ناوەندی ھاوکاری ڕۆژی یەکشەممەش کۆریادی شه‌هیدانی هه‌شتی سپته‌مبه‌ر بەڕێوەببات و لەسەر لە قاودانی تیرۆریزمی ئـێران بەردەوام بێ.