کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی گشتیی ئەمجارەی کوردستان و وەحشەتی ڕێژیم لە پەیامەکەی

06:01 - 24 خەرمانان 2718

ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو ٢١ی خەرمانان، رۆژهەڵاتی کوردستان لاپەڕەیەکی پڕشکۆی دیکەی لە یەکگرتوویی و بەهەڵوێستبوونی خەڵکەکەی خۆی لە توێی حەرەکەتێکی مەدەنیی گشتی وبەرین دا تۆمار کرد.لەم ڕۆژەدا خەڵکی چەندین شار لە هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵامی بانگەوازی هیزە سیاسییەکانی کوردستانیان داوە. ئەوان بۆ مەحکوومکردنی مووشەکبارانی "قەلای دیموکرات" و شەهیدکرانی ١٥ سەرکردە و کادر و پێشمەرگەی تێکۆشەری دیموکرات، هەر وەها  بۆ دەربڕینی نارەزایەتی لە ئێعدامی ڕۆڵەبەندکراوەکانیان، لە ماڵەکانیان نەچوونە دەر، شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بایکۆت کرد، دوکان و بازاڕیان داخست‌و بەم جۆرە هاودڵی و هاوپێوەندییەکی گشتگیرو کەم وێنەی دیکەیان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و هێزە سیاسییەکانی دیکەی نێو جوولانەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خۆیان، نیشان دایەوە. پەیامەکانی ئەو مانگرتنە گشتییە و بەستێنی بەڕێوەچوون و سەرکەوتوو بوونەکەی شتێکی شاراوە نین. نەفرەت و ناڕەزایەتی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمە، لە هەناوی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا هەبووە و هەتا هاتوە زیادی کردوە. چونکە ئەو ڕێژیمە بیجگە لە هەڵاواردن و ستەم و سەرکوت و تاوان شتێکی بۆ خەڵکی کوردستان پێ نەبووە. سەرەرای هەموو بێبەشی و ڕۆژڕەشییەک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەم خەڵکە پێکی هێناوە، ڕۆژ نیە ڕۆڵەکانیان لێ نەستێنێ. یا لە دەرەوەی سنوورەکان بە تیرۆر ، تەقینەوە ، تۆپباران، بۆمباران، مووشەکباران و پیلانی جۆراوجۆری دیکە هەوڵی زەبروەشاندن لە تێکۆشەرانی ئەو گەلە دەدا، یا لە نێوخۆی ولات، هەر هەوڵێکی مافخوازانە و ئازادیخوازانەیان دەکاتە بیانووی بەند کردن و ئێعدام و گیان لێ ئەستاندنیان لە ژێر ئەشکەنجەدا. ئەمەش بە جێگای خۆی کە ئەوانەش کە کاری سیاسی ناکەن و خەریکی پەیداکردنی بژیوێکی مەمر مەژی بۆ بنەمالەکانیانن، بە هاسانی دەداتە بەر گوللە و ڕۆژانە چەند کەسێکیان لێ دەکوژێ. کەوایە نارەزایەتی و نەفرەتێکی هەمیشەیی بەرامبەر ئەو ڕێژیمە هەیە و، هەر کات دەرفەتی بۆ بڕەخسێ، یا کارەسات وتاوانێکی گەورە ڕوو بدا، ئەم بێزارییە پەنگخواردووە، لێوڕێژ دەبێ و خۆی دەنوێنێ. ئەمجارەشیان ئەم ڕێژیمە ڕاست لە ڕۆژێکدا کە پەتی خنکانی خستە ملی٣ بەندیی سیاسیی کورد، هێرشێکی مووشەکیی کەم وێنەی کردە سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی سنوورو لە  قووڵایی خاکی هەریمی کوردستاندا. ئاشکرایە لە سەر ئەم بەستێنە و بە دوای ئەم دوو تاوانە گەورەیەدا، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات زۆرترین ئامادەیی بیزاری دەربڕین و دژکردەوەنیشاندانی هەبوو. بەڵام دەبوایە ئەم ئامادەییە بجوولێنرێ و بەرەو  پێکهێنانی حەرەکەتێکی هاوشانی گەورەیی کارەساتەکە، هان بدرێ و ڕینوێنی بکرێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی خۆی لە بارەی تاوانە گەورەکەی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان دا بە حەق داوای کردبوو: "چاوەڕوانین نوێترین تاوانی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکرات و ڕۆلە بەندکراوەکانی کورد، ببێتە هەوێنی مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتیدەربڕینی یەکگرتووانەی خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان." ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"یش لە بەیاننامەی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ تاوانەکانی ١٧ی خەرماناندا، راستییەکی گەورەی وەبیر خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان هێنابووە: "تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبوون دا دەبێ، ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو و وڵامێکی ددانشکێن بەرەورووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە. "  بە دڵنیابوون لەو راستییە و بەئاگاداریی لە بێزاریی خەڵکەکەمان لە ڕێژیمی تیرۆر و تاوان، و بوونی هەستێکی قووڵی هاوخەمی وهاوپێوەندی لە نیو ئەو خەڵکەدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان، خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانی بۆ مانگرتنێکی گشتی و بەرین بانگەوازی کرد. ئەم بانگەوازە لە گەڵ پێشوازی و پشتیوانیی هیزو لایەنە سیاسییەکانی  دیکەی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نیوخۆی رۆژهەلات  و دەرەوەی کوردستان بەرەوروو بوو . بەم جۆرە خەڵکی کوردستان لە گەڵ بانگەوازێک بەرەوڕوو بوونەوە کە هیزولایەنە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنی، زۆرترین کۆدەنگی و هاودەنگیان لە سەری هەبوو.  هەر بۆیەش سەرەڕای هەموو هەڕەشە و  گوشارێکی ڕۆژانی پێشتر بۆ سەرچالاکان وپێشەنگانی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆ، سەرەرای ئەو هەمووە هێزە سەرکوتکەرەی ڕێژیم لە بەرەبەیانی رۆژی ٢١ی خەرماناندا، هێنابوویە سەرسەقام و شوێنە گشتییەکان، خەڵکی وشیار و بە هەڵوێستی کوردستان بانگەوازی مانگرتنی گشتییان جیبەجێ کرد و وڵامە ددانشکێنەکەی خۆیان بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە. ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دوای تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان هەوڵیان دا زۆرترین مانۆر و فڕوفیشال لە سەر سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی هێرشە مووشەکییەکەیان وەڕێ بخەن. وایان نواند حیزبی دیموکراتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانی دیکە لە نێوخۆ، هیچیان لێ نەماوە و لە دەرەوەی سنوورەکانیش،  دەستیان لێ ناپاریزن ونایانهێڵن.  بەڵام مانگرتنی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان  و پێشوازییە بێ وێنەکەیان لە بانگەوازی یەکگرتووانەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانیان، بە کۆماری ئیسلامی و بە دنیای راگەیاند کە  حیزبی دیموکرات و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، لەو خەڵکە جیا نین و ئەم خەڵکە  لە هیچ هەلومەرجێک دا تەسلیمی ئەو ڕێژیمە نابن و پشتیوانی لە رۆڵەکانی خۆیان دەکەن. تاوانەکانی ١٧ی خەرمانانی کۆماری ئیسلامی کە بە مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانانولام درایەوە، ئەگەر لە ڕووی نیزامییەوەش سەرکەوتنێک بۆ ئەو ڕێژیمە بووبێ، لە باری سیاسییەوە شکستێکی گەورە بوو، چونکە بۆوە هۆی نوێبوونەوەی یەکگرتوویی خەڵک و تازەبوونەوەی هاوپێوەندییان لە گەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان. ئەم حەرەکەتە سەرکەوتوانەیە، ورە و ئیرادەی خەبات و بەرخۆدانی لە نێوخەڵکی ڕۆژهەلات دا بە هێز کردەوە. هیزە سیاسییەکانی کوردستانی لە پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە خەبات و قوربانیدان و خۆراگرییان  دڵنیا کردەوە. بێ پێگەیی و ئەو پەڕی بێزراوبوونی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان جارێکی دیکە و ئەویش لە کاتێک دا کە ئەو ڕێژیمە دەیەوێ خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی نیشان بدا، سەلماندەوە. ئەم پەیامانەی مانگرتنی گشتی تا ئەو رادەیە بەڕێوەبەرانی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانیان تۆقاندوە کە دەستیان کردوە بە بانگ کردن و گوشارخستنە سەر چالاکانی نێوخۆ کە رابگەیەنن ئەوان و خەڵکی ڕۆژهەڵات، سەبارەت بە ئێعدامی ٣ بەندیی سیاسیی کورد، ئەویش لە بەر بێئاگاییان لە نیوەرۆکی پەروەندەکەیان وحاڵی نەبوون لە هۆی سزای بە حەقیان! ئەم دژکردەوە ئیحساسسییەیان نیشان داوە و مانگرتنەکەیان پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان نەبووە!! بەڵام ئەم جۆرە هەولانە  تازە بێ سوودن و بێجگە لە بوونە هۆی ڕیسواتربوونی بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە، ئاکامێکی دیکەیان نابێ. پەیامی مانگرتنەکە بە گوێی هەموو لا گەیشتوون و ئەوەندە روون و ئاشکران کە بەم جۆرە هەولانە ناشاردرێنەوە. قادر وریا ١٤/٩/٢٠١٨