کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لەبەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانجی مووشەکە بالستیکەکان؟

20:20 - 24 خەرمانان 2718

ڕۆژی ١٧ی خەرمانان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە 7 مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، ئەو هێرشە 15 شەهید و زیاتر لە 40 برینداری لێ کەوتەوە و وێرانییەکی یەکجار زۆری لێ بەجێما. هێرشی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ئەو سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتەی بزوووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتدا دێ، کە ماوەی چوار دەیەیە لەسەری بەردەوامە، بەڵام دەبینین کە خەباتی میللەتی کورد و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پتر لە پەرەسەندن دایە. کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانج و بۆ لە ئێستادا؟ هەموومان دەزانین کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە ژێر بەگوڕترین فشاری نێودەوڵەتی دایە، ئابوورییەکەی لەوپەڕی شپرزەیی و تێکڕمان دایە، کەلێنی خەڵک و دەسەڵات تا دێ زیاتر دەبێ و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە هەموو شوێنی ئەو وڵاتە هەر بەرین و بەربەرینتر دەبنەوە. ڕێژیم پێویستیی بەوە بوو بۆ ماوەیەکیش بێ سەرنجەکان لەسەر قەیرانە نێوخۆییەکان بباتە شوێنێکی دی. هەروەها پەیامێکیش بەگوێی ئەمریکادا بدا و لەگەڵ ئەوەشدا تاقیکارییەکی مووشەکیش بۆ ئەو مووشەکانە بکا کە بە بەهای خوێن و گیان و ماڵی خەڵکی ئێران لە وڵاتانی بیانیی کڕیوە و، حسێبێکیش بێتە دەستی کە کاردانەوەکانی دواتر چ دەبن و ئەو چەندە دەستی ئاوەڵا دەبێ بۆ هەنگاوەکانی دواتری. بەڵام بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانج؟ وەڵامەکەی ئاسانە. کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە چقڵی چاوی ڕێژیم بوون. کوردستانێک کە هەر لە سەرەتاوە "نا"یەکی گەورە و یەکدەستی بەو ڕێژیمە گوت و بوو بە سەنگەری خۆڕاگری لە دژی زۆرداری. حیزبی دێموکراتێکیش کە بە مێژووی دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەروەها خەباتێکی بەردەوام لە پێناو دابینکردنی مافی گەلی کورد، کۆسپێکی گەورەی بەردەم سیاسەت و بەرنامەکانی ئەم ڕێژیمە بووە. ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەسەر ئەم دوژمنکارییە ڕژد کردووە، بێگومان پەیام و گوتار و سیاسەتی ئەم حیزبەیە کە پەرەپێدان بە مافخوازیی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە و، سیاسەتی بەهێزکردنی ئیرادە و ویستی جەماوەرییە لەبەرامبەر ئامانجی تواندنەوە و نەهێشتنی شوناسی نەتەوەیی. ئەوەی زراوی ڕێژیمی بردووە خۆشەویستیی ئەم حیزبەیە لە نێو دڵی خەڵکدا کە قسەی لێ وەردەگرن، کە وەڵامی دەدەنەوە، کە کاریگەریی هەیە لەسەر جووڵە و ئاراستەی خەباتی مەدەنی و ماف ویستیی خەڵک. ئەمە شوعار و ئیدیعای سیاسی نییە و مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی ٢١ی خەرمانان لە کوردستان سەلماندی کە حیزبی دێموکرات چ رەگ و ڕیشەیەکی لە نێو دڵی خەڵکدا هەیە و. ڕێفراندۆمێک بوو لە نێوان دوو هەڵبژاردندا: کوردستان خاوەنداری لە کێ دەکا و ئەوەی دیکە کە دەبێ بارگەی تێکەوەپێچێ کێ و کام لایەنە.... شکی تێدا نییە کە ئەم زەبرەی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکراتی داوە قورس بووە، هەم لە ڕووی ئەژماری شەهید و بریندارەکان، هەم لە ڕووی ئەم وێرانی و خەسارەتەی بەر بنکە و بارەگاکانی حیزب کەوتووە. بەڵام ئەوانەی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان خوێندۆتەوە دەزانن کە ئەم حیزبە زەبری لەو چەشنەی زۆر وێکەوتووە، بەڵام قورس و قایم لەبەریان هەستاوەتەوە. ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەداردرانی پێشەوا قازی محەممەد، شکانی ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی ٤٦/٤٧، تێرۆری دوو ڕێبەری کاریزمای ئەم حیزبە دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی چەند نموونەیەکن کە تێیاندا لە سەری حیزبی دێموکرات درا، بەڵام ئەم حیزبە لەبەری نەکەوت و بەسەربەرزییەوە درێژەی پێدا. بێگومان ئەمجارەش حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم کۆستە دەکاتە هەوێنی سەرکەوتنێکی دی. بە تایبەت کە چەند ڕۆژ پێش، مانگرتنەکەی کوردستان پێی گوتین کە کوردستان قەڵایەکی لەگیراننەهاتوویە.