کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لەلاوانی رۆژهەڵات، پەیوەست‌بوون بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە

22:06 - 24 خەرمانان 2718

سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانان لە بناری چیای هەڵگورد لە رێورەسمێکی پێشمەرگانە‌دا کۆتایی دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی پیشمەرگە لە فێرگەی حیزبی دێموکرات گیرا. سەرەتا بە سروودی ئەی رەقیب ورێژە وچەند کارێکی ڕەزمی دەستی پێکرد پاشان بۆ پەیمان نوێکردنەوە و درێژەدان وسوور بوون لەسەر رێبازی شەهیدان پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێكرایەوە. دواتر بەڕیز برایم چووکەڵی بەرپرسی فێرگە، وتارێکی بە وبۆنەوە پێشکەش کرد. ناوبراو سەرەتا پیرۆزبایی لە لاوانی تازە پەیوەست‌بوو بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە لەدەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی بەشدار بوون وبەڵێنی پێدان کە تا دوا هەناسە بە رێبازی خۆیان کە رێبازی قازی وقاسملوو و شەڕەفکەندی و شەهیدانی ١٧ی خەرمانانە دریژە بەخەبات بدەن. چووکەڵی ئەندامی رێبەری حیزب لەدرێژەی وتارەکەی باسی لە تازەترین کردەوەی دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرد و لەو پێوەندییە‌دا گوتی: "کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانج و بۆ لە ئێستادا؟ هەموومان دەزانین کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە ژێر بەگوڕترین فشاری نێودەوڵەتی دایە، ئابوورییەکەی لەو پەڕی شپرزەیی و تێکقرمان دایە، کەلێنی خەڵک و دەسەڵات تا دێ زیاتر دەبێ و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە هەموو شوێنی ئەو وڵاتە بەربەرینتر دەبنەوە. ڕێژیم پێویستیی بەوە بوو بۆ ماوەیەکیش بێ سەرنجەکان لەسەر قەیرانە نێوخۆییەکان بباتە شوێنێکی دی. هەروەها پەیامێکیش بەگوێی ئەمریکادا بدا و لەگەڵ ئەوەشدا تاقیکارییەکی مووشەکیش بۆ ئەو مووشەکانە بکا کە بە بەهای خوێن و گیان و ماڵی خەڵکی ئێران لە وڵاتانی بیانیی کڕیوە. برایم چووکەلی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی باسی لەوە کرد کە: ئەوەی زراوی ڕێژیمی بردووە بوونی کادرو پێشمەرگەی لە نێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵک‌و خۆشەویستیی ئەم حیزبەیە لە نێو دڵی خەڵکدا کە قسەی لێ وەردەگرن، کە وەڵامی دەدەنەوە، کە کاریگەریی هەیە لەسەر حەرەکەت و ئاراستەی خەباتی مەدەنی و ماف ویستیی خەڵک. ئەمە شوعار و ئیدیعای سیاسی نییە و مانگرتنە گشتییەکەی ڕۆژی ٢١ی خەرمانان لە کوردستان سەلماندی کە حیزبی دێموکرات چ رەگ و ڕیشەیەکی لە نێو دڵی خەڵکدا هەیە و، ڕێفراندۆمێک بوو لە نێوان دوو هەڵبژاردندا: کوردستان خاوەنداری لە کێ دەکا و ئەوەی دیکە کە دەبێ بارگەی تێکەوەپێچێ کێ و کام لایەنە.... چووکەڵی لەکۆتای پەیامەکەی ئاماژەی بەوە دا کە: ئەو خەسارەتەی بەر بنکە و بارەگاکانی حیزب کەوتووە. بەڵام ئەوانەی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان خوێندۆتەوە دەزانن کە ئەم حیزبە زەبری لەو چەشنەی زۆر وێکەوتووە، بەڵام قورس و قایم لەبەریان هەستاوەتەوە. ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە داردرانی پێشەوا قازی محەممەد، شکانی ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی ٤٦/٤٧، تێرۆری دوو ڕێبەری کاریزمای ئەم حیزبە دوکتور قاسملوو و شەڕەفکەندی چەند نموونەیەکن کە تێیاندا لە سەری حیزبی دێموکرات درا، بەڵام ئەم حیزبە دانەنەوی و بەسەربەرزییەوە درێژەی پێدا. بێگومان ئەمجارەش حیزبەکەمان ئەم کۆستە دەکاتە هەوێنی سەرکەوتنێکی دی. بە تایبەت کە چەند ڕۆژ پێش مانگرتنەکەی کوردستان پێی گوتین کە کوردستان قەڵایەکی لەگیراننەهاتوویە و، ئەمڕۆش ئێوەن کە بە هاتنە ڕیزی پێشمەرگایەتی، تاوتان داوەتە چەکی هاوڕێ شەهیدەکانتان و نەتانهێشت نە سەنگەریان چۆڵ بێ و نە تفەنگی سەرشانیان بکەوێتە سەر عەرزی.. هەروەها روو بە هاوسەنگەرانی وتی وەرزێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە تایبەت ئێوە پێشمەرگە تازەکانی حیزب دەستی پێ کردووە. دەستوەشاندنی کۆماری ئیسلامی و سنووربەزاندنی نیشانەی بەهێزبوونی نین، بەڵکوو نیشانەی زەبوونی‌و ئاوابوونی خۆری تەمەنیەتی. لەبەشیكی دیکەی مراسمەکە پەیامی بەشدارانی دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی لەلایەن بەشداربووی دەورە جەلیل سەلیمی خوێندرایەوە. پاشان بە چەند گۆرانی شٶڕشگێڕانە و شێعری حەماسی ئەو ڕێوڕەسمە کۆتایی پێهات.