کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیمانی وەفاداریی بەشێک لە ژنانی نێوخۆی وڵات، لە گەڵ شەهیدان "نەسرین و سوهەیلا"

22:47 - 25 خەرمانان 2718

دوای شەهید بوونی دوو ژنە پێشمەرگەی لێهاتوو، لە کارەساتی دڵتەزێنی ١٧ی خەرمانان، بەشێک لە ژنان و کچانی چالاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگای جۆراجۆرەوە، پەیامی سەرەخۆشی خۆیانیان پێشکەش بە هاوسەنگەران و بنەماڵەی شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری کردووە. لە پەیامی ژنان و کچانی چالاک و تێکۆشەر نیوخۆی وڵات وێڕای مەحکووم کردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی کردنی بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی، لە گەڵ رێبازی شەهیدانی گەل، بەتایبەتی دوو ژنە شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیمانی وەفایان نوێ کردوتەوەو، ئەو دوو ژنە شەهیدەیان بە سەمبۆلی ژنانی خۆڕاگری کوردستان لە قەڵەم داوە. شیاوی باسە ئەو دوو ژنە تێکۆشەر و لێهاتوویە، کە چەندین ساڵ لە ریزەکانی حیزب وەکوو دوو کادری بەوەج و بە توانا ، لە ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات ئەرک و بەرپرسایەتییان وەئەستۆ گرتبوو، رۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان بە هۆی هێرشی هەوایی و مووشەک‌بارانی بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان گیانیان لەدەست‌داو پەیوەست‌بوون بە کاروانی شەهیدانەوە جێی‌ئاماژەیە لە درێژەی هاوخەمی کردن و پشتیوانی کردنی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ژنان و کچانی نیشتمانپەروەر بە پەرۆشەوە هاوخەمیی خۆیانیان دەربڕیوەو شەهیدان سوهەیلا قادری و نەسرین حەدادیان بە هێمای خۆیان بۆ رووبەرووبوونەوە گەڵ دەسەڵاتی دژە ژن و دژە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوزەد کردووە.