کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بە بەشداری زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوە چوو

15:18 - 26 خەرمانان 2718

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویی بەرامبەر بە ١٥ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە هاوکاری کومیتەی یەکێتییەکانی ژنان و لاوان لەو وڵاتە، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات و لاوانی کورد کە لە لایەن جەلادانی ڕژیمی کوردکوژی ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دران، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، ڕێوڕەسمێکی‌ بەشکۆیان ڕێکخست. لەو ڕێورەسمە دا زیاتر لە ١٢٠٠ کەس بەشدار بوون و نوێنەری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، ئەندام و لایەنگر و دۆستانی حیزبمان و کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە کوردانی خاوەن هەڵوێستی نێشتەجێی وڵاتانی سوید، نۆروێژ و دانمارک تێیدا بەشدار بوون، ڕێز لە گەورەیی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی کوردستان گیرا. بەرنامەکە کاتژمێر ٢.٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ بە وتەی دەستپێک و بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن بەرێوەبەرانی کۆڕیادەکە، هاوڕێیان سۆزان فەتحی و مەریوان نەستانی و بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کە لە لایەن کۆرسی سروودی یەکێتی لاوانەوە پێشکەش کرا دەستی پێکرد. پاشان پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە لایەن خاتوو شۆعلە قادری، خوشکی شەهیدی سەربەرزی حیزبەکەمان سوهەیلا قادری،یەوە خوێندرایەوە. ئینجا بەڕێز سەعید بیگزادە، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پڕ بایەخ کە هەڵگری سیاسەت و وتەی ڕێبەری حیزب بوو پێشکەش کرد. هاوڕێ سەعید بیگزادە لە وتەکانی دا بە ئاماژەبەو دۆخەی کە بۆ حیزب و نەتەوەکەمان هاتووەتە پێش وتی: خۆمان ئامادە دەکرد کە لە دەوروبەری سەرساڵی شەهید کردنی دکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، یادی ئەو گەورە و مەزنانە لە دەرەوەی وڵات بکەینەوە. ساڵی ١٩٩١ ئەو ڕێبەرانە بە دەستی تێرۆریستانی ڕژیمی خوێنڕێژی ئیسلامی ئێران گیانیان لێ ئەستێندرا. دوژمنان ئەو کاتە پێیان وابوو کە بە لێدانی مێشکی سەرەکی گەلی کورد خەباتی ئەو گەلە دەخەوێ، غافڵ لەوەی کە ئەو میللەتە فێرە، ڕاهاتووە، فیداکاری ڕۆلەکانی خۆی بۆ ئازادی و بەختەوەری فیدا دەکات. مۆڵەتی ئەوەمان پێنەدرا، ڕووداوی ١٧ی خەرمانان هاتە پێش. خۆمان بۆ ئەو یادە ئامادە دەکرد دوو کۆسپی دیکەشمان بۆ هاتە پێش. تێکۆشەرێکی زۆر دێرین، کە بە تەمەنی حیزبی دیموکراتی کوردستان خەباتی پێشـمەرگانە و خەباتی سیاسی هەبوو، سیمایەکی ناسراو لە ناوچەی بانە، مامە قالە فەتحییان، ناسراو بە ''مامە قالەی شۆڕش''، ئەندامێکی بە وەفای حیزبی دیموکراتی کوردستان لێرە بەجێی هێشتین. هەر بەوەوە ماندوو بووین و هیشتا وەخۆ نەهاتبووینەوە بەرنامە رێزییەکانمان تەنزیم بکەین، خەسووی ڕەفیقی تێکۆشەر و هاوڕێی خۆشەویستمان کاک ئەبوو بەکری ڕاد و دایکی هاوڕی و خۆشکی ئازیزمان سوڕەیا گەنجە بەجێی هێشتین. ئەو دوو ئازیزە بۆ گەورەیی ئەم ڕۆژە، سەرفی نەزەریان کرد لە دانانی مەراسیمی تایبەت بە خۆیان و شینی خۆیان تێکەڵ بە وەفاداری بە ڕێبازی ئەو شەهیدانە کرد و هاتن لەگەڵماندا دانیشتن سپاسیان دەکەین و هاوخەمیانین. ڕۆژی ١٧ی خەرمانان کاتێک کە کۆمیتەی ناوەندی ح د ک نۆهەمین پلۆنۆمی خۆی بەڕێوە دەبرد، سەعات ١٠ و ٤٧ دەقیقەی بەیانی شوێنی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی کۆماری خوێن و سێدارە. پتر لە ٦٠ لە ئەندامانی ڕیبەری و کادرە بە وەجەکانی ح د ک و دوو پێشمەرگەی حیزبی حدکا لەو هێرشەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دا بۆ سەر قەڵای دێموکرات شەهید و بریندار بوون. ئەندامانی‌ رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەشدار لەو پلینۆمەدا، هەر هەموویان یان شەهید بوون یان بریندار بوون. کۆماری ئیسلامی، و کۆماری پەت و خوێن پێی وابوو ئەگەر لە مێشکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بدات، سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بە دەست دێنێ. سەرەڕای ئەوەی کە بەشی هەرە زۆری ڕێبەری حیزب بریندار و شەهید بوون، بەڵام بەشێکی دیکە لە ئەندامانی ڕێبەری کە حزووری فیزیکییان لەو کۆبوونەوەیە دا نەبوو، لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێک دا سوکانی تەواوی ئۆرگانەکانی حیزبیان گرتەوە دەست. بۆ ڕووداوی ئاوا قوورس باس و قسە کردن لە مەجالێکی ئاوا کورت دا ناگونجی، بەڵام ئێمە کە هاتنین بووین بە پێشمەرگە هاتین بووین بە خەباتکاری میللەتەکەمان، دەمانزانی ئەو ڕێگایانەمان لە بەرە، بۆیە بێگوومان ئەو زەربە و زەربەی لەوە قورستریش ناتوانێ بە چۆکماندا بێنێ. ڕووداوی ١٧ی خەرمانان و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد لە نێوخۆی وڵات، تێکۆشەرانی خەباتی مەدەنی و نێوخۆیی وڵات، بۆ تۆقاندن، بۆ ترساندن و بۆ پاشەکشەکردن بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ چاوترسێن کردنی خەبات کاران لە لایەن جمهوری ئیسلامی‌یەوە ئەنجام درا. بەڵام ئایا جمهوری ئیسلامی مەبەستی خۆی لەم ئێعدامانە، لەم مووشەک بارانە، لە شەهیدکردنی ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەدەست هێنا؟ وڵامەکەی ئەو هەڵوێستە بە هێزەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاودەنگی لەگەڵ یەکتر ڕوو لە کۆڕ و کۆمەڵی نیوخۆی وڵات بۆ پشتگری کۆی جەماوەری خەڵکی کوردستانیان کرد و لە ئیلام و کرماشانەوە تا سەڵماس بە دەنگی هیزەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتن، جوابێکی قورس، ددان شکێن و مەحکەم بە دەوڵەتی ئێران بوو، کە کورد لە پشت یەکە، لەگەڵ یەکە و دەردی یەکە، داواشی یەکە و خەباتیشی یەکە. لە حیزبی جیا دا کار دەکەین، لە ڕێکخراو و تەشەکوولی جیا دا کار دەکەین بەڵام مەبەست ومەسیر و ڕێگا و چارەنووسمان یەکە. بۆیە لە پشت یەک و لەگەڵ یەک، خەڵک ئەم جارە لە هەموو جارێک چاکتر سەلماندی کە ئەگەر ئێمە لەگەڵ یەک بین ئەوانیش لەگەڵمانن و پشتگرمانن، بۆیە دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو حیزبانەی کە هاودەنگ بوون بۆ ئەم حەرەکەتە گەورەیە. مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات ئەگەر زەربەی گەورەی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، بە تەنیا ڕووی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان نەبوو. ئەو حەرەکەتەی کۆماری ئیسلامی لە راستی دا پەلە قاژەکانی دواییەتی کە ویستی ددان تیژ و چیڕ کاتەوە لە هەموو ئەو دەوڵەتانە و ئەو هێزانەشی کە لەو ناوچەیە دا لەگەڵیان لە بەربەرەکانی دان. لە بن گوێی ئەو وڵاتانەی کە شەڕی داعش دەکەن، زلەیەکیش لە بن گوێی ئەوان دەدرێ. لە ڕاستی دا دەوڵەتی ئێران بەو مووشەک بارانە، لەگەڵ لێدانی ئێمە ویستی بەئەوانیش بڵێ ئەگەر بمانەوێ لە بەرامبەر ئێوەش دا دەتوانین بێینە پێش. دەتوانین لێتان دەین بەو جۆرە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانمان داوە. ئەو مووشەکانەی کە جمهوری ئیسلامی لە لێدانی قەڵای دێموکرات بە کاری هێنا، لە هیچکام لە شەڕەکانی ناوچە دا ئێران، تا ئێستا بە کاری نەهێناوە. کەوابوو ئاکامی ئەو حەرەکەتەی جمهووری ئیسلامی، سەرەڕای ئەو زەبرەش کە لێیدان، بەڵام نەتەنیا تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بێگوومان ئەو کردەوە داوێنی زۆر توندتر لە پێشوو دەگرێ. ئەو ناوچە پڕ لە کێشە و شەر و ئاژاوە، بێگومان ئەو کەڵەوەکێشییە لە کۆماری ئیسلامی قبووڵ ناکات، نەک لەبەر ئێمە، بەڵکوو لە بەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان. دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان، خرۆشانی ٢١ ی خەرمانان و بەدەنگەوە هاتنی خەڵکی کوردستان چەند پەیام بە ئێمە دەدا. لە ماڵ نەهاتنە دەری کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆر جار وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان گوتوومانە شوێنی بەهێزی خەباتی ئێمە، مستی مەحکەمی خەباتی ئێمە دژ بە داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، خاڵێکی وەرچەرخان و نوقتە عەتفێکە لە خەباتی سەرانسەری ئێرانیش دا. جارێکی دیکەش ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانی دا کە لە ئێراندا پێشەنگە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو حەرەکەتەیان نیشانیاندا کە ئەگەر حیزبەکانی یەکگرتوو بن ئاوا وڵامیان دەدەنەوە. بە دەوڵەتی ئێرانیان گووت تۆ ڕۆڵەکانمان دەکوژی ئێمە لێت قبووڵ ناکەین ئاوا وڵامت دەدەینەوە. لە هەمانکاتدا دا ئەو جوابەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دایانەوە پەیامێکی قایم بوو بە نوێنەرەکانی خۆیان، بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێوە ئەگەر یەک بن ئێمەتان ئاوا هەیە. ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرەکیترین زیانمان وێ کەوت، بەڵام ئەو خەڵکە هەمووی بۆ ئێمە نەهاتە دەر، هەموو بۆ ئێمە دانەنیشت، هەمووی بۆ ئێمە خەفەتی هەڵنەگرت، بۆ کۆمەڵە کردی، بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وبۆ خەباتیشی کرد. هاوڕێ سەعید بیگزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە یەکدەنگیی ئەندام و لایەنگری حیزبەکان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات کرد و ئاماژەی بەو خۆپێشاندان و مانگرتن و شەپۆلی هاودەردییە کرد کە بۆ هاوخەمی لەگەڵ حیزبەکان لە خۆیان نیشان دا، کە جێی خۆیەتی لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەم سپاسێکی گەرم ئاڕاستەی کۆمەلانی خەڵک لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین و هەم بۆ ئێوەی تێکۆشەر لە دەرەوەی وڵات کە ئەو سەنگەرەتان ئاوا بەتین و بە گەرم وگوڕی ڕاگرتووە، سپاستان ئەکەم. بەڕێز ئەندامی ڕێبەری حیزب لە درێژەی وتەکانی دا سەرەرای تیشک خستنە‌سەر دۆخی نالەبار و ناسکی حکومتی هەرێمی کوردستان، هاوکات گلەییەکی دۆستانەی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەریمی کوردستان کرد کە لە ڕووداوەکانی ١٧ی ڕەشەمە و تەنانەت ڕووداوەکانی پێشووتریش دا هەڵوێستێکی فەرمی گونجاو بەو هێرش و دەستدرێژییانەی ئێرانیان نەداوەتەوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی تاران بوێرێ کردەوەی قێزەونتر ئەنجام بدات. بەڕێز سەعید بەگزادە لە کۆتایی قسەکانی‌دا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بەو کارەساتە، بۆ جارێکی دیکە هاوخەمی و هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و هەموو خەڵکی کوردستان دەربڕی و داوای کرد کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادە هاوڕێ شللێر حەسەنپوور پەیامی ڕیکخراوی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی خوێندەوە. ئینجا هونەرمەندی خاوەن هەڵوێست و موزیسیەنی بە توانا کاک ''پێدرام شەهلایی'' چەند وتەیەکی لە سەر گەورەیی ئەو کارەساتە هێنایە زمان و ڕێزی لە شەهیدانی حیزب و نەتەوەکەمان گرت. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا سروودی هێزی پێشمەرگە نابەزن و مەڕۆ مەڕۆ ، بە دەنگی خۆش و دڵ لاوێنی هونەرمەندان و کۆڕی سروودی یەکێتی لاوان و هاوکاری چەندین هونەرمەندی دەنگ خۆش و خاوەن هەڵوێست پێشکەش کرا. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو بەرنامە هونەرییە بە هاوکاری و ڕێنوێنی موزیکژەنی بەتوانای کورد، کاکە پێدرام شەهلایی،یەوە ئامادە کرابوو. دواتر پەیامی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید لە لایەن بەختیار عەبدولڕەحمان محەممەد پێشکەشی ئامادە بووان کرا. لەو پەیامەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی حکومەتی ئێران و هاودەنگیی و دەست لێک گرێ دانی حکومەتە دژ بە کوردەکانی ناوچەکەی کرد و داوای کرد کە ڕێز لە سەروەری حکومەتی کوردستان و عێراق بگرن. پاشان پەیامی کومیتەی سویدی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو مەستوورە سوڵتانی،یەوە پێشکەش کرا. لە بەشی دووهەمی ئەو کۆڕیادە‌دا پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن خاتوو شیلان ساڵحی،یەوە خوێندرایەوە. پاشان کاک عەلی ئەسغەری خوسرەوی لە لایەن سازمانی دیموکراتیکی یارسانەوە وتەیەکی پێشکەش کرد. بە دوای ئەواندا تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵات، کاک ئێقباڵ سەفەری وتارێکی بەپێزی پیشکەش کرد . پێویستە بگووترێ کە ئاپۆڕەی خەڵکی بەشدار بە رادەیەک بوو کە لەبەر کەمی جێگە و بچووکی ساڵۆنەکە، سەدان کەس لە دەرەوەی ساڵۆنەکە وەستابوون و بەشداری ئەو کۆڕە ماتەمینییە بوون. جێگەی ئاماژەیە کە چەندین پەیامی هاودەردی و پشتگیری لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانەوە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە ناردرابوو، کە لە بەر کەمی کات تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا کە بریتی بوون لە: - کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەیکێشانی ئێران - کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان - حیزبی شیوعی کوردستان - کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران - پارتی دیموکراتی کوردستان - سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران - پارتی ئازادی کوردستان - یەکێتی نیشتمانی کوردستان - ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان - پارتی سەربەخۆیی کوردستان - کۆمەلەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان - کەسایەتی ناوداری کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان " کاک بابە حەلی مێهرپەروەر" - کەمپینی یەیکبوون - پەیامی هاودەردی هاوڕێ کاک ئەبووبەکر ڕاد - پەیامی کاک ئەحمەدی شەریفی - کومیتەی سویدی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان " پژاک"