کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژ بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر قەڵای دێموکرات، لە نۆڕوێژ ئاکسیۆنێک بەڕێوە چوو

18:21 - 26 خەرمانان 2718

بەمەبەستی مەحکومکردنی هێرشی یی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسێدارەدرانی سێ چالاکی دیکەی سیاسیی کورد لە ناوخۆی وڵات و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی بە گوێی بیروڕای گشتی و وڵاتان، رۆژی هەینی، ١٤ی سپتامبەری ٢٠١٨، ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، بە بەشدارای سەدان کەس لە کوردستانییان ئاکسیۆنێکی لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ پێک هێنا. سەرەتا بەڕێزان خاتوو" بەفرین رۆستەمی" و "شێرزاد زریان"ەوە بە دوو زمانی کوردی و نۆڕوێژی بەخێرهاتنی بەشداران کرا و کورتەیەک لەسەر ئاکسیۆنەکە قسە کرا. پاشان پەیامی هاوبەشی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی رۆژهەڵات بە زمانی نۆڕوێژی لە لایان خاتوو "شنۆ شەیعەت پەنا" و بە زمانی کوردی لە لایان بەڕێز "فاروق عەباسی"یەوە پێشکەش کران کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: "ئێمە وەک نوێنەری حیزب و رێکخراوەکان و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، بە ناوەکانی: رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی، هەر وەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکەین و هاوکات داوا لە دەوڵەت و بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ دەکەین بەرامبەر بە دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئازادیخوازانی کورد لە نێوخۆی ئێران و لە دەرەوەی سنوورەکان بە تایبەتی بەرامبەر کۆمەڵکوژیی رۆژی ٨ ی سێپتامبەر لە قەڵای دیموکرات بە دەستی ئەو ڕێژیمە، بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن و دەنگی نارەزایەتی خۆتان بە رێژیمی ئێران رابگەیەنن و ئەو جینایەتە مەحکوم بکەن." لە ئاکسیۆنەدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە، پارتی سۆسیالیستی چەپی نۆڕوێژ SV، بەڕێز "رەحمان ساکی" و "رەزا چواردۆڵی" هەریەک پەیامی تایبەتیان بەم بۆنەوە هەبوو.