کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی گەیشتە سکرتاریای حدک

19:10 - 26 خەرمانان 2718

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، برای شەهید ڕامین حوسێن‌پەناهی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و پەیامی هاوخەمیی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهیی گەیاندە ڕێبەریی حیزبی دیموکرات. بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 26ی خەرمانان ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، برای زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو ڕامین حوسێن‌پەناهی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە گەرمی وەرگیرا. لەو دیدارەدا ئەمجەد حوسێن‌پەناهی پەیامی هاوخەمیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە مووشەک بارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی گەیاندە ڕێبەریی حیزب و گوتی ئێعدامی ڕامین و زانیار و لوقمان مرادی لە بەیانیی ئەم ڕۆژەدا پیلانێک بوو بۆ ئەوەی زەبر لە تەواوەتیی بزووتنەوەی کورد بدەن و لەم ڕۆژەدا خوێنی بنەماڵە ئێمە و زیندانیانی سیاسیی دیکە و حیزبی دێموکرات تیکەڵ بە یەکتری بوون. ئەمجەد حوسێن‌پەناهی پێی لەسەر ئەوەی داگرت کە بەرگری لە زیندانیی سیاسیی سەر بە هەر ڕێکخراوەیەکی سیاسی دەبێ ببێتە نەریتی هاوبەش هەموو بزووتنەوەی کورد. ناوبراو نەیشاردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان زیاتر لە هەموو حیزبە سیاسییەکان بەر لە ئێعدامی ڕامین، خاوەندارەتیی لێ کرد و هەموو هەوڵێکی بۆ پشتیوانی لە کەمپینی ڕزگاریی ڕامین لە ئێعدام خستەگەڕ. هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی و زیندانیانی سیاسیی دیکە لەو ڕۆژەدا و ڕۆژانی دواتریشدا ڕاگەیاند و سڵاویان نارد بە ڕووحی بەرەنگاری و خۆڕاگریی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، بەتایبەت دایە شەریفە و باوکی بەڕێزی شەهید ڕامین.