کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ئادالایدی وڵاتی ئوسترالیا ڕێز لە شەهیدانی هێرشی موشەکی ڕژیمی تاران بۆ سەر قەڵای دیموکرات گیرا

00:43 - 27 خەرمانان 2718

بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕۆژی هەشتی سیپتامبر و بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی یارمەتی کۆ کردنەوە بۆ قەرەبووی زیانە ماددییەکانی‌ئەو مووشەکبارانەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ۲٦ی سیپتامبر لە شاری ئادلایدی وڵاتی ئوستڕالیا کۆڕێک پێک هات. لە کۆڕەکەدا کە لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە بەڕێوەچوو ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەشدار بوون. لەو کۆڕەدا بەپرسی حیزب لە ئوستڕالیا پاش‌ئاماژە بە چۆنیەتیی هێرشەکە و زیانە گیانی و ماددییەکانی، لە مەبەستەکانی ڕێژیم و ئاکامەکانی دوا. بەرپرسی حیزب لە ئوستڕالیا هەروەها باسی هاودەنگی و هاوپێوەندیی خەڵکی کوردستانی لە نێوخۆ و دەرەوە کرد و لەو هەوڵ و تێکۆشانەش دوا کە به مەبەستی لەقاودانی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕادەی نێونەتەوەییدا وەڕێ خراون. پەیامی هاوخەمیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و هەروەها چەند پەخشان و شێعر لە لایەن بەشدارانەوە پێشکەشی کۆڕەکە کران. پێویستە بڵێین خوشک و برایانی کورد‌ زۆر دڵسۆزانە دەستی هاوکارییان بۆ حیزب درێژ کرد و لەباری‌یارمەتیی‌ماڵییەوە درێغیان نەکرد.