کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی ساڵڕۆژی کردەوە تیرۆریستییەکەی میکۆنووس، لە شاری سنە

17:47 - 27 خەرمانان 2718

هاوکات لەگەڵ کارەساتی دڵتەزێنی هێرشی هەوایی بۆسەر قەڵای دێموکرات و چالاکیی تەبلیغییەکان بەو بۆنەوە، لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی ، یادی ئەو ڕێبەرە لێهاتوویە، لە شاری سنە بەرزڕاگیرا. لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سنەی قارەمان، شەوی ٢٦ی خەرمانان لە چالاکییەی تەبلیغی‌دا، یادو ناوی شەهید دوکتور سادق شەڕەفکەندییان بەڕز ڕاگرت و، بە نووسینی دروشم و بڵاو کردنەوەی تراکتی پێوەندی‌دار بە کردەوەی تیرۆریستی میکۆنووس، کە لەوێدا بە دەستی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی، سکرتێری حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی شەهید کران، وێڕای مەحکووم‌کردنی سەرلەنوێ ئەو جینایەتە، بۆ جارێکی دیکە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێبازی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات سەلماند. ئەو شوێنانەی لە شاری سنە کە چالاکیی تەبلیغی تێدا کراون بریتین لە ؛ شارەکی "بعثت"، شارەکی ئیمام ڕەزا، جادەی نەنەڵە، شەقامی گۆڵشەن، فەیزاوا، لەگەڵ چەندین گەڕەک وشەقامی دیکە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سپاس و پیزانینی خۆی پێشکەش بە سەرجەم لایەنگرانی بەئەمەگ و چاونەترسی حیزب دەکا لە شاری سنەو، هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.