کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەشداری سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی نۆروێژ، کۆڕیادی ڕێزگرتن لە شەهیدانی قەڵای دێموکرات بەڕێوە چوو

20:39 - 28 خەرمانان 2718

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، کۆڕیادێکی گەورەی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات، بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتانی نۆروێژ و سوید، بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە، نوێنەری زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی جێگیر لە نۆروێژ و ئەندام و لایانگرانی حیزبەکەمان بەڕێوەبرد. سەرەتا بەڕێوەبەری کۆڕیادەکە هاوڕێ ئەسعەد خزری وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران، ئاماژەیەکی کورتی بە کارەساتی ١٧ی خەرمان و هێرشی موشەکیی ڕژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و قەڵای دیموکرات کرد و پاشان کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" لە لایەن کۆڕی هونەری لاوانی دێموکرات و گرووپی مووزیک دەستی پێکرد. بە دوای ئەو دا، پەیامی کومیتەی هاوکاریی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕێز فروغ ڕەسووڵ پوور خوێندرایەوە. ئینجا سروودی "ئەی شەهیدان" لە لایەن کؤری سروودی لاوانەوە پێشکەش کرا. پاشان داوا لە هاوڕێ "سەعید بەگزادە" ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا کە بێتە پشت میکرۆفۆن و پەیامی کومیتەی ناوەندی حیزب پێشکەش بکات. بەڕێز بەگزادە لە سەرەتای قسەکانیدا وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، سوپاسی ئەندام و لایانگرانی حیزبی کرد کە بۆ جارێکی دیکە بە ئامادە بوونیان لە سەر شەقامەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان پشتگیری خۆیان بۆ بزووتنەوە و حیزبەکەیان نیشاندایەوە. بەگزادە گوتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، لانی کەم لە دەرەوەی وڵات، لەو ماوەیەدا کە ئەم یەک دوو ڕۆژە دەگەینە سەر ساڵی تێرۆری میکۆنۆس، تێرۆرکردنی "د. سادقی شەرفکەندی " و هاورێیانی خەریکی بەرنامەڕێژی بووین بە بۆ جارێکی دیکەش وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنینەوە کە دەوڵەتی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، ٢٦ساڵ لەمەوبەر سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بێرلین و لە جەرگەی ئوروپاو لەبەر چاوی هەموو جیهان تێرۆر کرد. دوژمن مەودای ئەوەی پێ نەداین لەم بەرنامەیە تێپەڕین و وەزیفەی خۆمان بۆ شەهیدانی میکۆنۆس ئەنجام بدەین، کە سێ گەنجی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاست لە ١٧ خەرماناندا لە لایەن ئەو حکومەتە جینایەتکارەوە ئێعدام کران. ڕاست لەو شەرایەتەدا، پلیۆنۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە دەچوو کە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستووری هێرش بۆ سەر کومیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان سادر کرد. لەگەڵ ڕێز بۆ یادی "د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی"، ناچار بووین کە ئەو یادە مەزنە بە ناچاری، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی نوێ تۆزێک کز بکەین و ڕوو لەو ڕووداوە گەورەیە بکەین کە لە مێژووی خەباتی ئەم حیزبە دا کەم وێنەیە.حیزبی دێموکراتی کوردستان جاری یەکەمی نییە کە بەو جۆرە ڕێبەرییەکەی و نەفەراتی یەکەمی، یان مێشکی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبە دەکەوێتە بەر هێرشی دوژمن، بۆ ڕاست مێشکی ئەو حیزبە لێ دەدەن؟ ئەوە پرسیارێکە کە رەنگە دۆزینەوەی وڵامەکەی زۆر سەخت نەبێ. بەڕێزان! ئایا کۆماری ئیسلامی لەو هێرشەی مەبەستی چ بوو؟ ئایا بە تاک ڕووی لە حیزبی ێیموکراتی کوردستان بوو؟ لێرە پێش منیش باش کرا، ئەو هێرشە بەتەنیا ڕووی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبوو، بەڵکوو ڕووی لە کورد بوو. ڕووی لە ویستی کورد، ڕووی لە هەمو هیزەکانی کورد بوو، ڕووی لە هەموو کوڕ و کۆمەڵی کوردەواری بوو و بە ئێمەشەوە زللەیەک بوو، هۆشدارێک بوو لە بنگوێی ئەو زلهێزانەی کە لەم ناوچە دا حزووریان هەیە. ددان تیژکردنێکیش بوو لەوان، کە پێیان بڵێ ئێمە ئاوا بە دسەڵاتین و دەتوانین بە مووشەکی ئاوا لێتان دەین. بەڵام ئێمە هەڵبژێردراین بۆ ئەم زەربەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو هێرەشە دا ٦٠ کەسی لێ شەهید و بریندار بوو، تەواوی ئەندامانی ڕێبەری کە لە ساڵۆنی کۆبوونەوە حزووریان هەبوو، یان شەهید بوون، یان بە برینداری هاتوونە دەر. بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەوەی هێزی لەبەردا مابوو بە لەشی بریندارەوە هاتنەوە دەر و بە هاوکاری ئەوانەی دیکەی کە دوور لەوان بوون سوکانی ئەو حیزبەیان گرتەوە دەست. بەگزادە لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی" حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕاهاتووە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەو زەربەیە قوورس بوو و لەگەڵ هەموو رووداوەکانی پێشووتر و دوای کۆمار، زەربەی ئاوا قورسی وێ نەکەوتووە، بەڵام لە پێ نەکەوت و لە پێش ناکەوێ. ئێمە زەربەی گەورەمان خواردووە، تەواوی ڕێبەریمان یان شەهید، یان بریندار بووە، بەڵام کە هاتینە دەر کە ئەو مەسیر و ڕێگایەمان هەڵبژارد، دەمانزانی کە ئەو ڕێگایە پڕ مەترسییە، دەبێ گیانی بۆ بدەین، بۆیە بە بێ سڵەمینەوە، بە بێ ترس و لەرزێک لەم رووداوانە، ڕێگەی ئەو شەهیدانەی کە لە ١٧ی خەرمانان گیانیان لێ ئەستێندرا، قورس و قاییمتر لە رابردوو بەردەوام دەبێ. شوێنی ئەوان چۆل نابێ، درێژەی ڕێگایان بە تینتر، بە خەڵکی زیاتر، بە هێزی زیاتر و بە پێداچوونەوە بە زۆر هەڵوێست و میکانیزمی کاری لە داهاتوودا، ئەو ڕێگایە درێژە دەدەین. جاروبار لە یادمان دەچووەوە کە ئێمە لەگەڵ دوژمنێک تەرەفین کە لە هیچ شتێک ناسڵەمێتەوە، بەڵام ئێمە بڕێک دێموکراتتر یان ئارامتر لەوەی کە پێویست بوو، هەم لە نێو خۆماندا و هەم ڕوو بە دەرەوە هەڵسوکەوتمان دەکرد. ئێمە دەبێ ئەو میکانیزمە چاوی پیدا بخشێنینەوە. ئەوە لە ئیدارەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامییەوە بگرە تا زۆر شتی دیکە. ئەو فۆرمول وئەو ئیدارەیەی کە ئێمە لە ئوروپا دەیبینین دەبێ جارێکی دیکە بگەینەوە ئەوەی کە ئەو شیوازە لە خەبات، تەنیا بۆ ئوروپایە، بۆ شێوەی ئیدارەی ئێرەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دەوڵەتێک وەک کۆماری ئیسلامی، دەبێ پێداچوونەوەیە بەو حەرەکەتە دا بکرێ. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بە هێزترین چەکی خۆی دژ بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە کار هێنا، کە لە نێو خۆیدا بە تەواوی داڕماوە. لە باری ئابوورییەوە ئەو حکومەتە خەریکە بە چۆکدا دێ، لە نێو ئیدارە و دەسەڵاتی خۆیدا لە کێشمـەکێشم و شەڕیکی ناوخۆیی دایە، بۆیە ڕاست لەو کاتە دا دەگەڕێ نیشان بدا و قودرەتنمایی بکا کە مەسیری کێشەکانی نێو خۆی بشارێتەوە و ڕوو بە دەرەوەی بکات. بەڕێز بەگزادە لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا ئاماژەی بە فرە رەهەندی سیاسەت و کاری حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژە مەسیری خەباتی خۆی دۆزیوتەوە. بەیەک رەهەند و بە بۆعدێک سەیری مەسیری خەبات ناکەین. ئێمە کێو و بەرزاییەکانی کوردستان بە بێ هەڵۆ ناهێڵینەوە. بەڕێز ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا سپاسی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە بە پیر بانگەوازی حیزبەکانیانەوە هاتن و بە مانگرتنی گشتی و مانەوە لە ماڵەکانیان وڵامێکی بەجێی هێرش و پەلاماری ڕژیمی خوێنڕێژی ئیسلامی ئێرانیان دایەوە. ئەوجار خاتوو"شۆعلە قادری" پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی کارەساتی ١٧ی خەرمانانی خوێندەوە و بە دوای ئەو دا چەندین پەیام و برووسکەی ماتەمینی لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانەوە خوێندرانەوە و چەندین کەسایەتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وتاریان پێشكەش کرد. ئینجا پەیامی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو "بەفرین ڕۆستەمی،یەوە پێشکەش کرا. بەدوای ئەودا بەڕێز کاک بابە شێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی نەتەوایەتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێز "بابە شیخ" لە بەشێک لە قسەکانی دا گوتی: حیزب و ڕێکخراوەکانی دەبێ دژ بە دوژمن یەکگرتوو بن و هەوڵ بدەن هێز و تواناکانیان یەک بخەن". هەر لەو پەیوەندییە دا ئاماژەی بە ناكۆكی و دووبەرەكیی نێوان لایەنەكان و بەرپرسایەتی ئەو حیزبانە کرد و گوتی: من پێم وایە لەو دووبەرەكییانەی دروست دەبن، تەنیا رێبەران و بەرپرسانی ئەحزاب بەرپرس نین، من پێم وایە بەشێك لە بەدەنەی ئەحزابیش هۆكارن بۆ ئەوەی كە ئێمە نەتوانین بەڕاستی رەوتی یەكیەتی و تەبایی بگرینەبەر. با دەست هەڵگرین و هەوڵ بدەین هاوپەیوەندیەكی ئەوندە تۆكمە دروست بكەین كە لە داهاتوودا خەڵكەكەمان لە نیشتماندا بە ئاسوودەیی بژی. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێورەسمە دا، چەندین سرود و لاواندنەوە بە دەنگی خۆشی هونەرمەندان "عومەری گەردی، پیران قادرزادە و هەروەها چەندین سروود لە لایەن کوڕی سروودی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە هاوکاری هونەرمەندانی پەنجە رەنگین "سمکۆ گەردی، هێدی گەردی، چالاک ماملێ، ئاکام پوورخزری و عیسمەت عەرەب زادە" پێشکەش کران. هەروەها چەندین شاعیری هەست ناسک کە بریتی بوون لە مامۆستا ئاشق، ئاسۆ خەبات و کویستان عومەرزادە و مامۆستا حسێن چەند هونراوە و پەخشانیان پێشکەش کرد و گرتە ڤیدیۆیەکی دیکومێنتاری لە ڕووداوەکەی ١٧ی خەرمانان، بە دەنگی سۆران مەحموودی و مۆنتاژی سیروان بەرزگەر نمایش کرا. هاوکات پەیامی کەسایەتی سیاسی گەلەکەمان و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، بەڕیز بابا عەلی مێهرپەروەر، لە لایەن خاتوو "چنوور مێهرپەروەر"ەوە خوێندرایەوە. هەر لەو ڕێورەسمە دا نوێنەری بەشێکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان بەشدارییان کرد و برووسکەی ماتەمینییان ئاراستەی بەڕێوەبەریی ڕێورەسمەکە کرد کە بریتی بوون لە: - یەكیەتی نیشتمانیی كوردستان - پارتی دێموكراتی كوردستان - پارتی كرێكارانی كوردستان پ.كە.كە - کۆنگرەی نەتەوەیی کورد/ كەنەكە - پارتی ژیانی ئازاد كوردستان پژاك - پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە - پارتی یەکێتی دێموکراتیک/ پ.ی.د - پارتی سەربەخۆیی کوردستان - حیزبی سووری نۆڕوێژ - حیزبی Sv نۆڕوێژ - کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران - بزووتنەوەی گۆڕان - كۆمەڵەی كلتووری ئۆسڵۆ و ئاكشهووس کۆمەڵەی کلتووریی کورد لە ئۆسفۆڵد - ناوەندی قازی - مەڵبەندی ھونەری ماملێ دوایین بڕگەی ئەو کۆڕیادە، سوپاسنامەی ناوەندی هاوکاری بۆ بەشدارانی ئەو کۆڕیادە و مانگرتووانی مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە لایان بەڕێز "هیوا ئەحمەدی"یەوە خوێندرایەوە. ئەو هێز و لایەنانەی کە لە پێکهیئنانی ئەو کۆڕیادەدا لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: -کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستان -حیزبی دێموکراتی کوردستان -حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران -سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران -رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان -پارتی سەربەستی کوردستان -کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران