کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامە قالە، شەهیدێکی دیکە مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان

04:13 - 29 خەرمانان 2718

قادر عیزەتی، یەک لە بریندارانی پەلامارە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵای دێموکرات دوای دوازدە ڕۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ شەهید بوو. قادر عیزەتی، ناسراو بە "مامە قالە ڕیشە"، کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات ماوەی چوار دەیە لە ڕیزی شۆڕشدا خزمەتی گەل و نیشتمانی کرد و لە پێناو ئازادی و بەختەوەریی گەلەکەیدا گیانی بەخت کرد. مامە قالە، یەک لە بریندارەکانی پەلامارە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە بەهۆی سەختیی برینەکەی و پاش نیزیک بە دوو حەوتوو بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ، چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە. جێی بیرهێنانەوەیە لە ئەنجامی ئەم پەلامارەی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان 14 کادر و پێشمەرگەی حیزب شەهید بوون و نیزیک بە 40 کەسیش بریندار بوون. لە هەواڵەکانی دواتردا وردەکاریی زیاتر لەسەر ژیان و خەباتی مامە قالە بڵاو دەکرێتەوە.