کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکبارانی "قەڵای دێموکرات" و هەڵەیەکی گەورە

16:16 - 29 خەرمانان 2718

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نزیک شاری کۆیەی باشووری کوردستان. ئەم بنکەیە بە "قەڵای دێموکرات" دەناسرێ و بۆ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی و، بە لای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەک هێما و ڕەمزی مقاومەت و بەردەوامبوون لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات سەیر دەکرێ. قه‌ڵای دێموکرات لە کاتێکدا لەلایەن ڕێژیمەوە مووشەکباران کرا، کە ڕێبەریی ئەم حیزبە کۆبوونەوەی وەرزانەی خۆی واتە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوە دەبرد. گەرابەندییەکان بۆ مووشەکباران کردنی حیزبی دێموکرات ڕاست ساڵۆنی کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەم حیزبە بوو. لە ئاکامی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی تاراندا بەداخەوە 16 کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە شەش کەسیان ئەندامی ڕێبەری بوون شەهید و نزیک بە ٤٠ کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدا بوو بریندار بوون. لە پێوەندی لەگەڵ کاردانەوەکان بەرانبەر بەم دەستدرێژییەی نیزامی سیاسیی لە تاران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەوەی لە هەمووان بۆ حیزبی دێموکرات و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگتر و پڕبایەختر بوو، هەڵوێستی خودی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. هەر دوای مووشەک بارانکردنی قەڵای دێموکرات کە هەر بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە سێ کەس لە زیندانیانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی بە بڕیاری دەزگای "دادی"!ی ڕێژیم لە سێدارەدران، لە بانگەوازێکی گشتیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی داوا لە خەڵک کرا کە بەرانبەر بەم پێشێلکارییانە و سیاسەتە دژی‌گەلیانەی ڕێژیم هەڵوێستیان هەبێ. بۆیە وەک دیتمان ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانگرتنێکی گشتی و داخستنی دوکان و بازاڕ هەڵوێستێکی کەموێنەیان لە خۆ نیشان دا.   بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کرایە ئامانج؟ هۆکاری بە ئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تاقیکردنەوەی دەیان جۆر پیلانی دژی‌گەلیانەی ڕێژیمە سیاسییەکانی تاران بەرانبەر بەم حیزبە کە نازناوی "رێبەری بزووتنەوەی میللی_دێموکراتی خەڵکی کوردستان"ی پێ‌ بڕاوە، ڕیشەیەکی تاریخی هەیە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە فەلسەفەی وجوودیی ئەم حیزبەوە هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی مودێرنی مێژووی جوڵانەوەی نەتەوەیی خەڵکی کورستان، بە دامەزرانی کۆماری کوردستان و بنیاتنانەوەی سەر لە نوێی کەسایەتیی ئینسانی کورد و خەباتی ئەم میللەتە و هەروەهاجۆری خوێندنەوەی بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و شێوەی فورمولەکردنی داخوازییە نەتەوەییەکانی میللەتێک بە ناوی کورد بەرانبەر بە نیزامی ناوەندگەرای ئێران، بەردەوام لەلایەن ڕێژیمە دژی‌گەلییەکانی تارانەوە وەک مەترسی سەیری کراوە و هەوڵی لێدان و "لەنێوبردن"ی دراوە. عەقڵییەتی ناوەندگەرای دەسەڵاتی سیاسی لە تاران کە هەمیشە بە دیدی میلیتاریستییەوە ڕوانیویەتە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و بەردەوام هەوڵی داوە بە بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران جووڵانەوەی خەڵکی کوردستان و داخوازییەکانی  دژ بە ئێران و ئێرانی تەرجەمە بکاتەوە و، لە بەرانبەر تێفکرین و تێڕوانینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ بنیاتنانەوەی ئێرانێکی دێموکرات و کوردستانێکی ئازاد‌دا سیاسەتی حاشالێکردن و سڕینەوەی گرتۆتە بەر. مێتۆد و شێوازی ڕێژیمەکانی تاران بۆ لێدان لەم حیزبە جۆراوجۆر و لە جنسی هەرە سەختی خۆی بوون، وەک؛ ڕووخانی کۆماری کوردستان، قەڵاچۆ و داپڵۆسین و ڕەشەکوژی، لەسێدارەدان و تێرۆری ڕێبەرانی کورد، داسەپاندنی شەڕی نابەرانبەر و خوێناوی، تێرۆری بە دەیان کەس لە کادر و تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزب و لە کۆتاییدا و تا ئێرە؛ هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەم حیزبە. دوایین شێوازی پیلان و هێرشی دەسەڵاتی ناوەندگەرای تاران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان کە مووشەک بارانکردنی "قەڵای دێموکرات" (بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان) بوو، بە خەیاڵی خۆیان ڕاست بە مەبەستی لەنێوبردنی یەکجارەکیی ئەم حیزبە و بێهیواکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. ئەوان زۆر باش شارەزای جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو دڵ و باوەڕی خەڵکی کوردستاندا بوون و هه‌ن. بە ئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت لەم چەند ساڵانەی دواییدا سەلمێنەری دوو واقعیەتی ئینکارنەکراوە: یەکەم ئەوەی کە ئەم حیزبە تا ئێستایش سەرەڕای تەواوی ئەو کەموکوڕی و کەمایەسیانەی کە لێی ئاگادارین و دەیزانین، بەخۆشییەوە دیسانیش متمانەپێکراوترین جەریانی سیاسییە کە بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی مێژوویی پڕ لە شانازی و گیانبازی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر ڕێبەر و ڕێنیشاندەرە. دووهەم ئەوەیکە هەر ئەم جێگە و پێگەیەی حیزب لە نێو بیر و باوەڕی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی سیاسیی تارانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕەفتاری سیاسی و مەدەنیی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستاندا هەست بە ڕەنگدانەوەی گوتار و ‌سیاسەتی شوناسخوازانە و نەتەوەیی و نیشتمانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکا و بۆی دەرکەوتووە ناتوانێ ئیرادەی ئەم میللەتە بە چۆکدا بێنێ، بۆیە ترسەنۆکانە و زەبوونانە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، ئەم حیزبە و ڕێبەرایەتییەکەی دەکاتە ئامانج و بە خەیاڵی خاوی خۆی پێی وایە دەتوانێ لەم ڕێگایەوە ئەم حیزبە و جووڵانەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان تووشی شکست و لاوازی و لە کۆتاییدا نەمان بکا. بەڵام هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای ئەم ڕووداوەدا و هەر سێ ڕۆژ دوای ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر حیزبی دێموکرات بۆ هەموو لایەک و بەتایبەت بۆ دەسەڵاتی تەواوییەتخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرکەوت کە ئەم حیزبە زۆر لەوە گەورەترە و ئەم میللەتە زۆر لەوە هوشیارتر و بە‌هەڵوێسترە کە دوژمنان و نەیارانی لێی دەڕوانن.   مانگرتنی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی کوردستان لەم مانگرتنە جەماوەرییەدا پێش هەموو شتێک ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعا پڕوپووچانەی کە ڕێژیم و دوژمنانی بزووتنەوەی مافخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکەن، حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی نوێنەرایەتیی ئەم بزووتنەوەیە دەگێڕن و جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن. دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرای تاران کە هەمیشە هەوڵی داوە داواکارییە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە بە پرسێکی جیاواز و جیا لە مافی نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان پێناسە بکا و لێکیان داببڕێ، دەبێ لەم مانگرتنە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانەوە بەو ڕاستییە گەیشتبێ کە پیلان و سیاسەتەکانی چەندە مایەپووچ دەرچوون. خەڵکی زۆرێک لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەم مانگرتنە گشتی و جەماوەرییە سەلماندیان کە هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر قەڵای دێموکرات، هێرش بۆ سەر نوێنگەی بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانیی میللەتێک بوو. کۆماری ئیسلامی ئەگەر توانی لە گەرابەندیی مووشەکەکانی‌دا دیقەتێکی ئەوەندە ورد بکا کە شوێنی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بپێکێ، بەڵام بێگومان لە تێگەیشتن لە پێگەی ئەم حیزبە لە بیر و باوەڕ و ڕەفتاری خەڵکی کوردستاندا زۆر بەهەڵەدا چووە.  ئەم ڕێژیمە کە هەمیشە هەوڵی داوە پرسی مافخوازانەی کورد لە ئێران تەنیا ببەستێتەوە بە حیزبێک و کۆمەڵێک کەس کە لە دەرەوەی وڵات خەبات دەکەن و وا نیشان بدا کە خەڵکی کوردستان بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان لە حیزبەکان هەیە، ئێستا و دوای ئەم مانگرتنانە دەبێ باشتری بۆ دەرکەوتبێ کە بە چ هەڵەیەکی گەورەدا چووە. مانگرتنی خەڵکی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسیی کورد، دەریخست کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک و تەسلیمکردنیان و دوورخستنەوەیان لە حیزبەکان و ترساندنیان لە هەڵوێست نواندن، بە تەواوەتی شکستی هێناوە. ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەدا وەک مانگرتنی گشتی و جەماوەری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات جێی شانازی پێوەکردن و ئافەرین پێ‌ وتنە و بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش جیا لە هەڵەیەکی زەبوونانە و داماوی شتێکی دیکە نەبوو. کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە تووشی هەڵەیەکی گەورە و گرانی قەرەبوونەکراوە بوون کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە وردی سەرنجی پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسەرهەستبوونی کۆمەڵگه‌ی کوردستانیان دابا، گران بوو وەها ریسکێکی گەورە بکەن.