کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی هیستریکی ڕێژیم لە وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

22:13 - 29 خەرمانان 2718

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لێرە و لەوێ پڕۆپاگەندەیەکی ژەهراوی و چەواشەکارانە بەدژی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکرا و دەگوترا هێڵی سیاسی و پراکتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەگەریش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕەنگڕێژ نەکرێ، ئەوە لەگەڵ ئامانجەکانی ڕێژیم یەک دەگرێتەوە! ئەم تەبلیغاتە ژەهراوییە دوو هۆکاری سەرەکیی هەبوون: ١ـ حیزبی دێموکراتی کوردستان و وێژمانەکەی لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و بەتایبەت لەلایەن بژاردەکانی کۆمەڵگه‌وە بەباشی و بە شێوەیەکی بەربڵاو وەردەگیرا و ئەم حیزبە توانیبووی لەژێر تیشکی وێژمان و هێڵی سیاسی و خەباتگێڕانەیدا، پێگەیەکی بەربڵاویی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست بێنێ. بێگومان ڕکه‌بەر و نەیاران، چاوی دیتنی ئەم ڕاستییەیان نەبوو، بۆیە هەوڵیان دەدا بە بەراوەژوو پێشاندانی ڕاستییەکان، بە خەیاڵی خۆیان حیزبی دێموکراتی کوردستان خەوشدار بکەن. خافڵ لەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو هەوڵە نەزۆکانە خەوشدار نابێ؛ چونکە خەڵکی کوردستان بەو ئاستە لە تێگەیشتن و وشیاریی سیاسی گەیشتوون کە توانای لێکهەڵاوێردنی ڕاست و هەڵە و، باش و خراپیان هەیە و ئەگەر وێژمان و هێڵە سیاسییەکانی حیزبێکیان بەدڵ نەبێ بە شێوەی جۆراوجۆر دژکردەوەی نەرێنی لە هەمبەر ئەو حیزبە پێشان دەدەن؛ لە بەرامبەردا ئەگەر سیاسەت و هەڵوێستی حیزبێکیان قبووڵ بێ، ئەوە تەبلیغاتی مەنفی و شایعەسازیی ئەم و ئەو، بچوکترین کاریگەرییان لەسەر دانانێ. ٢ـ هۆکاری دووەمی پڕۆپاگەندەی نەرێنیی نەیاران بەدژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێنەگەیشتن لە نێوەرۆک و چیەتیی وێژمانەکەی بوو. ڕکابەر و نەیارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وایان دەزانی ئەگەر بە شێوەی ڕابردوو سیاسەت نەکەی و هەمان ڕێکارەکانی ڕابردوو دەقاودەق بەکار نەهێنیەوە ئەوە لە هێڵی خەباتگێڕی لات داوە! ڕووداوی موشەکباران کردنی قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵدا، ئەوەی سەلماند کە بەپێچەوانەی شایعە و قسەڵۆکی نەیاران، وێژمان و هێڵی سیاسی و پراکتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان نە تەنیا بچووکترین هاوتەریبی لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیی ڕێژیم نییە بەڵکوو ڕێک لە خاڵی بەرامبەر و دژیدا جێدەگرێ. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی سوپای پاسداران قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنکەی دەفتەری سیاسییەکەی دەکاتە ئامانج؟ خۆ ئەگەر بە قسەی نەیاران، هێلی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئامانجی ڕێژیم هاوتەریب بێ و وێژمانی ئەم حیزبە تەسلیمبوون لەهەمبەر ڕێژیم بڵاو بکاتەوە، نەدەبوو کۆماری ئیسلامی بنکەی سەرکردایەتییەکەی بکاتە ئامانج! ئەگەر سیاستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خزمەتی کۆماری ئیسلامیدا بوایە، نە تەنیا نەدەبوو سوپای پاسداران موشەکی تێ بگرێ، بەڵکوو دەبوو دەرەتانی پەرەسەندنی بۆ بڕەخسێنێ! لەڕاستیدا موشەکبارانی بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هێڵێکی سووری ڕاست و چەپی بەسەر هەموو ئەو تەبلیغاتە ناڕاست و ناڕەوایانەدا هێنا، کە نەیاران وەڕێیان خستبوو؛ ئەوەی سەلماند کە ڕێژیم حیسابێکی زۆری لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کردووە و لێی دەترسێ و هەر بۆیەش ویستی سەرکردایەتیی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە لەنێو بەرێ. با بزانین حیزبی دێموکراتی کوردستان چی کردووە کە ڕێژیم لە ئاستی هەرە سەروویدا پیلانی بۆ دادەنێ و بە چەکی قورس و بە موشک لێی دەدا؟ ئەگەر وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕۆحی سەردەم نەهاتبایەوە و لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگه‌ ئاوێتە و یەکانگیر نەبایە و ئەگەر ئەم وێژمانە لەگەڵ داخوازییەکانی کۆمەڵگه‌ یەکی نەگرتبایەوە، ڕێژیم بە چەکی قورس لێی نەدەدا. مەعلوومە ڕێژیم لە ڕێگای دامو‌دەزگاکانی خۆیەوە باش دەزانێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و وێژمانەکەی چ پێگەیەکیان لەنێو کۆمەڵگه‌دا هەیە، بۆیە لە ئاستی هەرە سەروویدا پیلانی بۆ دادەنێ و بە موشک لێی دەدا. ئەوەی کە بۆ یەکەم جارە کۆماری ئیسلامی هێزی موشەکی دژی حیزبێکی دژبەری خۆی بەکاردێنێ، ئەوە گەورەیی و ڕادەی کاریگەری و شوێندانەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمەڵگه‌دا دەردەخا. لە گەنگەشەی ڕووداوی ١٧ی خەرماناندا، پرسیارێک کە زیاتر لە هەر پرسیارێکی دیکە خۆی دەنوێنێ و زەق دەبێتەوە، ئەوەیە: بەڕاستی حیزبی دێموکراتی کوردستان چی کردووە و چەندە لە کۆمەڵگه‌دا کاریگەری هەیە و چەندە مەترسی لەسەر ڕێژیم دروست کردووە کە ئاوا بە چەکی قورس لێی دەدا؟ ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزێکی بچوکی کەم‌کاریگەر بوایە، قەت ڕێژیم ئەوەندە حیسابی بۆ نەدەکرد و بەم شێویە پەلاماری نەدەدا. بۆیە ڕووداوی ١٧ی خەرمانان ئەگەر لەلایەکەوە کارەسات بوو و حیزبی دێموکراتی کوردستان زەبرێکی قورسی بەرکەوت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە کاریگەری و قورسایی ئەم حیزبەشی لە کۆمەڵگه‌دا دەرخست. مانگرتنە بەشکۆکەی ٢١ی خەرمانانیش ڕادەی پێگە و کاریگەریی وێژمان و میتۆدەکانی مەدەنیی خەباتی دەرخست؛ ئەو وێژمان و میتۆدانەی،کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە کاریان بۆ دەکا. لەڕاستیدا مانگرتنی ٢١ی خەرمانان سەلماندی کە ترسی ڕێژیم لەو وێژمان و میتۆدانەی خەبات بێهۆ نییە. ئەگەر هێرشی موشەکیی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ترسی ڕێژیمی لە وێژمان و سیاسەتەکانی ئەم حیزبەی نیشان دا، مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانیش، ئەو ترسەی ڕێژیمی پشتڕاست کردەوە. بەڕاستی ڕێژیم دەبێ چ ئێشێکی پێگەیشتبێ کە وەک ماری بریندار بە پێشکەوتووترین چەکەکانی پەلاماری حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدا؟ ڕازی تووڕەیی ڕێژیم لەوە دایە کە وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەڵك و کۆمەڵگه‌ بە بنەما دەگرێ و پۆتاسیێلێکی گەورەی خەباتگێڕانەی هەیە. وێژمانێک کە لەسەر بنەمای بەگژداکردنی هەموو کۆمەڵگه‌ لەگەڵ ڕێژیم بنیات نراوە؛ وێژمانێک کە ئەرکی بەگژداچوونەوەی ڕێژیم، لە ئەرکی کۆمەڵێک کەسەوە دەکاتە ئەرکی هەموو کۆمەڵگه‌؛ وێژمانێک کە لەنێوان کوچکەکانی خەباتدا پلاتفۆڕمێکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی چەوسانەوە و ستەمکاری پێک دێنێ. لەڕاستیدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە ویستی کەلێنی نێوان خۆی و کۆمەڵگه‌ پڕ بکاتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە پێی وابووە بەتەنێ و بەبێ هاوبەشی و هاوتەریبی لەگەڵ کۆمەڵگه‌ ناتوانێ لە ئامانجەکانی نزیک ببێتەوە. وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکاتە بەردەنگی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێ هەوڵی داوە پێوەندییەکی تەندروست لەنێوان خۆی و کۆمەڵگا دامەزرێنێ؛ پێوەندییەک بە دوور لە خۆسەنتەربینی و خۆسەپاندن. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر پێوەندییەکی دینامیک، ئۆرگانیک و دووسەرە لە نێوان خۆی و کۆمەڵگه‌دا پێداگرە و هەمیشە خۆی لەوە پاراستوە کە بە ڕوانینێکی خۆبەزلزانانە و لە سەرەوەڕا بۆ خوارێ لە کۆمەڵگه‌ بڕوانێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێز بۆ کۆمەڵگە و خوێندنەوەکانی دادەنێ و بە هەندیان وەردەگرێ. لەجیاتی پێوەندییەکی یەکلایەنەی دیسیپیلینکراو لە سەرەوەڕا بۆ خوارێ، پێوەندییەکی دوولایەنە لەنێوان خۆی و کۆمەڵگه‌ وێنا دەکا. کە دەڵێین پێوەندییەکی دوولایەنە، مەبەستمان ئەوەیە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەیەوێ لەگەڵ کۆمەڵگه‌ بێ؛ لە ڕەوتی ئەم لەگەڵبوونەدا هەم لەسەر کۆمەڵگه‌ کاریگەری دانێ و هەمیش کاریگەری لێ وەرگرێ. ئەمەیە ڕازی وەرگیرانی وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵگه‌وە و هەروەها ڕازی ترسی هیستریکی ڕێژیم لەو وێژمانە. ڕێژیم دەیەوێ حیزبە دژبەرەکانی، بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگه‌ بکەن کە کۆمەڵگه‌ وەریان نەگرێ و لێیان دوور کەوێتەوە؛ بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی لەو شێوەیە بەدوور گرتووە و بەردەوام میتۆد و ڕێکارگەلێکی پێشنیار کردووە و بانگەشەی بۆ کردوون کە هەموو کۆمەڵگه‌ خۆی تێیاندا ببینێتەوە. هۆکاری ترسی ڕێژیم لە وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەیە کە ئەم وێژمانە هەموو کۆمەڵگه‌ لە گشتییەتی خۆیدا بۆ بەشداریی چالاکانە لە بیاڤی گشتی و خەبات بەدژی ڕێژیم بانگهێشت دەکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەیەک و لە بوارێکدا ڕووبەڕووی ڕێژیم دەبێتەوە کە ڕێژیم لەو بوارەدا توانای مانۆڕدانی زۆری نییە و دەستەوەستانە. ڕێژیم دەیەوێ لە بوارێکدا ڕووبەڕووی ببیەوە کە تێیدا باڵادەستە نەک لە بوارێکدا کە کارێکی ئەوتۆی لە دەست نایە. مانگرتنی ٢١ی خەرمانان بێدەرەتانی و داماویی ڕێژیمی لە هەمبەر ئەو مێتۆدەی خەباتدا سەلماند. لەڕاستیدا کاکڵ و جەوهەری وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەکتیڤ‌کردن و بەهێزکردنی کۆمەڵگه‌ و چڕبوونەوەیەتی لەسەر پۆتاسیێلی ئیعتڕازیی خەڵک لەدژی ڕێژیم. لەخۆڕا نییە کە وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆتە زمانی دربڕینی خواستەکانی خەڵک و هەروەها لە خۆڕا نییە کە ڕێژیم لێی دەترسێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر باش دەزانێ تا کۆمەڵگه‌ لە بواری جۆراوجۆردا خۆی ڕیک نەخا و تا لەم ڕێگەوە باڵانسی هێز لەنێوان کۆمەڵگه‌ و رێژیم بە قازانجی کۆمەڵگه‌ نەگۆڕێ، هیچ گۆڕانگارییەک نایەتە ئارا، بۆیە لە سەرەتاوە کاری بۆ ئەوە کردووە کە کۆمەڵگه‌ لە بواری جۆراوجۆردا خۆی ڕێک بخا تا بتوانێ ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان ویستوویەتی و دەیەوێ گیروگرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییەکانی کۆمەڵگه‌، بکاتە پرسی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگه‌؛ بەچەشنێک کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگه‌ لە ئاست ئەو پرسانەدا هەستیار بن و بە پرسی خۆیانی بزانن. ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدوای دایە، هاووڵاتیی بەرپرس و ئەکتیڤە. هاووڵاتییەک کە تەنیا بە پرسە تاکەکەسییەکانی خۆیەوە مژوول نییە، بەڵکوو وەک هاووڵاتییەکی چالاکی بواری گشتی، لە حاند هەموو پرسەکانی کۆمەڵگه‌، خۆی بە بەرپرس دەزانێ. ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاری بۆ دەکا ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە لە بێتەفاوەتیی بێنەدەر و وەک مرۆڤی وشیار و بەهێز بۆ مافەکانیان هەوڵ بدەن. هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جووڵە و کەمپەین و ئاکسیۆنی مەدەنیی بەربڵاومان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیوە، کە ڕێژیمان تووشی شۆک کردووە؛ هەر لە یارمەتیی هەرەوەزیی خەڵكی ڕۆژهەڵات بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان تا دەگاتە دوایین حەرەکەتی مەدەنیی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی گیان‌لەدەستدانی ٤ ژینگەپارێزی مەریوان، هەموویان وشیاریی مەدەنی و نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیان دەرخست و ڕێژیمان ترساند. بۆیە ڕێژیم ویستی داخی دڵی خۆی بە حیزبێک بڕێژێ کە زیاتر لە هەموان ئاڵاهەگریی ئەو حەرەکەت و جووڵە و بزاڤانەیە. ئەمەیە ڕازی لێدانی بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە موشک. دوا قسە؛ ڕێژیم دەتوانێ بە بۆمب و موشەک بینایەک خاپوور بکا و لەنێوی بەرێ بەڵام ناتوانێ وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی لەنێو باێ. وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمەڵگه‌دا رەگی داکوتاوە و بۆتە وێژمان و زمانی خواست و داخوازییەکانی کۆمەڵگه‌ و، بە بۆمب و موشەک لەنێو ناچێ.