کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆر و توندوتیژی میکانیزمی هەمیشەییی ڕێژیمی تاران بۆ سەرکوتی گەلی کورد

22:15 - 29 خەرمانان 2718

تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی ئەو چەمکانەن کە لە دنیای ئەمڕۆدا زۆر بە بەربڵاوی دەبیسترێن. بەڵام ئەوەی کە وێنا جۆربەجۆرەکانی تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی لەو دوو چەمکەدا کورت دەکاتەوە، پێناسەیەکی گشتییە کە دەری دەخا جۆرێک گوشار و هێزى فیزیکی لەلایەن کەسانێکەوە بۆ سەر کۆمەڵە کەسانێکی دیکە دەیەوێ ئەوکەسانە ناچار بکات مل بۆ جۆرێک ژیان کەچ بکەن کە بە پێچەوانەى خواست و ویستی خۆیانەوەیە. بە پێی ئەم پێناسەیە تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی کەرەستەیەکن بۆ ئەوەی کەسانێک ویست و ئازادیی کەسانێکی دیکە زەوت بکەن، یان هەرنەبێ بە جۆرێک سنووری بۆ دابنێن. ڕێژیمی ئیسلامیی تاران کە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی پادشایەتیدا توانی لە ڕێی کەڵکاوەژوویەکی کاهینانەی خومەینی لە سۆزی ئایینیی خەڵکی ئێرانەوە هاتنەسەرکاری خۆی بسەپێنێ، هەر لە چەند مانگی سەرەتای پەیدابوونییەوە ڕەفتاری توندوتیژانەی دژى ویستە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتە بەر و بە فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا هێرشی سەربازی کرایە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و، ئەو ڕێژیمە کاهینییە قەڵتوبڕی گەلی کورد و زیندانیکردن، سەرکوت، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کوردی کردە میکانیزمی سەرکوتکردنی هەرچەشنە ویست و داوایەکی سیاسی و نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان، کە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە و دوایین نموونەشی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ جێبەجێ کرد، کە هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسیی کورد، بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگا مەدەنی و سڤیلەکانی حیزبی دیموکرات لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان، کە دەیان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە. مێژووی ڕێژیمی ناوەندی لە تاران، بەتایبەت ڕێژیمی ئیسلامیی ئێستا هەمیشە تیرۆر و توندوتیژیی سیاسیی وەکوو میکانیزمی سەرکوتی ویست و ئازادییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەکار هێناوە. بەڵام ئاخۆ توانیویەتی خەباتی پێچەوانەی گەلی کورد دژی تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی لەنێو ببا؟ ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، چوار ڕۆژ دوای تازەترین تاوان و جینایەتە تیرۆریستی و توندوتیژەکانی ڕێژیم، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خولقاندنی داستانی مانگرتنی گشتی و بە دروشمی ''لە ماڵ نایەمە دەر''، وەکو مەدەنیترین خەبات دژی تیرۆر و توندوتیژی، وەڵامی ئەو پرسیارەی بە گورچووی ڕێژیم دادایەوە و سەلماندی کە هەرچەند نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێزی توندوتیژی هاوسەنگی داگیرکەران و تیرۆریستانی بەدەستەوە نەبووە، بەڵام وەکو گەلێکی دەیان ملیۆن کەسی کەخاوەنی یەکێک لە گەورەترین شارستانەتییە دێرینەکانی دنیایە، دەتوانێ بە ئاشتییانەترین شێوە بەرەنگاری توندوتیژانەترین ڕەفتاری دژمنانی خۆی ببێتەوە و بیسەلمێنێ کە هزرێکی سیاسیی هاوسەنگی پێشکەوتووترین وڵاتانی دنیای هەیە و هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە کە ئێستا بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە گرینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بۆیە وڵاتانی وەکوو فەرەنسا و ئەمریکا بە ڕەسمی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم جارەی ڕێژیمی تارانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی شۆڕشگێڕانی کوردستان مەحکووم کرد. ڕێژیمە کاهینییەکەی تاران کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە گرژییە توندوتیژانەکانی وەکوو میکانیزمی سەرکوتی هەرچەشنە نەیارێکی خۆی بەکار هێناوە، بەو کارە تاک و کۆمەڵگه‌ی سەرلەبەری ئێرانی خستووەتە کەشێکی ناسەقامگیر و پڕ لە دڵەڕاوکێوە، لە کاتێکدا مەرجی سەرەکیی پێگەیشتنوگەشەسەندنى ئابووری _ کۆمەڵایەتى لە وڵاتانی ئەمڕۆی دنیادا بوونی کەشێکی ئارام و سەقامگیری دوور لە توندوتیژییە، کەچی ڕەفتارە توندوتیژانەکانی ڕێژیمی تاران وێنەیەکی زۆر نیگەتیڤی لە دەرەوەى خۆیدا لێ دروست کردووە کە گورزێکى گرانە لە ناوبانگ و ئابڕووى کۆمەڵگه‌ی ئێرانی داوە و نەک هەر بووەتە ڕێگر لەبەردەم هێنانەناوەوەى سەرمایەى دەرەکى، بگرە مەترسییە توندوتیژانەکانی ئەو ڕێژیمە وای کردووە کە وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی دنیا بناسرێ و گەورەترین گەمارۆ ئابوورییەکانیش لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی گەورەی دنیاوە بخرێتە سەر ئابووریی ئێران و ئابووریی وڵات بەرەو وێرانی بچی و بێکاری و هەژاری و برسییەتی و ناهەنجارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و گەندەڵی جنسی خەریکە تەنانەت کانوونی خێزانی ئێرانی لەبەریەک هەڵدەوەشێنێ. کەچی ڕێژیم کە لە میکانیزمی توندوتیژی بەدەر هەرگیز هیچ تەگبیرێکی دیکەی بۆ وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی گەلانی ئێران بەدەستەوە نەبووە و ئێستاش لێی ڕوون بووەتەوە کە ئەو میکانیزمە هیچ دادی نادا، بەتایبەت کە لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە خەڵکی ئێران لە شارە گەورە و بچووکەکانەوە دەستیان بە ڕاپەڕین دژی سیاسەتەکانی کردووە و تەنانەت دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە، خەریکە پیلانی نوێ دادەڕێژێ و پیلانەکەیشی نیشانەی لە گەلی کورد و مافە ڕەواکانی گرتووە. ڕێژیمی خومەینی کە لە سەرەتاوە گەلی کوردی بە ''دژەشۆڕش'' ناساند و بەو بیانووەوە هێرشی کردە سەر کوردستان، ئێستا خەریکە بۆ درێژەدان بە سەرکوتی نەتەوەی کورد و بۆ ئەوەی بتوانێ دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی ناڕازیی سەرانسەری ئێراندا دروست بکا و پێش بە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بگرێ، دەستەوشەی تازەی وەکو ''تیرۆریست'' و ''دژەئێرانی'' بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار دێنێ و دەیەوێ هەستی ئێرانچییەتی لە دژی نەتەوەی کورد بجووڵێنێ و ئامانجیشی لەم کارەی ئەوەیە کە لە لایەکەوە لەسێدارەدان و ئەشکەنجە و تیرۆری ڕۆڵەکانی کورد بۆ خۆی بە ڕەوا بقەبڵێنێ و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ئێران لە پارچەبوونی جوگرافیای سیاسیی ئێران بترسێنێ و بەو هۆیەوە پێش لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی ئێران بگرێ. سەرباری هەرچەشنە پیلانێکی توندوتیژانەی ڕێژیمی ناوەندەیی تاران، بزووتنەوەی سیاسی نەتەوایەتیی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بە درێژاییی سەدەی ڕابردوو هەتا ئێستا بەردەوامە و داستانی مانگرتنە سەرانسەرییەکەی ٢١ی خەرمانانیش ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە و هۆکاری سەرکەوتنی ئەو حەماسە مێژووییەش داوای یەکدەنگی سەرلەبەری هێزە سیاسی و شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵات بوو لە ڕێی ''ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران''ەوە، کە بوو بە وزەی جووڵێنەری قۆناغێکی نوێی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئامادەییی جەماوەری یەکگرتووی کوردستانە بۆ پشتگیری لە ڕۆڵە شۆڕشگێرەکانی خۆی، بەو مەرجەی پێکەوە هاوکاری بکەن. حەماسەی ٢١ی خەرمانان لە لایەکەوە ڕێژیمی تارانی دڵنیا کردەوە کە تیرۆر و توندوتیژیی سیاسی ناتوانێت دەنگی دلێری مافخوازیی گەلی کورد کپ بکا و، لە لایەکی دیکەشەوە پەیامێکی بەرزی بۆ حیزب و لایەنە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی خۆی نارد، کە دەبێ ''ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران'' بەهێز بکرێ و پەرەی پێ بدرێ و لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان چالاک بکرێ. پەیامی ٢١ی خەرمانان گلەییەکی ماناداریش بوو لە لەتبوونی حیزبەکان، بۆیە هەر هەنگاوێکی حیزبەکان بۆ یەکخستنەوەی ڕیزەکانیان دەبێ بە هۆی وەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری جەماوەری گەلەکەیان.