کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدك و دیفاكتۆی كوردستانی سەربەخۆی لە زەینی تاكی كورددا

23:19 - 29 خەرمانان 2718

ھەموو پێدراوەكان ئەوەمان پێ دەڵێ كە كۆماری ئیسلامی ئێران دوا قۆناغی خۆی تێپەر دەكا، بەو مانایەی كە ھیچ پێدراوێكی نێوخۆیی و دەرەكی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران نەماوە. رووداوی 17ی خەرمانان و ھێرش بۆ سەر بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستان ئەوەندەی ترسی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ھێزی حیزبی دێموکراتی بوو، ئەوەندەش بە بۆچوونی خۆیان شەلەلكردنی سەركردایەتی و لیدەری خەباتی مەدەنی و سیاسی لەنێوخۆی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بوو. ئێستا یەك دۆلاری ئەمریكایی لە ئێران بە نزیكەی 15 ھەزار تمەنە، رێژەی ھەڵاوسان لە ئێران زیاتر لە 30%-ە، رێژەی بێكاری و نائۆمێدی لەسەروو 60%-ە، ھیواش بە چاكبوونی دۆخەكە لە نێو خەڵك بەپێی دوایین ئامارەكان نزیكەی سەفرە. ھەموو ئەوانە لە كاتێكدایە ھێشتا قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران جێبەجێ نەكراون، له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا كۆشكی سپی و بەدیاریكراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا كەرتی نەوت و گازو پێترۆشیمیی ئێران دەكاتە ئامانج، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێ كە تمه‌ن لە ئێران چەندین قاتی دیكەش دادەبەزێ. دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بگرە سیاسی لە تاران و ئێران لەو پەری خراپی خۆی دایە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەتایبەت ئەمریكا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی كەنداو خۆیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران یەكلایی كردووەتەوە. لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش تاكە مەترسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ كورتخایەن و درێژخایەن ڕۆژھەڵاتی كوردستانە، لە ئیلامەوە بگرە ھەتا سەردەشت. بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو باسە سەرەتا با باسێك لە كاردانەوەكانی ناوچەكانی دیكەی ئێران جگە لە كوردستان لەگەڵ قەیرانی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین. زۆربەی ھەرە زۆری دروشمەكان لە میترۆپۆلەكان بە تارانیشەوە داخوازی ئابووری و لەھەندێك كاتیشدا ئازادی شەخسی و مەدەنین نەك سیاسی. ئەگەریش داخوازییەكان بگۆدرێن كە لە ھەندێك لە خۆپێشانەكاندا لە ئابووری و سینفییەوە بۆ سیاسی و بگرە ڕووخانی سیستەمی سیاسیش رۆیشت، بەڵام گرفتە سەرەكییەكە ئەوەیە كە جێگرەوەیەكی لەسەر پێ و بەھێزبوونی نییە كە لانیكەم بەشێكی زۆری خەڵكی ئێران لەگەڵ خۆی ھاوڕا بكا و رێكخستنیان بۆ بكا. خۆپێشاندانەكانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵی ئێران دەریخست كە یەكەم نە موجاھیدینی خەڵق و نە پەھلەوییەكان ھێزی جووڵاندنی ئامانجداری شەقامیان نییە، كەواته‌ ناشتوانن لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا خۆیان وەكوو ئەلتەرناتیڤ وێنا بكەن. ئەوە ڕاستە كە ئالترناتیڤی مەركەزی لەئێستادا بۆ تاران نییە، ئەوەش دروستە كە زۆربەی ڕەھای داواكارییەكانی خەڵك ئابووری و ئازادییە شەخسییەكانن، بەڵام دوو ھۆكار ھەن كە كۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ حسێب لەسەر ناڕێكخراوبوونی دژبەرەكانی خۆی بۆ مانەوەی خۆی بكا. یەكەم لە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی نێوەراستی داھاتوودا جێگەیەك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران نەماوەتەوە، دووەم قبووڵكردنی 12 مەرجەكەی ئەمریكا شوناسی كۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوەتی دەگۆرێ، قبووڵ نەكردنیشی پرۆسەی بە كۆریایی باكووری بوون و تەنانەت بە سووریایی و لیبیایی بوونی ئێران دەست پێ دەكا. ئەوەش لە نەبوونی جێگرەوەیەكی بەھێز و جەماوەریدا وا دەكا پرۆسەی ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە درێژتر و خوێناویتر بكا، لەو نێوەندەشدا بە بەكارھێنانی ھێزگەلی تیرۆریستی وەكوو داعش وەكوو سینارتۆی سووریه‌ سورەتی مەسەلەكە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگۆرن. بۆ ئەو سیناریۆیەی كە سوپای پاسداران بە سەرپه‌رستیی خامنەیی دایان ڕشتووە، لەمپەرێكی بەھێز ھەیە، ئەویش ڕۆژھەڵاتی كوردستان و بەدیاریكراوی دیسكۆرس و گوتاری حزبی دیموكراتی كوردستانە. حیزبی دیموكراتی كوردستان سەڵماندوویەتی كە دەتوانێ لە كەمترین كاتدا زۆرترین و ئامانجدارترین رێكخستن بكا، لە دە ساڵی رابردوودا ھەوڵدان بۆ سەرپشككردنی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكان و خەڵكی ئاسایی بۆ چالاكیكردن وایكردووە كە شەقامێكی بزۆز، مەنتیقی، دیموكراتیك و نەتەوەیی دروست ببێ، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باش دەزانێت كە لە ھەموو ئەگەرێك بۆ بە سووریاییكردنی ئێران كوردستان خاوەنێكی ڕاستەقینەی ھەیە، كە دەتوانێ بە كەمترین ھەزینە زۆرترین بەرھەمی پێ بدا. لە بنەڕەتدا بۆ ئێستای كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەموو فیشەكێك لە بەری دەكەوێ خزمەتێكی گەورەی پێ دەكا، بۆ ئەوەی ھەم خۆی مەزلووم وێنا بكا، ھەم دەرفەتی تاقیكردنەوەی چەكە كۆمەڵكوژەكانی بۆ بڕەخسێ و لەشەڕی ساردی ئێستای لەگەڵ ئەمریكاش مانۆرێكی سەربازی بۆ ترساندنی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكا. كەواتا پاشنە ئاشیلی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو گوتارەی حیزبی دیموكراتی كوردستانە بۆ خاوەنداریەتیكردنی خەڵك و چالاكان لە خاك و خەڵكەكەیان. ئەوەش لەھەموو چەكێك بەھێزترە و ئاواتی ڕەشی سوپای پاسداران بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی بەپاساوی ئالۆزی نێوخۆیی لەنێو دەبا. لێدان لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی ژوورە تایبەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لێدانە لە سەركردایەتیی خەباتی نێوخۆ لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان، تەقینەوەكەی شەوی یەڵدا و موشەكبارانكردنی قەڵای دیموكرات تەنیا دەتوانرێ لەو گۆشەنیگایەوە سەیر بكرێ، ئەگەرچی سوپای پاسداران بۆ ڕەواییدان بۆ ھێرشەكەی دەیهەوێ وێنایەكی دیكە لە پیلانە ڕاستەقینەكەیان بكەن. ئەوەی ڕوونە حیزبی دیموكراتی كوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا توانی سەرەتا خەڵك و چالاكان لە بێ تەفاوەت بوون دەربهێنێت، خۆیان بكاتە خاوەن پرسی خۆیان، لە جۆری ھەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ڕووداوەكان و چالاكییەكان سەرپشكیان بكا، لەقۆناغی دووەمیشدا گوتاری حیزبی دیموكراتی كوردستان ئەدەبیاتی چالاكانی سیاسی و مەدەنی ڕادیكال كرد، ئەدەبیاتی ڕادیكاڵی نێوخۆیی لە قسەكردن كردارێكی شۆرشگێرییە. لە دە ساڵی ڕابردوودا ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ زیادكردنی مەودای نێوان خەڵك و حیزبی دیموكرات كردی، ئەنجامی پێچەوانەی ھەبوو، ھەر ئەوەش وایكرد كە خەڵك لە ھەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكاندا ڕاھێنانی دیموكراسی بكەن و ھەوڵ بۆ دەرچوونی كوردپەروەرەكان بكەن، لە ھەڵبژاردنی مەجلیسدا گوتارێكی ڕاشكاو و دیاریكراوی بەتایبەت بەرامبەر ورمێ ھەبوو، ھەموو كاتێكیش بە تووندی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری بایكۆت كردووە. كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر باش لەوە تێگەیشتووە كە حیزبی دیموكراتی كوردستان خەریكە ئەسبی خۆی لە شەقامەكانی ڕۆژھەڵات و لە چالاكییە مەدەنی و بگرە سیاسییەكاندا تاو دەدا. حدك و سەركردایەتییەكەی بەڕادەیەك لە سیاسەت و ئەنجامی سیاسەتەكەیان دڵنیابوون كە زیاتر لە سێ ساڵە حدك لە ئاستی سكرتێرەكەیدا داوای ڕیفراندۆم بۆ ئێستا و داھاتووی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكا. ھەربۆیە گوتاری حیزبی دیموكراتی كوردستان بۆ ئێستای ئێران مەترسیدارترین چەكە، زۆر باش دەزانێ كە ئەو گوتارە دەتوانێ لە كەمترین كاتدا ئەو دیفاكتۆ زەینییەی ئێستا دروستی كردووە بكاتە ئەمری واقیع، ئێستا گوتاری حدك لە ئیلامەوە بگرە ھەتا سەردەشت توانیویەتی كوردستانێكی سەربەخۆ لە مێشكی تاكی كورددا دروست بكا، ئەوەش ئیتر نە بە مووشەك بارانكردن و نە بە ھیچ پیلانێكی دیكە لەنێو دەچێ.